هەنگاوێكی مەزنی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی

حەسەن بێگەڵاسی
09:47 - 2022-08-20

ڕۆژ  لە دوای ڕۆژ بڕیارو هەنگاوی  عەقڵانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی دەبینین بەئاراستەی خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵگەی كوردی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بریارەكانی واخەریكە ناوەندی بڕیاردان لەناو یەكێتی بەهیزتر دەكەن.     
  لەئێستادا ئەو بڕیارەی سەرۆك بافڵ دڵی هەموانی خۆشكرد، سەرەتا بووە هۆی دڵخۆشكردنی كادرو جەماوەرو لایەنگرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەڤەری سلێمانی بەشێوەیەكی گشتی، لەسەر ئاستی هێزو لایەنە سیاسیەكانیش بەئیسلامی و عەلمانیەوە وەك دەبینین بەهەنگاوێكی مەزن سەیر دەكرێ بەجۆرێك كەلەلایەن سەركردەیەكی مەزن و جێگەی ئومێدەوە درابێ. 
بڕیارەكانی سەرۆك بافڵ سەرجەمیان دەچنە خانەی بەرگریكردن لەپاراستنی دەستكەوتەكان و پاراستنی شوناسی یەكەبەیەكەی تاك و هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان، هەمدیسان ئەو بڕیارەی سەرۆك بافڵ سەرباری پاراستنی دەسكەوتەكان هەنگاوێكن بۆ سەروەری یاسا و بەرجەستەكردنی مافی خەڵك و بەرفراوانتركردنی ئازادیە گشتیەكان رێگری كردنە لەبەهەدەردانی موڵك و سامانی گشتی لەكۆمەڵگەی كوردیدا.  
لەسایەی بریارەكانی سەرۆك بافڵ، لەمەودوا هیچ كەسێك لەهەر پلەو پۆستێك دابێت لەپێناو بەرژەوەندیە خودیەكانی  ناتوانێ دەست بۆ داگیركردن وكردەی تەخشان و پەخشانكردنی سامانی هاونیشتیمانیان ببات ،ئەمەش بەلای هەموان بڕیارێكی تاسەر ئێسقان عەقڵانی و تەندروستە.  

بڕیارێكی تەندروست لەكات و ساتێكی گونجاودا، بڕیارێك دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو  لەناو شەقام و لای ڕای گشتی كۆمەڵانی خەڵك، ئەوەی ماوە بۆ لەمەودوا كردەی پاداشت و سزایە لەئەرزی واقیعدا، چ لەناو ئۆرگانەكانی حزب، چ لەناو سەرجەم هەڤاڵ و ئەندامان كەبەرپرسیاریەتییان هەیە لەناو دامەزراوە حكومیەكان .  

چونكە پەیرەوكردنی پاداشت و سزا ئەركی سەرشانی هەموولایەكمانە و لەكۆتایدا بەرپرسیاریەتی قوڕستر دەكات، هەمدیسان هانمان دەدات هەمیشە لەپێشبڕكێ دابین لەگەڵ یەكتر بۆ زیاتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و بەتایبەت یەكێتیەكان و ڕێبازی مام.   

هەردوو چەمكی لێپرسینەوەو بەدواداچوون بۆ كارو  هەنگاوەكان لەناو  یەكێتی نیشتمانی كوردستان هۆكارن بۆ ئەوەی ڕۆژ  لە دوای ڕۆژ  جوڵەی زیاترو  گۆڕانكاری بەهێزترو پێشكەوتنی نوێتر و دۆست و لایەنگری زیاتر بۆ یەكێتی بەرهەم بهێنن و پێگەی جەماوەری ئەم حزبە لەكوردستان بەهێزتر بكەن. 
بڕیارەكانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی ئومێد بەتاك و كۆمەڵگە دەبەخشن و ئەم بڕیارە  تۆماركردنی مێژویەكی پڕشنگداره بۆسەرۆك بافڵ و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هاوشێوەی سەرۆكە كاریزماكانی مێژوی مرۆڤایەتی.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP