دەفتەری دێرین

ستران عەبدولڵا
14:59 - 2023-07-04

پیرۆزە لە سلێمانی و دەوروبەری

دەفتەرەكانی مێژوو دەڵێن لە عەهدی پادشایی عیراقیشدا كەمترین خوێندنگە لە سلێمانی بوو، مێژوونووسی گەورە كەمال مەزهەر لیستی بەراوردیشی كردووە كە دەڵێ سلێمانی ئاوا كەمترینی بۆ كراوە بەراود بە لیواكانی تری عیراق. وەك بڵێی لە مێژە داوێكی باریكی گەمارۆدان یەخەی ئەم شارەی گرتبوو. كەریم زانستی و پیرەمێرد و باربووی ئەهلی هیمەت لە شارەحەیاتەكە كارێكیان كرد شاری هوشیاری و كوردایەتی لە كاروان دوا نەكەوێ و هەر پێشەنگی خوێندەواری بێت. وەكو چۆن پێشڕەوی كوردایەتییە.
لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەكتەب و خوێندەواری و ئاوەدانی لە (سلێمانی و دەوروبەری)، بە وەسفی مێژوونووس ئەمین زەكی بەگ، دەستكەلایەكی رەوا بوو بە دەست حكومەتی كوردستان تا بیسەلمێنێ كورد حوكمی خۆی بكا باشتر ئیدارە دەكا تا ئەوەی بەغدا لە مەركەزەوە بیبا بەرێوە.
ساڵنامەكانی حكومەتی هەرێم خشت و ڕشتەی مەكتەبەكانی زۆنی سەوزی دەژمارد كە لە سایەی حوكمی خۆبەخۆی كورددا چەندی بینا كردووە و چەند نەوەی پێگەیاندووە. سەرۆك مام جەلال لە وتاری (شەرق ئەوسەت)دا وا وەسفی فیدرالی كوردستان دەكات كە فیدرالییەكی كەڵەگەتە و بۆر بۆرینی لەگەڵ ناكرێ. بۆ بەڵگەی ئەمەش ئاماری ئاوەدانی مەكتەبی هێناوەتەوە لە سلێمانی وەك نموونەی سەركەوتن.
ئەوە بەڵگەیە لەسەر مەزنی خوێندنگە و خوێندەواری.
سلێمانی و دەستەخوشكەكانی، لە چەمچەماڵ تا كەلار، هەمیشە یەكەمینن لە لیستەكانی كوردستان و عیراقدا. ئەمساڵ پەروەردەی كوردستان جاڕیدا یەكەمەكانی كوردستان هەر یەكەمی كوردستان: شارە حەیاتەكەیە.
ئەوە بەرهەمی شەو نخونی خوێندكارەكان خۆیان و پەروەردەی باشی باوك و دایكەكان و پشوودرێژی مامۆستا و خوێندنگاكانیانە، هەڵبەتە ئەمانە لە تابلۆی سەركەوتندا شەریكی كۆششی خوێندكار نین و ئیدیعای واشیان نەكردووە.بەڵام، ئەكید خوێندكاری بەوەفا و بە هیمەت تاجی سەری سەركەوتنی باوان و مامۆستایانە.
هەمووشیان كوڕی ژینگەو فەزای سیاسی سلێمانین كە گەمارۆ و داوی باریكی فەرامۆشی، تێدەپەڕێنن.
ئەم سەركەوتنە پیرۆزە لە یەكەمەكان، پیرۆزە لە سلێمانی و فەزای سیاسیی سلێمانی كە ژینگەی داهێنان و گەشەی بێ سنورە. ئەگەر چی توانجی نابەجێی هەفتەی رابردوو ویستی ورەی شار زامدار بكات.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP