پرسی هەڵبژاردن و پاشەکشەكەی پارتی!!

حەسەن بێگەڵاسی
15:55 - 2023-05-01

پرسی هەڵبژاردن و پاشەکشەكەی پارتی!!
 حەسەن بێگەڵاسی  

لەئێستادا پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەراگەیاندن و سایت و پەیجەکان بوەتە بابەتێکی گەرمی هەنوکەیی نێوان لایەنە سیاسیەکان، ئەفسوس تا ئێستا پارتی بۆ ماکیاجکردن و خۆدەرخستن لەراگەیاندنەکان باسی هەڵبژاردن دەکات لەوادەی خۆیدا ، بەڵام لەئەرزی واقیعدا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و ڕادیکاڵ نەهاتوەتە پێشەوە، تەنها شیعارێکە لەمیدیاو راگەیاندنەکان  بۆچەواشەکردنی کۆمەڵگە قسە لەسەر پرسی هەڵبژاردن دەکات .

پرسیارەکە ئەوەیە؟ ئایا پارتی چ هەنگاوێکی ناوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و کێشەی پێكهاتەكان و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران؟ وەلێ ئەمانەو چەندین پرسی تر، پارتی نەك هەر هەنگاوی نەناوە بۆ چارەسەرکردن، بەڵکو بیریشی لێنەكردوەتەوە!! چونکە لەبەرژەوەندیی پارتی نیە، لەوسۆنگەیەوە پارتی بەدڵنیاییەوە هەنگاوێکی ئەرێنی ناهاوێت کە لە بەرژەوەندیی و ستراتیژی خۆی نەبێت   .

بەڵێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی، بەڵام بەو مەرجانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدیالۆگ و گفتوگۆکان خاڵ بەخاڵ لەگەڵ پارتی و کونسوڵخانەکان و نێردەی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتوەکان باسی کردووە، نەوەک بەو دیدەی پارتی لەئێستاوە یانزە- سفر و تۆمارێکی لێوانلێو لە ناوی وەهمیی و دووبارەو مردوو.

 بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یەک بازنەیی و بە یاسای هەموار نەکراوی ئێستای کوردستان، لەجێگای چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان، بەداخەوە کارەسات بۆ کۆمەڵگە دەخوڵقێنێت، لەو سۆنگەیەوە کێشەکانی تاک و هاونیشتمانیان قوڵترو ئاڵۆزترو فراوانتر دەکات، هەمدیسان  ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی لەوچەشنە هیچ لەواقیع و دۆخی سەختی کوردستان و ژیانی خەڵک ناگۆڕێت، بەڵکو برینەکانی خەڵک قوڵترو کێشەکان گەورەترو ئازادیی ڕادەربڕین و دیموکراسی لەکۆمەڵگەدا بەرتەسکتر دەکاتەوە .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP