یەکێتی کرێچی نییە ، لە پایتەختی کوردستان و لەم حکومەتە، بەڵکو پێوەی هیلاک بووە بۆیە پەرۆشی ڕاستکردنەوەی حوکمڕانییەکەیەتی

ستران عەبدولڵا
22:49 - 2022-11-21

ستران عەبدوڵلا :

 یەکێتی کرێچی نییە ، لە پایتەختی کوردستان و لەم حکومەتە، بەڵکو پێوەی هیلاک بووە بۆیە پەرۆشی ڕاستکردنەوەی حوکمڕانییەکەیەتی
……….
 —ئەم جۆرە حوکمڕانییە بە دەردی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناخوات. جیاکاری لە ژیان و گوزەرانی خەڵک و بژێویی شار و شارۆچکەکاندا لەگەڵ ئەو بنەمایانە ناگونجێن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دامەزرا، حکوومەتێک کە خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان بکات. یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بەشانازییەوە، ئەگەر نەڵێین دامەزرێنەری سەرەکی ئەم حکوومەتە و ئەم ئەزموونەیە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ، بۆیە گلەیی و رەخنەی ئێمە لە حوکمڕانییەکەی کوردستانە کە پارتی بەم شێوەیە بەڕێوەی دەبات. بێگومان ئەمە زیان بە هەرێمی کوردستان و حکوومەت و خەڵکەکەشی دەگەیەنێت. لەکاتێکدا پێویستە حکوومەت نوێنەرایەتی خەڵک و داخوازییەکانیان بکات و داخوازییەکانیش جێبەجێ بکات. 
لەم چوارچێوەیەدا کێشەی یەکێتی شەخسی و حزبی نییە، واتە کێشەی حزبێک و حزبێکی دیکە نییە، بەڵکو کێشەی دیدگا و مومارەسەکردنی حوکمڕانییە، کە لە راستیدا گەیشتووە بە ئاستێک یەکێتی ناتوانێت بەشداریی بکات لەم جۆرەی حوکمڕانی و ناشتوانێت لێی بێدەنگ بێت. بێدەنگی بە مانای کشانەوە لە حکوومەت نایەت وەک زۆر کەس دەڵێن ئەگەر بەدڵت نییە بکشێرەوە. ئێمە میوان نیین تا بکێشینەوە."
……………
—روئیای دوو ئیدارەیی لە ئەدەبیاتی نیشتمانیی کوردستاندا نییە. ئەمە ئەدەبیاتی ئەو کەسانەیە بەم ئەزموونە سیاسییەی هەرێمی کوردستانەوە هیلاک نەبوون. یەکێتی پێوەی هیلاک بووە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بە رزگارکەری هەولێر و بادینان و هەموو کوردستان دەزانێت لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی سەدام حوسێن. یەکێتی خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت، نەک بە مانای ئەوەی بکوژ و ببڕ تیایدا هەر خۆی بێت، بەڵکو بە مانای ئەوەی پەرۆش و خەمی هەموو کوردستانییەتی. ئەوەی کە ئێستا وا دەردەکەوێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنها دەسەڵاتی بەسەر سلێمانی و گەرمیاندا دەکشێت، ئەنجامی واقیعێکە کە ئێمە حەزمان لێ نییە وابێت. ئێمە حەزمان لێیەتی هەموو کوردستان مەیدانی خەباتی یەکێتی و هەموو حزبە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بێت. هەروەها حەزمان لێیە هەموو کوردستانیش وەک یەک لە ژیان و گوزەرانێکی باشدا بن و بژین، هەموو کوردستان بەپێی گەشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسی و ئابووری لە داهاتی کوردستاندا بەهرەمەند بن".
…………
—ئەمەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت گۆشەگیرییەکی حوکمڕانیکردنە کە ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نە لەگەڵیداین و نە پەسەندی دەکەین، بگرە بەرەنگاریشی دەبینەوە. بەرەنگارییەکەشمان بە هەموو جۆرێک بەرەنگارییەکی سیاسییە، نەک وەک خەڵک دەڵێن هەڕەشەی دووئیدارەیی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و دەبێت ناکۆکییەکان نەگەنە ئاستی تەقینەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێی وایە دەتوانێت لەناو پرۆسەی سیاسیی کوردستان و لەناو حوکمڕانیدا ئەم شتانە راست بکاتەوە، لەناو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستان و لەگەڵ پارتی بە گفتوگۆ ئەم کێشانە چارەسەر بکات، بەڵام ناکرێت هەر کاتێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێبینی هەبوو لەسەر ئیدارەدانی حوکمڕانیکردنی کوردستان، بگوترێت کەیفی خۆتانە چی دەکەن، دەیکەن بیکەن و نایکەن مەیکەن. ئێمە بە کرێ لەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نیین. ئێمە بەشدارێکی کارای حکوومەتی هەرێمی کوردستانین، بەشدارێکی راستەقینەی ئەم پرۆسە سیاسییەی کوردستانین.

پوختەی دیداری ئاژانسی ئەنادۆل لەگەڵ لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP