دەفتەری روانین
-٤-
وەهمی زۆرینە و کەمینە
ئەوانەی ئیشیان لەسەر عیراقی زۆرینە و کەمینە کرد تووشی وەهمی میخمەلی سیاسیی هاتن، وایانزانی ساف ولوس وڵاتیان دەکەوێتە بەردەست و خەڵکی تر دەکەنە دەرەوەی هاوکێشەی سیاسیی و کێوماڵیان دەکەن ، کەچی سەریان دای لە ئاشەبەردی چیا سەرکەشەکانی کوردستان ، بەوەسفی جوانی سەرۆک مام جەلال.
ئاکام چیان کرد؟ ئاکام عێراقی سێ پێکهاتەی شیعە و کورد و سوننەیان کردە شەش ؛ دوو شیعە و دوو سوننە و …بەداخەوەش دوو کورد .
وەهمی میخممەلی ئەوەیە کە لە دیموکراسیدا تەنها شێوە ئیفرەنجییە لیبڕالییەکەی دیموکراسیی ببینن و زۆرینەی سادە بکەنە تاقە بژاردەی بەردەمی خەڵک .
سیاسەتی میخەملی سیاسەتی دەستەبژێری غەربزەدەیی خواپێداوە کە لە بورجی عاجی و بەلوتبەرزییەوە سەیری کۆمەڵگە و نەتەوە و واقیعی بەرجەستە دەکەن. دیموکراسی سادە تەنها لەو شوێنە دەیخوا کە یەک نەتەوە و یەک میللەتییان هەس، ئەمما زۆر نەتەوە و زۆر ئەتنیک و ئاین ، واتا کۆمەڵگەی فرەیی ، ئەوانە دیموکراسیی فرەییان گەرەکە، دیموکراسیی تەوافوقیان پێخۆشە و بۆیان گونجاوە.
چا ئەوانەی بە دیموکراسیی سادەیی وا بە سادەیی بیریان کردەوە سەرەنجام گێمێکی یەک ساڵی گەورەیان دۆڕاند . لە ئاخر ساتەوەختتدا بە راکەڕاک فریای شەمەندۆفەری حکومەتی فیدرالی کەوتن . دەستوریی عیراق تەوافوقی و تەوازنی و فرە فلتەرە و باوکە دامەزرێنەرەکانی وایان سازانووە کە پاشەکشێی هەرزان و بادانەوەی ناجۆر قبوڵ ناکات. ئیتر چۆن هەندێک بەو شارەزایی و قەدیمییەوە تێکەوتن؟ ئەوا خۆیان دەیزانن!
ئەوانەی بەم نەفسیی زۆرینە و کەمینە کار دەکەن باشە وەبیریان بێتەوە کاتی خۆشی ویسترا بڵێن کرێکارانی جیهان یەکبگرن و بە گرێی خەواجەی سەنترالیزم تەفسیری چەپ و دونیایان دەکرد، تا ئالۆزی شەرق تێی گەیاندن مەسەلەکە قووڵە و دەبێ بێژن ؛ کرێکاران و گەلانی جیهان یەکگرن!
ئاخر چونکە نیەتی میخمەلییان خراپ بوو ئەم یەکگرتنە هەر رووی نەدا و ئەم سۆشیالیزمە لە خەت لایدا و تووشی فەلاکەت هات .
ئەو ئەزموونە چەپە لەم دونیا لیبڕالە بێ رەحمە بۆ هەموو وڵاتانی فرەیی راست و لەبەردەستە، لەعێراقی دەستوریشدا هەروایە ؛ زۆرینە و کەمینە نایخوات و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا ئەم راستییە دەستورییەی دووپات کردەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP