فیلمسازیی گەشتیاریی!!

ئیراز محەمەد
23:01 - 2023-07-25

چۆن بتوانین لە ڕێگەی پیشەسازی فیلمەوە گەشتیاران ئاشنای کوردستان بکەین؟؟

لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا،سینەما ئیلهامبەخش و سەرنجڕاکێش بووە و بینەرانی لەسەرانسەری جیهاندا ڕاکێشاوە،ئەمڕۆ دووەەمین زۆرترین بەشداری لە شێوەی هونەردا دەکات لەدوای میوزیکەوە.
گەشتیاریی فیلم یان گەشتیاری بەهۆی فیلمەوە film tourism جۆرێکی تایبەتی گەشتیارییە کە تێیدا سەردانکەران ئاشنای ئەو شوێنانە دەبن کە بەهۆی دەرکەوتنیان لە فیلم و زنجیرە تەلەڤیزیۆنیەکانەوە دەرکەوتوون و پلان بۆ سەردانی کردنیان دائەنێن،ئەم زاراوەیە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە زمانی ئینگلیزی بەکاردێت بەڵام بە گوێرەی (Lopez,osacar ) لەساڵی٢٠٠٦لە ئیسپانیا زاراوەی (گەشتیاریی فیلم)یەکێکە لەو زاراوانەی کەلەم ساڵانەی دواییدا زۆرترین پەرەسەندنی بەدەسهێناوە.
دەتوانین بەو شێوەیە گەشتیاریی فیلم پێناسە بکەین:
 گەشتیاری فیلم :بریتیە لەو گەشتکردنەی کە لە ئەنجامی بینینی شوێنێکی سەرنج ڕاکێش لە فیلمێک گەشتی بۆ دەکرێت.
فیلم کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر مێشک و بیروهزری بینەر بەجێ ئەهێڵێ و بەرەو دنیای خەیاڵ پەلکێشی دەکات و وا ئەکات خەون بە بینینی ئەو شوێنە ببینێ کە لەفیلمەکە بینیویەتی، بەرهەمهێنانی فیلم جگەلەوەی دەبێتە داهاتێک و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری وڵات، هۆکارێکە بۆ بانگەشەکردن و ئاشناکردن وناساندنی شوێنە گەشتیارییەکان و مێژووی و شوێنەواریەکانی وڵات.
ئەم پیشەسازیە واتە بەرهەم هێنانی فیلم لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمەوە  وەک ئامڕازێک بۆ بەرەو پێشبردنی گەشتیاریی بەکار هاتووە و ساڵانە گرنگیەکی زۆر بەم پیشە سازییە دەدرێت لەلایەن وڵاتان و دەرهێنەران و کۆمپانیاکانی بواری فیلم ودراما،وەک وڵاتانی بەریتانیا و ئوسترالیا و نویزلاند گرنگیەکی زیاتریان هەیە بۆ خوێندن و پەرەپێدانی گەشتیاری بە هۆی فیلمەوە..
لەساڵی (١٩٩٦) کۆمەڵەی گەشتیاریی بەریتانیا بووە بەیەکەم ئاژانسی گەشتیاریی فیلمدا، ئەویش بە بڵاوکردنەوەی نەخشەیەکی بەریتانیای مەزن کە شوێنی فیلمی لەسەر دیاری کرابوو.
لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە 
لەساڵی ٢٠٠٦  کە ٨٠٪‏خەڵکی بەریتانیا فیلمەکان وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی هەڵبژاردنەکانی شوێنی مەبەست دادەنێن و لەسەدا ٢٠٪‏بەتەواوی سەردانی ئەو شوێنانەدەکەن کە لەبەرنامە تەلەفیزیۆنی وفیلمە دڵخوازەکانیاندا نیشان دراون..
بڵاوکردنەوەی فیلمی ئەنیمەیشنی (frozen) بووە هۆی زیاد بوونی گەشتیاریی بۆ نەرویج بە ڕێژەی ٣٧٪‏ ، لەفلیمێکی تری بەناوبانگی جیھانیدا بەناوی (braveheart)
بە ڕێژەی (٣٠٠٪‏)گەشتیاری بۆ سکۆتلەندا زیادی کردووە لەدوای بڵاو کردنەوەیان؛ 
هەروەها لەڕێگای فیلمەوە کلتورو زمان و فەرهەنگ و داب و نەریت،جلوبەرگی ئەو وڵاتە ئەبین کە فیلمەکەی لێ بەرهەم هاتووە.
ھەرێمی کوردستان کە خاوەنی جوانترین سروشت و فەرهەنگ و کلتور و زمان جلوبەرگی ڕەسەنی  کوردیە، جگەلەوەی ھەرێمێکی گەشتیاریە لەهەر چوار وەرزی ساڵدا گونجاوترین کەشوھەوای ھەیە، و خاوەنی چەندەھا شوێنی مێژووی و شوێنەواریە، پێویستە ئەم بوارە لە کوردستان پەرەی پێبدرێت و دەرهێنەرانی فیلم کار لەسەر ئەم بوارە بکەن و هەوڵبدەن لە ڕێگای دراماو زنجیرە تەلەفیزیۆنیەکان و سینەماوە کوردستان بە جیهانی دەرەوە بناسێنن لە ڕووی کلتورو زمان و فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردی، سروشتی جوانی کوردستان و کاریگەری لەسەر بینەرانی بەجێ بهێڵێت و زۆرترین ڕێژەی گەشتیاری ڕابکێشێت ، وەک چۆن لەبەخشکردنی دراما بیانیەکانی وەک (کۆری،هیندی،تورکی،ئێرانی...هتد)کاریگەریگەرییان لەسەر وڵاتان و کوردستان بەتایبەتی جێهێشتووە ،دەرهێنەران شارەزایانی بواری فیلم ئەتوانن شوێنی تایبەت بە فیلمسازیی دروست بکەن بۆنموونە وەک دروستکردنی گوندێک یان شـارێکی تایبەت بەدەرھێنانی فیلمەکە بێت، کەدواتر دەبێتە
ناوچەیەکی سەرنجڕاکێش تا گەشتیاران بتوانن لەبەرامبەر بڕە پارەیەک بچنە ژوورەوە سەردانی بکەن
و جگەلە شوێنە گەشتیاریەکان ستۆدیۆکانیش سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشن ،هەروەها گەشتیاران هەندێک جار بۆ سەردانی ئەکتەری دڵخوازی خۆیان گەشت بکەن بۆ بینینیان و وێنەگرتن لەگەڵیان ؛کاتێک فلیمێکی سینەمایی بەناوبانگ دەردەچێت و ڕێژەیەکی زۆر لەو بینەرانەی بڕیاردەدەن گەشت بکەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە ببینن کەلەناو فلیمەکەدا ڕۆڵ ئەکتەرەکە لەوێدا نمایشی کردووە،ئەم پیشەسازییە ساڵانە گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت لەلایەن حوکمەت و کەرتی تایبەت و کۆمپانیا گەورەکان کەدەیانەوێت وەبەرھێنان و ناوە بازرگانەکانیان لەڕێگەی فلیمە بەناوبانگ و جیھانیەکانەوە بناسێنن زۆر جار کۆمپانیاکان خەرجی تەواوی فلیمەکە لەئەستۆ دەگرن،تەنھا ئامانج لێی دەرکەوتن و پڕوپاگەندەکردنە بۆ شوێنی مەبەست و دیاریکراوە،ئەم ڕاکێشانە گەشتیارییە تەنھا بۆ شوێن و شارەکان نین، بەڵکو زۆرجار بۆ تابلۆیەکی ھونەرین، یاخود بڕاندێکی جلوبەرگە یان ھۆتێلێکی سەرنجڕاکێشە دەتوانێت لەڕێگەیانەوە ئەو شتەی مەبەستیانە دەیناسێنن.
ھاوشێوەی (Ramoji city flim) شـاری سینەمای ڕامۆجی گەورەترین شاری سینەمایی و فیلمە لەجیھاندا لەوڵاتی ھندستان لە حەیدەر ئاباد، ئەم ستۆدیۆیە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە ڕادەکێشێت ، چێشتخانە و خانووی میوان و  هۆتێلی گرانبەهای هەیە کە پاکێجی پشووی درێژ پێشکەش دەکات و سەرجەم خزمەتگوازییەکانی تێدایە بۆ ئەوەی هونەرمەندان و تەکنیکارەکان و سینەماکاران و ئەکتەران و میوانەکان لەخۆبگرن. ئێمە دەتوانین سوود لەئەزموونی وڵاتان وەربگرین 
پڕۆژەی ھاوشێوەی وامان ھەبێت بۆ گرێدانی گەشتوگوزار بەسینەما و فیلمەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت ببێتە ھۆی داھاتێک و سەرچاوەیەکی ئابوری گەورە .
داھاتی گەشتیاری فلیم بەپێی زانیارییە تازە بڵاوکراوەکانی Future Market Insights (FMI) ، قەبارەی بازاڕی گەشتیاری فیلم بە (66.9) ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت لە ساڵی 2023 دا و پێشبینی دەکرێت بگاتە (118.6) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی تا ساڵی 2033 ئەم ئامارانە ئەو دەردەخەن کە گەشتیاری فیلم گرنگیەکی زۆری ھەیە، وەک ئاماژەمان پێدا لەڕووی ڕێژەی سەردانیکەران و لەڕووی بەدەستھێنانی داھاتێکی باشی گەشتیاری، دەشتوانێت لەڕووی کلتووریەوە سوودی ھەبێت کە لەو ڕێگەیەوە کلتوور و دابونەریتی ناوچەکە بەخەڵکی ئاشنا دەکەیت دەبێتە کلتوورێکی ڕەسەن و ناسراو لە دونیادا،بۆیە دەبێت لەھەرێمی کوردستانیش کار لەسەر ئەوە بکرێت وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و لێپرسراوانی کارە سینەمایی و کۆمپانیاکانی بواری بەرھەمھێنەرانی فیلم 
چیتر تەنھا بۆ پەیامی پشت سینارێوەکەوە ھەوڵنەدەن،بەڵکو ڕەچاوی ناساندنی ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستانیش بکەن، سروشتی جوانی کوردستان نیشان بدەن لە ناوەڕۆکی فیلمەکەدا و لە دیمەنی گرنگدا ڕۆڵی مۆدیل و ئەکتەری سەرەکی فیلمەکان لەو شوێنانەدا ڕۆڵ بگێڕن کەشوێنێکی گەشتیاری ناوازەیە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە بتوانرێت ئەو فلیمە سینەمایە ببێتە ڕیکلام و بەبازاڕکردنێک بۆ بینەرانی ناوخۆ و بینەرانی بیانی وڵاتان چیتر سینەماکان تەنھا پەیامی سیناریۆکە بەتەنھا نەگەیەنن لەگەڵیشیدا پەیامی کلتوور و ھونەرو گەشتیاری بگەیەنن تاوەکو کوردستان زیاتر 
و زۆرتر بەردەوام لەگەشەدابێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP