شیوەننامەیەک بۆ (محسن)ی پشت و پەنا

عيماد ئه‌حمه‌د
17:32 - 2021-12-08

شیوەننامەیەک بۆ
(محسن)ی پشت و پەنا

عیماد ئەحمەد

کۆتایی پایزە و لە گەڵ هەڵوەرینی گەڵای درەختەکان, گەڵای روحی پاکی تۆش وەری و بەدەم سەمفۆنیای هێمنی و سەنگینی ئەو ژیانەی مەردانەو سەربەرزانە گوزەراندت  بە ئارامی گەیشتە دوامەنزڵ، بەڵام چ هەڵوەرین و خەزانێک؟ ھی وا کە  هەموو رەونەقی ئەم ژیانەشی بردو ئێمەی خستە دۆزەخی بێ تۆییەوە.

دەزانی تۆ بەم کۆچە ئەبەدییە ئۆقرەو سەبوری منیشت برد؟ منت سپاردە دەستی قەدەرێکی نادیار. ئای لە ئاست ئەم كۆچە چاوەڕواننەكراوەت چۆن وەكو دەریاوانێك لە كاتی هەڵكردنی باوبۆراندا سەوڵەكەی بشكێت  و هیچی پێ نەكرێت. 
ھەر خۆم دەزانم ،  چەند پەشێو و دڵسوتاوم ؟ بەڵام ئاخ ! چی بکەم کە باڵای قەڵەمەكەم ناگاتە سنوری قەڵەمڕەوی خەیاڵی مەولەوی لە عیرفا و ناگاتە ئاستی ئەندێشەو فەنتازیای سۆزی گۆران بۆ ئەوەی وەکو ئەوان شیوەننامەیەکت بۆ بنوسم !.
من ئەزانم تۆ لەگۆڕەکەتدا ئارامی، چونکە دڵنیام لەم دنیایەدا ، هەمیشە خاچی خەم و پەژارەی گەلەکەت لە سەر شان بوو .  لەم جیهانە پشكی تۆ هەر تێكۆشان و داكۆكی كردن بوو لە خەڵک و نیشتمان. بۆیە دڵنیام ئێستا  ناوی تۆ  لە سەر تابلۆی رەنگینی نەمران لە هۆبەی سەروەری بە روونی تۆمار كراوە. بەڵام بەڕاستی سوێی سووتێنەری مەرگی تۆ  ، منی لە بیابانی ئەم ژیانەدا بە گەردەلوولی  خەمێکی نەبڕاوە سپارد .
 خاڵ .. زۆر کارەسات و ناخۆشیم بینی، مەرگی ئازیزان، تامی تاڵی و دۆزەخی ڕۆژگار، سەردەمی كوێرەوەری ، سەرەنگرێ بوون، بەڵام ئازاری هیچیان وەکو ئەم كۆچە ناخهەژێنە ، كاری تێنەكردم، داخی بە دڵمەوە نەنا، هەست و نەستمی نەهاڕی  ... ئاخر تۆ تەنیا مامۆستا محسن نەبوویت، تۆ رووبارێکی سۆز و میهرەبانی بویت، تۆ بۆ من سەرکەشتر بوویت لە کێوەکان،  بەرینتربویت لە پێدەشت و  پڕشنگدارتر بوی لە تیشكی خۆرەتاو، خۆشەویستتر بوویت لەخۆشەویستی، گەورەتر بوویت لەگەورەیی!
خاڵۆ محسن: ئەی بەرینترین ئاسمانی ئەوین و ئەی نەبڕاوەترین تەماشای ھەمیشەیی ناو دیدەم، ئێستا پێم بڵێ : چۆن بەرگەی بێ تۆیی  بگرم،؟ چۆن مەزەندەی دنیایەک بکەم کە خاڵیە لە بزەو خەندە خەماویەکەت، خاڵییە لەو رێکردنە ئارام و لەسەرخۆیەت، لەو میهرەبانی و لێوەشاوەیەت ؟ ئاخر بەڕاست خۆ تۆ بۆ من تەنیا خاڵ نەبویت، بەڵکو هاوڕێ و باوک و کۆڵەکە و پشتو پەنا بویت . دەزانی تۆ بۆنی ئازاد هەورامیت لێ ئەهات، ئازادیش بۆن و بەرامەی ئارامی هەڵگرتبوو، ئارامیش عەتری کوردستان . تۆ لەیەک کاتدا هەم ئەڵوەن ، هەم بەمۆ  و هەم کۆپری گەورەی خانەقین بوویت، تۆ ئەستێرەی گەشاوەی خانەوادەکەت، چرای چراخانی هاوڕێیان و ڕەونەقی کۆڕی دۆستان بویت، تۆ مامۆستا محسنی بێنازی ناو یەکێتی و خەمھەڵگرەکەی نیشتمان بویت.
 من کە بیر لە تۆ ئەکەمەوە، کاتێ خەیاڵم پەڕەی ژیان و رابردوت هەڵئەداتەوە، خەریکە لەبری خەم، شانازی دامئەگرێ، تۆیەک کە بەر لەدایک بوونت باوکت دنیای جێهێشتبوو، یەکەم چاوکردنەوەت لەم جیهانەدا بەسەر دەردەسەری و نەهامەتیدا بوو، بەڵام وێڕای ئەوەش ، لە نائومێدی و هەژاری و کوێرەوەری ڕۆژگاردا نانی هیوا و ئۆمێدت دروست کرد، تۆ رۆژێک رێگەت نەدا نەک هەر بەرامبەر غەدری ژیانی خۆت و خێزانەکەت، بگرە میللەتەکەشت دەستەپاچە بیت، هەر بۆیەش تۆ لەشەستەکانەوە لە رێ کاکتەوە سەعدوللە تەتەری رێکخستنەکانی پارتی بویت لە خانەقین و ساڵی ١٩٧١ چوویتە ریزی کۆمەڵەو بویتە بناغەو کۆڵەکەی کوردایەتییەکی هاوچەرخی خانەقین و هەموو نیشتمان و بویت بە ئەندامی چالاکی هەرێمی پێشرەو، دواتریش لەساڵی ١٩٧٩ چەکی پێشمەرگایەتیت کردە شان و توانیت لەگەڵ هاوڕێکانت چیرۆکی شۆڕش و کوردایەتی بە راپەڕین و رزگارکردنی کوردستان گرێبدەیتەوە، بەڕاستی گەر ناوێک هەبێ شایستەبێت بە بەژن و باڵای جوامێری تۆ، ئەوە ئەبێ بە سیمبوڵی کوردایەتی ناودێر بکرێیت.
چۆن دەستت پێکرد ئاواش سەرت نایەوە، تا دواساتی ژیانت تۆ هەر مامۆستا محسنە پاک و بێگەردەکەی ساڵی ساڵان بوویت، مێرخاسەکەی شۆڕش و  پیاوە بێگەردەکەی دوای راپەڕینش بوویت، تۆ وا دروست بووبوویت کە بەر لەخۆت خەمی ئەوانی ترت بێ، بۆیە هەمیشە تۆ بۆ من کێوێک بویت، تۆ شێخ و منیش دەروێشت، دەی کە تۆ لێرە نیت ئیتر روو لەکامە تەکیەو خانەقا بکەم؟ کامە کۆڕی زیکری دۆستان و کامە کونجی وەفاو پاکیت بۆ بگەڕێم، بەرۆکی کامە ئەستێرەو کەشکەڵانی کام فەلەک بگرم؟ دادم ببەمە بەر عەرشی چ خەم و ناسۆرێکی نەبڕاوە، ئەی مەزنترین خاڵ ، ئەی عەگیدترین سواری نەگلاوی سەر پشتی ئەسپی  تێکۆشان.
من دڵنیام رۆحی پاکت کاتێ هەڵوەری خزایە ناو دڵ و دەروونی من، بینیم و تەواو هەستم پێکرد لەبری ئەوەی لەگەڵ جەستەی شەکەتت بخرێتە گۆڕەوە روحت تک تک ڕژایە ناخی منەوە، لەگەڵ نمە نمەی ئەو بارانەی گڵی سەر گۆڕەکەتی تەڕ ئەکرد، تۆشی زیاتر دائەچۆڕاندە ناخی منەوە بۆیە تامن مابم بەرجەستەی تۆم، ئەی مامۆستا محسنی خاڵ و هاوڕێ و باوک و پشتوپەنا، ئەی سۆفیەکەی یەکێتی و باوەر پێکراو و خۆشەویستی مام جەلال و ئەی شۆڕەسوارەکەی کوردایەتی.
 لەکۆتایدا، لەم کۆست و کۆچە پڕ سوێیەدا، لەم ژان و زام و دابڕانە ئەزەلیەدا، لەم پایزە وەریوەی من و تۆدا ئەڵێم : ماڵئاوا خالۆ فرە بەهرەکەم
ماڵئاوا مامۆستا (محسن )ی کوردستان و یەکێتی و  خانەقینەکەم...

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP