گاڵتەجاریی لەحکومڕانێتیدا

ئەرسەلان مەحمود
19:22 - 2023-04-28

‎حکومەتەکانی دنیای ئەمڕۆ، بەگەورەو بچووک و کاریگەرو دوورو نزیکیانەوە، بەدوای چارەسەری کێشەکانی وزەو ژینگەو ئەتۆم و گەرمبوونی زەوی و بنبڕی بازرگانی کردن بەچەک و بەمرۆڤ و ئەم بابەتانەوەن، حکومەتی هەرێمیش لەم قوژبنۆچکەیەی دنیاوە، لەسایەو سێبەری سەرۆک وەزیران و کابینە شکستخواردوەکەی، قاڵوو قوڵبونەوەی کێشەو ئاریشە ئیداری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە سواوەکان، خەڵکی هەرێمی کوردستانی سەرگەردان و تەریک سواری سەری خۆیی کردون بەرەو هیچ کوێ!!
‎لەپێش مێژوودا مرۆڤایەتی لەکاتی کێشەو ھەریشەو قەیرانەکاندا، دەکەوتە بەردەم تەنها دوو بژاردەوە، شەڕ یان ڕاکردن، پێدەچێ لەم سەردەمی مۆدێرنەیەدا، گاڵتەجاڕی بەتەواوەتی بووبێت بەجێگرەوەی سێیەم، شەڕ بکە، ڕابکە، یان پێبکەنە، عەقڵیەتی دوو گیان بەخۆ وێناکردنەوەو خۆ دوبارەکردنەوەو خۆجوینەوە، روحیەتی ڕاکردو لەحەقیقەت و لەواقیع، لەڕاستیدا گاڵتەجاڕو پێکەنیناوییە، چونکە هەرگیز بژاردەیەکی باشترت ناداتێ، ئەم وەهمی خۆبەزۆرزانی و لەخۆڕازیبوونە کوێرانەیەی سەرۆک وەزیران پاڵنەرەکەی لەنەریتێکەوە دێ تەنگەبەرو تاریکە، لەو باوەڕەدایە ئەگەر چاکەو باشییەک هەبێ، ئەوە لەخۆیەوەیەتی و لەخۆیەوە دێ، ئەوانی تر بوونیان نییەو نابن!!
‎گەر تادوێنێ خەمساردی و بێمروەتییەک هەبووبێ، ئەوە ئەمڕۆ جیهان و حکومەتەکانی دونیا نین مرۆڤی کوردو حکومەتەکەیان دنیا بەدەرو دەرەسیستم کردوە، ئەوە ئەو عەقڵییەتە نەشازو نەکوڵەکە گشتێنەرەیە، هەرچی بکەوێتە دەرەوەی بستە باڵایی خۆی و دونیا بینییەکەی خۆیەوە، نەک هەر بەهای ناداتێ و بەگرینگی نازانێ سەرسەختانەو تەنانەت لەدەرگاو دەروازەکانی پشتییەوە دژو دوژمنایەتی دەکات، سواری سەری خۆبوون لەسیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا نەزانی و هەڵاتنە لەحەقیقەت و لەواقیع، ڕێگە ڕاستەقینەکەی سیاسەت و بەڕێوەبردن هاوسەنگییە، پشت بەستنە بەوەرگرتنی ڕاو ڕاوێژی ئەزموونی و تیۆری، سەرۆک وەزیران هەر ئەوە دەزانێ خۆی دەیزانێ و فێر کراوە، هێشتا بەهەمان ئاستی ئەو هۆشیاری و ڕوحیەت و عەقڵیەت و تێگەیشتنەی کێشەکانی خوڵقاندون، مامەڵەو ڕەفتار لەگەڵ چارەسەردا دەکات، هەر بۆیەش ناتوانێ چجۆرە ئەرگۆمێنت و ئەلتەرناتیڤێکی نوێ بهێنێتە ئاراوەو قبوڵ بکات.
‎ زۆرینەی هەرە زۆری کێشەکانی هەرێم لەخۆیاندا هەڵگری چارەسەرن، بەڵام بەهەمان ئەو شێوازو پراکتیزەیە نا کێشەکانی لەسەر خوڵقاون، هەر کێشەو ئاریشەیەکی ئەمڕۆ بەزیهنیەتی دوێنێ چارەسەر بکرێت، بەدڵنیاییەوە سبەی لەفۆرم و درزێکیتردا خۆی وێناو دوبارە دەکاتەوە، ڕەنگکردنی کێشەکان بۆ ڕێگری کردنە لەچارەسەرەکان، هاواری کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هاواری حزبی و بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەم و ئەو نییە، هاواری بێدادی و خنکاندنی ئازادی و جیاکاری خزمەتگوزاری و زیندوکردنەوەی ستەمی چینایەتی و ناوچەگەرێتییە، ئەو سەرکردەو دەسەڵاتدارەی بیەوێت لەسەر کەوڵی قەیران و قوڵکردنەوەی کێشەکان نەشونماو گەشە بکات، دەبێ هێزو بوێری هەبێت، هێزو بوێری سەرکوتکاری و بگرەو بکوژەو پەرتکەو زاڵبەو بۆڵیۆدی نا، هێزو بوێری دەم و دەست و دڵکراوەیی عەقلانی، ئەو عەقلانییەتەی مرۆڤ لەبری فێرە شەڕ کردن لەگەڵ یەکتر، فێرە شەڕ کردن لەکێشەکانی دەکات، ئەوەی پێیوایە هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لەئارادا نییەو مەسەلەکە عیوە، هەر ئەوانەن لەبری چارەسەری کێشەکان دەیانەوێت نیگەرانی و دەنگە ناڕازییەکان قوتبدەن، بەڵام ئایا ئەم واقیعە تاریک و تاڵە، دواجار هێز هەیە بتوانێ قوتی بدات، بێگومان نەخێر، چونکە کێشەو قەیرانەکان تۆ هەرچەند بتەوێ دڵەڕاوکێ بنێیتەوەو بخوڵقێنی بەئامانجی ئەوەی حەقیقەت لەخەڵک بشاریتەوە دواجار ناتوانی، کێشەو قەیرانەکان سەرئەنجام دەرفەتی گەورەو ناوازە دەدەنە خەڵک بۆ دەربازبوون و ڕزگاری.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP