قسە هەزار و یەکی بەکارە

ستران عەبدولڵا
20:06 - 2023-07-06

لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فیکری سیاسیی یەکێتیی ، رێبازی سیاسیی مام جەلال ، تۆماری  خەباتی شۆڕشی نوێ  و شەهید وقوربانییەکانی لە دەیان ساڵی رابردوودا کارێکی وای کردوە کە ئەم رەوتە بە شایستە و شانازییەوە خۆی پێ مەرجەعی هەموو کوردایەتییەکی دروست و راستەقینە بێت. ئەمەشی لەگەڵ هەموو ویستێکی رێزگرتن لە جۆرەکانی تری خەبات و ئاراستە سیاسییەکانی تری وڵات تێکەڵ کردووە،  بێ ئەوەی کەس بە قەرزاری خۆی بزانێ یاخود خۆشی پێ قەرزاری کەس بێت . 
هەر وەکو لە فلکلۆری سیاسیی دەیان ساڵەدا دەگوترێتەوە (نە درەنگ هاتووە و نەکەمی کردووە).
کاتی خۆی سەرۆک مام جەلال لەمیانی رەدوبەدەڵێکی وادا، بێ پێچ و پەنا ، راستە و ڕاست گوتبوی ناسنامەی نیشتمانیی لای کێیە و چۆن دەدرێ ؟ ئەمەی لە نەورۆزی سورداشی ساڵی ١٩٨٤ بە دەنگێکی زوڵاڵ  راگەیاند  (هەویەی نیشتمانی بە خوێنی گەشی شەهیدەکانی ،لەلایەن یەکێتییەوە دەدرێت).جا نوتقی مام جەلال لە ئەدەبیاتی کوردایەتیدا بۆ یەکێتییەکان و ، راستێکەی هەقە بۆ  ئاراستە رەسەنەکانی خەباتیش وابێ ،  قەولی فەسڵ و ئەسڵە و حەیفە دوای ئەوە پێنج خشتەکی تری روونکردنەوەی لەسەر بدرێت . بە تایبەتی ئەم ئەندێشە دەوڵەمەندەی کوردایەتی نوێ بە کردەوە لە مەیدانی تێکۆشانی فیعلی ،نەک  بە خۆنواندن، جوان جوان خۆی سەلماندووە و  تا ئێستاش بەکردەوە وەفاداری ئەم مەرجەعیەتەیە، لێی لاینەداوە، گەشەی پێدەدا و لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا دەیگونچێنێ و خاوەندارێتی لێ دەکات.
لەهەر روانگەیەکی راست و دروستی کوردانە و یەکێتیانە بڕوانین روونە کە حوکمڕانی کوردستان :
یەکەم : بە هەموو بەشەکانی دامەزراوریی دیفاکتۆ لە دوای راپەرینی ١٩٩١، لە حکومەت و پەرلەمان و …
-دووەم : بە یاسامەندکردنی هەموو بوارەکانی ژیانی کوردەواری لە دوای پەسەندکردنی دەستوری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ یشدا ، بە سەربەرزییەوە ، بەشێکی هەرە زۆری بەرهەمی ئەم رێبازە دەوڵەمەندەی کوردایەتی نوێیە کە رێبازی ئاوەدانی یەکێتی و دونیابینی مام جەلالە بۆ یەکریزی و رێزگرتن لە جیاوازییەکان و فرەیی بیرکردنەوە لە ناو جەرگەی سەنگەری نیشتمانپەروەرییەوە.

ئاخر یەکێتی بۆیە هەمیشە ئەم دامەزراوانەی حوکمڕانی خۆمانی    بە گرنگ و خۆشەویست و جێی ئیعتبار دەزانێ چونکە جێپەنجەی شەهیدانی پێوەیە و هەر لەبەر خاتری ئەو خەبات و خوێنەی رابردووشە داکۆکیان لێدەکا و دەیانپارێزێ و گەرەکێتیی بە پەرۆشی یەکریزانە و بە چاکسازی و بە هەڵبژاردنێکی  دیموکراتی  و دادپەروەرانەی نوێنەرایەتی ئەبدەیتیان بکاتەوە.
یەکێتیی وەک هێزێکی دەربەستی کوردستانی  و خاوەن تۆماری زێرین  و خاوەن دیدی رۆشن  لەگەڵ پێشهاتەکان دەجوڵێتەوە. ئێ دیارە تا ئێستا راستی هێناوە با هەبن پێی سەغڵەت بن 
لە دوو ساڵی رابردوودا  تیمەکەی لە بەغدا بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافل جەلال تالەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بەرانبەر بیدعەی زۆرینەی نەگونجاو بۆ وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە پێکهاتە داکۆکی لە بنەما دەستورییەکانی عیراقی تەوافوقی و هاوسەنگ کرد کە مام جەلال و باوکە دامەزرێنەرەکانی دیموکراسیی عیراق کاریان بۆ کرد . لە نەبەردی پەرلەمانی و دیموکراسیی بۆ پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عیراقیشدا  داکۆکی لە ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان کرد. لەم تێکۆشانە جێی شانازییەدا  بنەماکانی کوردایەتی راستەقینەی  کردۆتە مەرجەع بۆیە چاکی کردووە و چاکی هێناوە و لەمەودواش چاکتری  دێنێ 
بەم روانینە دروستەوە کە رێی هات و ئاوەدانی دوارۆژە، بە پەرۆشی و سەبری شۆرشگێڕییەوە بانگەوازی یەکریزی کوردستانیی دووپات دەکاتەوە. سەرەنجام ئەمەی پێ باشترە لە تۆمەتی نا جایز و لاقرتێی سیاسیی بێ سەمەر.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP