ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکان

کاروان عوسمان شوانی
12:09 - 2022-06-11

ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکان
کاروان عوسمان شوانی


دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق دەرفەتێکی زێرین بوو کە تیایدا کەیسی ئەنفالی لە خۆ گرت.
ئەو دادگایە بە یاسایەک لە کۆمەڵەی نیشتیمانی عێراقەوە لە ساڵی 2005 پێکهێنرا.
لە یاسای پێکهێنانی دادگاکەدا هاتووە: هەموو ئەوانەی تاوانیان بەرامبەر کراوە لە نێوان 7 ی تەمووزی 1968 تا 1 ئایاری 2003 دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن.
ئەنفالی گەلی کوردیش بە کەیسێک برایە بەردەم دادگاکە، لە کۆی 60 دانیشتندا و لە 24 حوزەیرانی 2007 دادگای باڵای تاوانەکان ئەنفالکردنی گەلی کوردی بە جینۆساید ناساند.
جینۆساید وشەیەکی گریکییە، جینۆ: واتای بنەچە، یا ڕەگەز دێت، ساید: واتای لەناو بردن و قڕکردن دێت، هەردوو وشەکەش واتا: لەناوبردن و قڕکردنی ڕەگەزیی دێت.
جینۆساید چوار جۆری هەیە، هەموو جۆرەکانی لە کوردستاندا بە زیادەوە ئەنجام دراوە.
یەکەم- جینۆسایدی جەستەیی:کوشتن و لە ناوبردنی مرۆڤ دەگرێتەوە بەهەر شێوەیەک بێت.
دووەم- جینۆسایدی بایۆلۆژی: ڕێگریکردنە لە زۆربوون و زاوزێکردنی ئەندامانی کۆمەڵەیەک.
سێیەم- جینۆسایدی کلتوری: شێواندن و لەناوبردنی کلتور و فەرهەنگی کۆمەڵە مرۆڤێکە.
چوارەم- جینۆسایدی ئابووری: برسیکردن و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری ئەو کۆمەڵە مرۆڤەیە.

دوای تەواوبوونی دادگاییکردن پێنج کەس سزادران و یەکێکیش لە کەیسی ئەنفالدا بێ تاوان دەرچوو کە «تاهیر تۆفیق العانی» بوو، هەر یەک لە « عەلی حەسەن ئەلمەجید و سوڵتان هاشم و حوسێن ڕەشید» بڕیاری له سێدارەدانیان بۆ دەرکرا « فەرحان ئەلجبوری و سابیر ئەلدوری» بە زیندانی هەمیشەیی سزادران.
لە سزادانی ئەو کەسانە گرنگتر بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی کەیسەکە بوو، چونکە بە بڕیاری دادگا سەلمێنرا کە حکومەتی بەعس جینۆسایدی ئەنجامداوە دژ بە گەلی کورد، حکومەتی عێراقیش وەک میراتگر ئەرکی یاسایی دەکەوێتە سەر لە ڕووی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و پاشان پاراستنی گەلی کورد لە چوارچێوەی بڕیار و مافە نێودەوڵەتییەکاندا.
قەرەبووکرنەوەش بە دوو شێواز دەکرێت:
أ ــ قەرەبووکردنەوەی تاکە کەسیی: هەموو زیانلێکەوتووان و کەسوکاری ئەنفالکراوان هەموو ئەو مافە یاسایی و مرۆییە جۆربەجۆرەکان، مافە سیاسی و ئابووریەکان دەگرێتەوە، بەشێوەی مادی و مەعنەوی، لەڕووی چارەسەری تەندروستی و دەرونی، یا هەموو ئەو زیانە مادییانەی لێیان کەوتووە لە زەویی و ئاو و خانووبەرە و مەڕ و ماڵات و هەموو هۆیەکانی تری ژیان.
ب ــ  قەرەبووکردنەوەی گشتی: تەواوی هاونیشتیمانیانی کوردستان سودمەند دەبن لەم جۆرە قەرەبووکردنەوەیە،
گرنگترینیان ئەمانەن.
1ــ حکومەتی عێراق داوای لێبوردن لە کورد بکات.
2 ــ گرێنتی دووبارە نەبوونەوەی جینۆساید بدات بە کورد.
3ــ هەڵوەشاندنەوەی هەر بڕیار و یاسایەکی دەوڵەت کە ڕێگەخۆشکەرن بۆ جینۆسایدکردن.
4ــ تەواوی قەرەبووکردنەوە» تاکەکەسی و گشتی» بە یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەربچێت .
5ــ سەرجەم مافە مەدەنی و مرۆیی و سیاسی و ئابوریی و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ کورد فەراهەم بکرێت.
ماوەتەوە بڵێین: هەر ئەو ڕۆژەی کە ئەنفال بە جینۆساید ناسێنرا، ناوی 423 تۆمەتباری تری دۆسیەی ئەنفال بڵاوکرایەوە، بەشێک لەو تۆمەتبارانە جاشە کوردەکانن، دادگا ڕایگەیاند: دەبێت ئەو تۆمەتبارانە بهێنرێنە بەردەم دادگا و دادگایی بکرێن.
هەر بەپێی مادەی دەیەمی ڕێکەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید، تاوانبارانی جەنگ دەبێت دادگایی بکرێن، هەرچەند کاتیش بەسەری دا تێپەڕی بێت، با کەسەکانیش لە ژیاندا نەمابن.
بۆیە لە ڕوانگەی ئەم دەقە یاساییە نێودەوڵەتییەوە هەرچی زووە و پێویستە جاش و مستەشارەکان بهێنرێنە بەردەم دادگا، حکومەتی هەرێمیش چیتر کەمتەرخەمی نەنوێنێت، چونکە ناوی 258 کەس لەو داواکراوانەی دادگای باڵای تاوانەکان کوردن یان لە کوردستان نیشتەجێن، دادگای باڵا لە 11 ی ئابی 2008 جارێکی دیکە داوای لە حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ کردووە ئەو داواکراوانە بگیرێن و بهێنرێنە بەردەم دادگا.

ــــــــــــــــــ
بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە
أ ـ جینۆسایدی گەلی کورد لەبەر ڕۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا ـ د. مارف عومەر گوڵ
ب ـ لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە ـ دۆسیەی ئەنفال. تەها سلێمان

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP