بەیانیت باش مام جەلال

ستران عەبدولڵا
15:45 - 2022-10-02

بەیانیت باش مام جەلال
ستران عەبدوڵلا
وەك ئەوە وابێ ھەر ئێستا کۆبوونەوەت لێلمانا ھەبێ ئەڵێم ھا ئێستا نا تۆزێکی تر ئازادی وێنەگر دێتە ژوورەو کامێراکەی زووم کردووە ئاماژە بەوەی گەیشتیتە لامان.
ئینجا دەپرسی : حەز ئەکەن باسی چیتان بۆ بکەم؟
...
زۆرباشە ئەی ئێوە پاداشتی نووسین دەدەن؟
وەك مامی خۆتان من یەکەم جار لە بەشی عەرەبی رادێۆی مۆسکۆ بەھۆی برادەرێکی عەرەبەوە وتارێکم بڵاوکردەوە ، سبەی بینیم لە سندوقی پۆستەکەم چەردەیەك رۆبڵیان بۆ ناردوم وتیان پاداشتی نووسینەکەتە .
ئەبێ پاداشتی روناکبیران بدەن.
ئێ قەینا رۆبڵ نییە ، بە دیناری عێراقی.
...
ئاگاتان لە پانایی بێت، وەکو جەواھیری پێی وتمەوە موبالەغە مەکەن کەروێشك بە عاربانەی بگرن....
جا نیوەرۆ میوانی مامی خۆتانن. ئەوەیان تیکەی راوچییە دەیدەمە خۆشەویستان. ئەوە چییە ؟ ھیچتان نەخوارد؟! بە خوا لەو دونیا یەخەتان دەگرم ، دەڵێم خوایە ئەو ھەموو خواردنەم بۆ دابوون بە کردن ، کەچی کەمیان خوارد.
-----
بەیانیت باش مامە
وەک بڵێی دوێنێیە کە دەتگوت مەدحی زیندووەکان مەکەن ، نەوەك سبەی لەرێ لادەن ! ئەگەر ھەر دایك مەدحی کچ بکات مەگەر خاڵی بێتە داوای!
لە جیاتی ئەوە مەدحی شەھیدەکان بکەن کە خوێنیان بەخشی ، مەدحی تێکۆشەرانی نەمر بکەن کە تەمەنیان بۆ کورد و کوردستان سەرفکرد.
ئێمەش بە خۆشی و شۆخییەوە دەمانگوت ئاخر خوا خۆی دەڵێ : اما بنعمة ربك فحدث....
---
بەیانیت باش مامە
وایە کە زۆر کەس دەڵێ لەسەر رێبازەکەتم و خۆی موسەیلەمەیەکی درۆزن و مودەعییەکی تەڵەکبازە .
بۆیە ھەر ئەوەندە دەڵێم:
رێبازەکەت ئاسان و ھەم گرانیشە:
ئاسانە چونکە ھەر خۆی ئەوەندە بەسە کورد بیت، کوردستانیی بیت و دیموکراتخواز بیت، گوێ بگری پێش ئەوەی قسە بکەیت. مانای وایە لەسەر رێبازەکەی جا ئەگەر لە قەفقاس یان لە ئەسکیمۆ ، لە گەڵەبجاری لای ئەرمەن و ئازەر ، یان پیازەجاڕی لای گەرمیان بژیت.
ھەر ئەوەندە بەسە قسەت خۆش و دەم بەخەندە و دڵ پر لەھیوا بیت لە رۆژھەڵاتی ستەم و بەد و ناجۆردا، ئیتر ھەوی.
گرانە ئەگەر خۆت سەغڵەت و خەڵك تەنگەتاو بکەیت، کەچی ئامادەش نەبیت لە پێناویاندا خۆت ڕاپسکێنی و خۆت بەخت بکەیت.
ئاخر مامە ئێوە لە دەورانی شێخ رەزای کەرکوکلی زادە ، بەوەسفی سەرچاوە عوسمانییەکان نە ژیان ، دەنا ئەو چوارینە زێرینەی بۆ زەھاوی نووسیبووی دەیکردە میدالی سەر سنگی مام :
ئەی مادەری گێتی تۆ هەتا ئێستە نەزاوی
زاتێکی وەکوو فەیزی ئەفەندییی زەهاوی
مومکین نییە ئیدراکی حەقائیق بە تەواوی
مومکین نییە ئیدراکی نەکا زیهنی زەهاوی
تشرینی یەکەم ساڵی ٢٠٢١

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP