نەوەی ئایپادو مۆبایل سەربازییان پێ دەكرێت؟

سەعد مەلا عەلی
14:08 - 2022-11-06


باس و خواسی سەربازیی زۆرەملێ هاتوەتەوە مەیدان و پەرلەمان دەیەوێت لەپاڵ حكومەتی نوێدا پەسەندی بكات، ئەو دەیەوێت سەرەتا بەر لەوەی یاسای بودجە پەسەند بكات، دەست بۆ ئازادی گەنجان بەرێت، بێ ئاگا لەوەی گەنجان و نەوەی ئایپاد و دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان، جیاوز لەوان بیردەكەنەوەو دەرگاكانیان لێدەگرن و هەلی كاریان دەوێت. 

حكومەت جارێ كێشەی بێكاری و گەندەڵی و ئاسایشی چارەسەر نەكردوە، كەچی پەل بۆ لقە بەرزەكان دەبات و هاواری زۆرەملێ لە گەنجان دەكات.

حكومەتێك نە دەتوانێت هەلی كار دروست بكات و نە وەڵامی بۆ تەوژمی كۆچی گەنجان هەیە، كەچی دەیەوێت بە موچەیەكی ٧٥٠ هەزار دیناری توڕەیی گەنجی بێكار خاوبكاتەوە... رەنگە لەهەندێك شارو شارۆچكەكانی عیراق بە تایبەتی باشورو ناوەڕاست، ئەم قسانە راستبن، ئەو موچەیە وادەكات گەنجان حەزی پێبكەن، بەڵام زۆربەیان مل بۆ ئەو فرمانە شۆڕناكەن، بەتایبەتی گەنجانی كورد كە زۆرێكیان لەسەردەمی رژێمی پێشوشدا ملیان بۆ دانەنواند.

زۆربەی وڵاتانی دنیا یاسای زۆرەملێی سەربازی جێبەجێدەكەن، هەر وڵاتێك و یاسای خۆی هەیە، زۆربەیان پەیوەندیان بە رێكخستنەوەی ژیانی گەنجان هەیە، بۆ خوێندن و كاروپیشەو گەشتی دەرەوەی وڵات و زۆر شتی تریش... حكومەت ژیان و گوزەرانی گەنج رێكدەخات، بەڵام لێرە، كەر لەكوێ كەوتوەو كوندە لەكوێ دڕاوە؟ گەنجی داخ لەدڵ و بێكارو گیرفان بەتاڵ، هەستی نیشتیمانی و نەتەوەییان لەدەست داوەو ئەستمە بتوانن بێنە ژێر ركێفی حكومەتێك پەلەقاژەی مەرگ دەكات و تەنها بۆ ساڵێك پێكهێنرابێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP