پەنجا ساڵ شكۆمەندی

لەتیف نێروەیی
11:59 - 2025-05-25

(50) ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی نسكۆی شۆڕشی ئەیلولەوە رۆژێكی رەشی پڕ لە بێ ئومێدی و تۆقاندن باڵی بەسەر تێكڕای شار و شارۆچكە و گوند و كوێستان و گەرمیان و پێدەشتەكانی كوردستاندا كێشابوو. كوردستانی زامدار، هاوار و ناڵینەكانی نەدەگەیشتە هیچ كوچە و قوڵاچێكی ئەم جیهانە پان و بەرینە، دۆسیە و دۆز و مەزڵومیەتی گەلی كوردستان لەژێر تەپوتۆزی ئەرشیفی نێودەوڵەتیدا خنكێنرابوو، ئا لەو دۆخەدا، لە دووری دوورەوە، لە مەملەكەتی شامەوە، دەنگێكی بەرزی پڕ لە هیوا و ئیرادە، مزگێنی و پەیامی لەدایكبوونی هێزێكی نوێ، رێبازێكی نوێی بە گوێی گەلی كوردستان و هەموو جیهاندا چرپاند، ئەو هێز و رێبازە لەدایكبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، دوای تێپەڕبوونی تەنها یەك ساڵ، مەشخەڵی شۆڕشێكی نوێ بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ مام جەلال لەسەر لووتكەی شاخە بەرزەكانی كوردستان داگیرساند. هەر زوو ئەم شۆڕش و رێبازە نوێیە تایبەتمەندیی خۆی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە و ئەرێنی خستە بەرچاوی رای گشتیی كوردستانی و جیهانی، هۆكاری ئەو تایبەتمەندییە ئەرێنییە دەگەڕێتەوە بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی هاوسەنگ لە خەباتی (چەكداری، سیاسی و دیپلۆماسی، راگەیاندن، رێكخراوەیی و... هتد) هەروەها پەیڕەوكردنی سیاسەتی پشتبەخۆ و بە جەماوەری كوردستان بەستن. ئەم هاوسەنگی و تایبەتمەندییە وایكرد كە سەرەڕای جۆرەها ئاڵنگاری و بەربەستی ناوخۆیی و دەرەكی، هەندێجار كەوتووەتە داوی پیلانی هەمەجۆری مەترسیدار، كەچی هەر زوو هەستاوەتەوە و بەپێی پلانێكی نوێ و گونجاو بۆ ئەو هەلومەرجە ئەسپی خۆی سەرلەنوێ‌ لە گۆڕەپانی خەباتەكەدا تاوداوە و لە هیچ هەلومەرجێكدا كۆڵینەداوە و خاك و خەڵكی كوردستانی بەجێنەهێشتووە و بۆ هەموو قۆناغ و سەردەمێك، پلان و شێوازێكی نوێی خەباتی هەڵبژاردووە و هەمیشەش بڕوای تەواوی بە یەكڕیزیی گەلی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەبووە و بروسكەكانی سەرۆك تاڵەبانی لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتی و پاشان لە ساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكان و هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی بەرەی كوردستانی، تا دەگاتە قۆناغی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و روخانی رژێم و پرسی دەستوور و پێكهێنانی عیراقێكی نوێ، بەڵگەی ئەو راستییەن و یەكێتی هەمیشە دەستپێشخەربووە. ئەمڕۆش بەهەمان ئیرادە و هێزەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، درێژە بە خەباتێكی شكۆمەندانە دەدات و دەخوازێت بەرەو ئایندەیەكی گەشدارتر هەنگاو بنێت و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا و پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەری خزمەتگوزار و بەدیهێنانی پرۆسەی ئاشتی لە هەموو پارچەكانی كوردستان و تا رادەیەكی باش لەو بوارانەدا شوێندەستی یەكێتی بەتایبەتی رۆڵی سەرۆكی یەكێتی، دیارە و هەڤاڵانی یەكێتی بەوە خۆشحاڵن كە یادی یۆبێلی زێڕین لە سایەی یەك سەرۆك، یەك ئیرادە، یەك سیاسەت، یەك پەیام، پیرۆز دەكەن و یەكێتی دەتوانێ بەرەو ئایندەیەكی زوڵاڵ بەردەوامبێت لەسەر كاروانی خەباتی خۆی و ئەو ئامانجە پیرۆزەش ئەمانەتێكی (مام)ە و لە ئەستۆی هەموو هەڤاڵانی یەكێتییە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP