ڕایبگەیەنن کە ڕاگەیاندن ڕەوشتە!

رەنگین عبدالصمد
19:50 - 2025-05-22


بڵێی بەم ڕستەیە ئاکارو بەدئاکار بێتە ئاگا ؟

ڕاگەیاندن، پەیامە، ئاکارە، هۆشیارییە، ڕاستیی و هەوێنی گەیاندنی زانیارییە بە ئەمانەتەوە
بەرگێکەو میدیاکار ڕەنگ پۆش دەکات 
سەکۆیەکە بۆ ئازادی و، ترسنۆکیی و مشەخۆریی و لایەنگریی و لابەلایی دیل و زەلیل دەکات

کێن؟ ڕاگەیاندکاری بەئامانج و بێ ئامانج؟ 
ڕاگەیاندکاری بەئامانج، پیشەو پایەو پلان و بیرۆکەو داهێنان و جێبەجێکردنیانی مەبەستە 
کەسایەتی و دڵسۆزی و کەرامەت و مەبدەئییەتی لا پیرۆزە 
موقەدەسیی لا بەردەستە
گوێ کەڕ ناکات لە ئاست تاڵیی، چاو کز ناکات لە بینینی هەقیقەت و باسکردنی بە ناحاڵیی
هیچکات، بۆ دەستکەوتی چەورو پارەو پاروو، هۆش و کاسەی ناکات نەویی 
سەری بەرزی پڕ ئاکاری، خوار ناکات بە لاریی
بەڵام میدیاکاری بێ ئامانج، لای گرنگە ناو و ناوبانگ،  پۆست و پارە، بەرامبەر کۆمەڵگا بێئاگایەو ناهۆشیارە 
خۆدەرخەرە،  بەرتیلخۆرە، دیلی نەزانی و ژێردەستییە
کاسەلێسە، خۆفرۆشە
ڕاگەیاندن ئێستا باوو بەربڵاوەو ڕاگەیاندنکارانیش زۆرو بۆرن، فەوزایەکی میدیایی مەترسیدار ڕووبەڕوومان بووەتەوە، پێویستەو زەروورەتێکی حەتمییە کە ئەم لێشاوو بەربڵاوییە لەلایەن باڵادەستان و ڕۆشنبیران و میدیاکاران و ئەو تاکانەی خەمخۆرو هۆشیارن بەرپێبگیرێن، دەنا لەڕووی سەنگ و بەهاو ئاکاری میدیاییەوە دەکەوینە ژێر نیشانەی پرسیارەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟ و ئەوکات بۆ ئەم دەردە پڕ ئازارە، هیچ دەرمانێک ناکات ساڕێژو چارە

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP