مەگەر حیکایەتەکە کورت بکەمەوە تا لێرە جێی بێتەوە و فەیسبووک خوێنی ئەمرۆ لێی بێزار نەبێ ئەگینا هەر دێڕێکی دەرسێکە لە مۆڕاڵ و ئەخلاقی جوان وهی ئەوەیە بە ئاب و ئاشکرا بگێردرێتەوە .
سینەما و بڵاوکەرەوەی روسیا دڵی نەهات رۆمانی (جەنگ و ئاشتی) تۆلستۆی کورت بکاتەوە. نووسەری کتێبی ئازاد هەورامیش، خاتوو ئەمیرە محەمەد، نەیویست یەک دێر بقرتێنێ ، چونکە باسەکە فەیزێکە لە رۆح و ئەدەب و تابلۆیەکی نەخشینە لە دڵڕاگرتن و لە خۆبردوویی سەرکردەی جوامێر.
باس باسی سەرکردە ئازاد هەورامی شەهیدە لە زاری بووکی کەرکوک و هەورامان، میوانی خاوەن ماڵی باشور ، خوشکە شنۆ شاسواری کە لە پێشمەرگایەتی دوو دیوی کوردستاندا بووە هاوخەبات و هاوژینی ئازاد هەورامی .
شنۆ خان وایدەگێڕێتەوە کاک ئازاد ئەوەندە بە هەستیارییەوە دڵی پێشمەرگە و رەفیقەکانی مەبەست بوو و گەنجێتیانی رادەگرت کە دەیگوت (بە رۆژ با دەرگای بارەگا کە هەر خۆشی دەرگای ماڵ و ژیانیان بوو ، دانەخرێ و کراوە بێ )
ئاماژە مەعلومە ، بەڵام من چۆن لەوە زیاتر شەرحی گوتەی بە ئەدەب و بەرێزی هەورامی بنووسمەوە کە دڵ و خاتری پێشمەرگەی واجبی سەنگەر و کۆڕی خەباتی زەحمەتی رادەگرت و گەرەکی بوو وانەزانن پشووی زەماوەندی سەرکردە و فەرماندە زۆری پێوەیە و جیایە لە هی پێشمەرگەی ئاسایی، ئەگەرچی لەناو شۆرشی یەکسانیدا یەک چارەنووس و یەک گوزەران هەیە.
ویستم بڵێم ئەی ئاشنایان بە راست و چەپدا رازەکەی ئازاد بۆ شنۆ خان بگێڕنەوە تا دۆست و دوژمن لە یاداشتی مۆدێرنی بێ بژار و بێ پەرواوە حیکایەتی درۆ نەگوازنەوە. تا لە بیریان بێت کۆمەڵێک عاشق و دەروێشی کوردستان بە شاخەوەبوون تا نەیار و بێ بار خەباتی رابردوو سفر نەکەنەوە چونکە مامە ریشەش نامەکانی وا ئیمزا دەکرد ئاشقی خاکی کوردستان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP