بەڵێ یەکێتی قەوارەو قەبارەی خۆی دەزانێت
رەنج قەرەداغی
یەکێتی قەوارەو قەبارەی خۆی
دەزانێت، باشترە پارتی بەدوای قەبارەو قورسایی خۆیدا بگەڕێت!!
وەڵامێک بۆ سالار عوسمان و ھەموو
لاسارەکانی دیکەی نێو پارتی
لەپاش ھەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی لەپەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەماوەی رابردوو پێشھاتن و سەرەڕای تێگەیشتنی ھەردوولا لەدردۆنگییەکان و ئاگاییان لەوەی ھەرجۆرە لێدوان و پەیامێکی نەخوازراو و نابەرپرسیارانە چەندیتر زیان بەپرسی تەبایی و پەیوەندییەکانیان دەگەیەنێت و چەنیتر ئەو دووھێزە لەیەکتر و رێککەوتن دورئەخاتەوە، ئاشکراشە دوورکەوتنەوەی ئەم دوو ھێزە، یان رونتر بڵێین بەردەوامیدان بەو دۆخەی ئێستا و ناتەبایی و خراپی پەیوەندییەکانیان زیانی زیاتر بەخەڵک و خاکی ھەرێم و قەوارەکەی و ئەزموونی حوکمرانی و پرسی دیموکراسیش دەگەیەنێت، ئەمەی ئاماژەمان بۆ کرد راستییەکی زانراوە لای ھەمووان و بەرلەھەرکەس ئەم دووھێزە درکیان پێکردووە و ئەیزانن.
ئەوەی پێویستە لێرە رۆشنایی بخەینەسەر و وەك پرسێکی کوردستانی و پرسیارێکی خەمخۆران و دڵسۆزانی ئەم نیشتمانە بەفۆنتی گەورەو نیشانەی پرسیار و بۆڵد و ئەندەرلاین لەپارتی بپرسین:
چما خێرە ھەرکات دەلاقەیەک بۆ لێکتێگەیشتن دروستدەبێت، لاسارێک لەنێو پارتی راستئەبێتەوەو ریسەکە ئەکاتەوە بەخوری؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کەدەبوو بەر لەئێمەمانان سەرۆک و سەرکردایەتی پارتی لەخۆی بکات و بۆ ئەو دەست و خواستە بگەڕێت کەبەدوای ناتەبایی و دورکەوتنەوەوەیە، گومان ھەڵناگرێت ئەمە خواستێکی نەخوازراوە و بەر لەئێمە مانان (باش پارتیی)ەکانیش پێی قەڵسن.
بۆ ئەو نمونەو ڤێرژنە نوێیەی کۆمیتەی ناوەندی پارتیش کەبەناوی «سالار عوسمان»، باس لەپێگەو قەوارەی یەکێتی ئەکات، پێویستە ئەو داوایە لەپارتی بکات کەبەدوای قەوارەو قەبارەی راستەقینەی خۆیدا بگەڕێت.
یەکێتی ھەورازو نشێوەکانی ژیانی حیزبی خۆی بەبەرچاوی خەڵک و نیشتمانەوە گوزەراندوە و لەگەڵ واقعی ژیانی حیزبی قۆناغەکەدا مامەڵە ئەکات و لەھەوڵی تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانیشدایەو خودی سەرۆک و سەرکردایەتیەکەشی لەزیاتر لەبۆنەیەکدا داوای لێبووردنیان لەخەڵککردووە کەحوکمرانی ئەم ھەرێمە لەئاستی داخوازییەکانی خەڵکدانەبووە، ئەو حوکمرانییەی کەزیاتر لەیەکێتی زۆر زیاتریش پارتی لێی بەرپرسیارە.
ھەربۆیە باشترە ئەو کاك «سالار عوسمان»ە، داوا لەپارتیەکەی خۆی بکات لەھەڵبژاردنی داھاتوودا، بەلیستێکی دەنگدەرانی راستەقینەو بێ کۆچکردوان و بێ بیانی و بێ ساختەکاری بەدوای قەوارەو قەبارەی خۆیاندا بگەڕێن و لێگەڕێن یەکێتی و لایەنەکانی دیکە خۆیان لەخەمی دەرد و پەیداکردنی دەرمانی خۆیاندابن.
ھەروەك بەرچاورونییەك بۆ ھەر لاسارێک کەبەبۆنەو بێبۆنە پەلاماردانی یەکێتیان وەك ئەرک پێسپێردراوە، باشترە بزانن واقعی سیاسی کوردستان پێمان ئەڵێت:
دۆخی خراپی حوکمرانی و ئەدای ناتەندروستی خزمەتگوزاری لە سی ساڵی رابردوودا وایکردوە داکشانی جەماوەری بۆ تەواوی حیزبەکانی ئەم ھەرێمە دروسبکات.
بەم پێوەرەش پارتی ئەگەر تەنھا یەک ھەڵبژاردن، لێگەڕێت بەیاسایەکی ھاوچەرخ و لیستێکی پاکی بێمردو و بێ بیانی و بێ ساختەکاری بەڕێوەبچێ قەبارەو قورسایی خۆی دەبینێت و دەزانێت چ بونەوەرێکی لەڕولاوازی لێدەرچووەو ھیچ ھێزێکیش ھێندەی پارتی بەر رقی دیموکراسی جەماوەر و تۆڵەی حوکمرانی ناتەندروست و چەوت ناکەوێت.
*ئەندامی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP