یادی شەھیدانی 28ی خوێنینی تەمموزی 2008

ستران عەبدولڵا
20:17 - 2022-07-28

یادی شەھیدانی 28ی خوێنینی تەمموزی 2008
لەو رۆژەوە ئاوێكی زۆر رژاوە

لە ئەدەبیاتی سیاسی دا پێی دەڵێن: لەو رۆژەوە ئاوێكی زۆر رژاوە، بە مانای ئەوەی بەسەرهات زۆر هاتن ‌و رۆیشتن ‌و مرۆڤ دووجار لە یەك ئاو خۆی ناشواتەوە، ئەگەرچی لە رووكەشدا وا دەردەكەوێت. جا لە وێستگەی مەسەلەی كەركوكدا نەك هەر ئاو بەڵكو خوێن ‌و رەنجێكی زۆر دراوە، ئەگەرچی ئێستا زەمەنێكە نەیارانی كورد گەرەكیانە ئاو بخەنە ژێر كورد لە كەركوك ‌و بەناونیشانی جیاجیاوە دۆسێ كوردستانییەكەی تەڕ بكەن ‌و لۆچی بنوێنن تا دواجار بیدڕێنن. ئاوێكی زۆر رژاوە ‌و خوێنێكی زۆریش، بەڵام دیسانەوە چارەسەر هەر ئەوەیە كە مامی گەورە ناوی نابوو "نەشتەرگەری مێشك".
 بە دەمارێكی سارد ‌و غیرەتێكی بەتین و گەرمەوە، وەك گەرمای تەمموز، ئەم نەشتەرگەرییە تەگبیر ‌و وردبینی دەوێت. دكتۆری زۆر هاتن ‌و چوون، هەبوو دەستی دەرزی قورس بوون كە ئازاری پێ گەیاند و هەشبوون دەستیان سووك بوو، بەڵام نووكی دەرزییەكەیان لە ئێسكی كەركوك بەجێهێشت ‌و ئازاریان خستە سەر ئازاری لە مێژینەی پایتەختی شارەزوور. 
هیچ شتێك زیانی بەم تەنە پیرۆزەی كوردستان نەگەیاند بەقەدەر پەڕگیری نەتەوەیی ‌و موزایەدەی بێ تامی سیاسی ‌و گۆشەگیری ناسیونالیستی بەرچاو تەنگ نەبێ. ئاخر زەمەن هەبووە گوتاری دەمارگیری لە كەركوكێكی وا فرە نەتەوەو فرە كەلتوردا هێندە توند ‌و قەرباڵەغ ‌و تۆخ بووە كە تەحەمول نەدەكرا، تەنانەت لەناو چیا گەمارۆدراوەكانی قوڵایی كوردستانیش كە جگە لە كورد ‌و بگرە جگە لە جل ‌و پۆشاكی كوردی تەیرێكی نەتەوەی تری پیا نەرۆیشتووە. ئیتر چۆن كەركوكی تەنیشت حەمرین ‌و دەڤەری رووبەرووبوونەوە لەگەڵ عەرەب ‌و عەجەم، شیعە ‌و سوننە، تەحەمولی دەكات؟ 
لەناو دیمەنی بە ئازاری یەكلانەبوونەوەی چارەنووسی دیموكراسی ‌و یاساییدا شاری ململانێ، كەركوك، پێكوتەی بوو. لەولاوە باری گرانی دەیان ساڵی تەعریب ‌و تەرحیل ‌و تەبعیس ‌و لەو چەند ساڵەی دوای پرۆسەی ئازادیش لە نیسانی 2003 ەوە، شار سەرەتاتكێی بوو تا دیموكراسی لۆكاڵی لە عیراقی لامەركەزی زەمەنی بریمەر ‌و زەمەنی دەستوری دواتر، تاقیبكاتەوە. 
لە دەورانی دیموكراسیی بەجۆش ‌و خرۆشدا چۆن لە قاڵب دەدرا ‌و رەسم ‌و دەور دەكرا ئاكامەكە هەروا بوو كە لەگەڵ راستییە مێژوویی ‌و دیموگرافی ‌و دیموكراتییەكاندا یەكی دەگرتەوە: كەركوك كوردستانە. گەلەكۆمەی شەرق ‌و غەربی لێ دەكرا، كەچی كەركوك هەر (ئیدارەیەكی) بەرهەم دەهێنا لەگەڵ ئیرادەی كوردستانیدا جووت دەبۆوە. تا رۆژەكەی زۆرینە لە بەغدا كە لە شوێنی خۆی مافی سابیئە لە بەسرە ‌و مافی ئێزدی لە شەنگال ‌و مافی مەزهەبی لە ناوچەكانی یەكتری، هی شیعە لە ناوچەی زۆرینەی سوننە ‌و هی سوننەش لە ناوچەی زۆرینەی شیعە، پێشێلدەكرد، ئا ئەو زۆرینەیە بە بیانووی پاراستنی مافی پێكهاتەكانەوە فرمێكسی تیمساحی ڕشت ‌و بە ناوی زۆری زۆردارەوە پیلانی لە دیموكراسی گێڕا ‌و دژی زۆرینەی كورد لە كەركوك وەستایەوە كە زۆرینەیەكی نەرم ‌و نیان بوو، چونكە لە مێژە ئازاری زۆری بینیبوو ‌و ئامادەی لێكگەیشتن ‌و ئاڵۆگۆری بیروڕا ‌و بەش ‌و دەور بوو.
 نەیارانی كورد لە كەركوك بە ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی تر دەیانزانی ئیرادەی دیموكراسی هەر لە قازانجی ڕاستی مێژوویی كەركوكە. بۆیەش لە تاقیكردنەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی ساڵی 2005 وە، نەیانهێشت ئەنجومەنی پارێزگا تازە بكرێتەوە‌و دیموكراسی رێوشوێنی باشتر بۆ تێكەڵی ‌و فرەیی گروپەكانی كەركوك دابین بكات. ئەمانە رێژەی وەك یەكیان كردە بەردەكەی سیزیف تا نەهێڵن دەریچە بۆ ئاڵۆگۆری ئەنجومەنی پارێزگا بدۆزرێتەوە. چونكە دەیانزانی قاڵب چۆنی بتوێنیتەوە (ئیرادە ‌و ئیدارە) وەك یەك دەكاتەوە.
 كارێكیان كرد چۆن بێیت ‌و برۆی دیواربەندی بێ ئاسۆیی لەبەردەم پرۆسەكە قیت دەبێتەوە. ئەم ژینگە پیسە سیاسییە بوو كە گەمارۆی خستە سەر چارەسەری دیموكراسیی سەرەنجام خیتابی گۆشەگیری نەتەوەیی بەسەر خیتابی كرانەوە ‌و دیموكراسی ‌و كوردستانێتیدا زاڵكرد. لەجێی ئەوەی رێگە بۆ (نەشتەرگەری مێشك) لە كەركوك بكاتەوە، مێشكی كەركوك ‌و كوردستانی برد ‌و لادانی سیاسی ‌و پەڕگیری رووكەش ‌و درۆزنانەی كردە دیمەنی زاڵ  لە دراماكەی كەركوكدا. لەجێی سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی مام، گوڵی پێكەوەیی ژاكاند ‌و لەجێی نەخشەرێی دەستوری ماددەی 140 گەڕایەوە سەر دابوو دەستوری چەواشەكاری، گوایە ئیتر داعش بۆتە دراوسێمان ‌و چارەنووسی كەركوكی بە لای كوردستاندا یەكلا كردەوە.كارێكی كرد جەمسەرگیری بەرامبەر یەك هەبێ،  ئۆپەراسیۆنی دیجلە ‌و ئۆپەراسیۆنی موزایەدەی نەتەوەیی هێنایە كایەوە ‌و باقی چیرۆكەكە لای هەمووان ئاشكرایە. سەرەنجام نە وەرهێنانمان كرد لە نەبەردی تێكشكاندنی داعش ‌و نە سیاسەتی كەڵەكەكردنی دەسكەوتی شێنەییمان درێژە پێدا.
ئاخر چۆن شارێك نەشتەرگەری مێشكی پێویستە دەدرێتە دەست دەرمانخانەی لا كۆڵان ‌و دوكانی موزەمیدی قاچاخ. ئاڵای كوردستان لە حەمرین هەڵكرابوو كەچی دەگۆڕدرێتەوە بە ئاڵای موزایەدە.
لەو رۆژەوە ئاوێكی زۆر رژاوە. تا خوێن ‌و فرمێسك ‌و ئارەقی بەتین نەبێ بە ئاو. ئێستاش هەر خەباتە مەدەنییەكەی 28ی تەمموز سەروەرە ‌و ئەو خوێنەی كە رژا خوێنی شەهیدی كەركوكە كە لە ئەستۆی شۆڤێنیی ‌و تایفەگەرانە. ئێستاش هەر ((نەشتەرگەری مێشك)) چارەسەرە‌و یەكێتی دەبێت دەربەستی خەباتێكی مەدەنی ‌و نەرم ‌و نیان بێت لە كەركوك. تا باری لار ڕاست دەكرێتەوە.
ستران عەبدوڵا
تەمووزی ساڵی دووھەزار و بیست

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP