لەنێوان کەمینەی چەوسێنەرو زۆرینەی سەرکوتکەردا زەواجێک هەیە نەپساوە، جۆرە دابڕانێک لەم دوو دونیا بینییەدا گەر هەبێ تەنها زمان و زەمینەو فۆڕمە، دوو ڕێگەن بەڵام یەک ئامانجن، دوو خەسڵەتن بەڵام یەک ئەنجام و دەرئەنجامن، ستەمکار دواجار بەهەر زمانێک بدوێ، لەهەر ژێنگەو بەرگێکدابێ هەر ستەمکارە، تراژیدیا چەوساندنەوەو سەرکوتگەرییەکە نیە، نەخوێندنەوەو نەناسینەوەو تێنەگەیشتنە لەم حەقیقەتە.
دوێنێ سەددام و ڕژێمەکەی بەزمان و زەمینەی عروبە لەفۆڕمی کەمینەی نەتەوەیی و مەزهەبی دا، گەلانی عیراق و ناوچەکەی دەچەوساندەوەو فاشییەتیشی بەئیشتراکییەت بەخەڵك دەفرۆشتەوە، ئەمڕۆ پۆپۆلیزمی خێڵگەرایی لەفۆڕمی کوردبوون و زەمینەی کوردایەتی موزەییەف و بەزمانی زۆرینەی کارتۆنی، دەنگەکان سەرکوت دەکات و جیابینییەکان دەمژێ و ڕەنگەکان لەبۆتەی تاکڕەهەندیدا بەدیموکراسیەت ئەکڕێتەوە لەخەڵک.
ئەو بەعسی و سەددامیانەی لەپرۆسەی ئازادی عیراقدا نەکوژان، یەکیەکەیان ئەوەتا لەهەولێر، لەناو ئەوپەری ئارامی و سەلامەتی گیانی و ژیانیدا دەمرن، ئەمە ئەو ڕاستیەیە دەیانساڵە دژو دوژمنانی کوردو دوکانە بۆرە حزبییەکانی کەتافی کوردایەتی و بژاردە دەمەوەرە بێ پرەنسیپەکان و ئۆپۆزسیۆنی مشەخۆر، ناهێڵن خەڵکی لێی تێبگەن.
مرۆڤی کورد تا لەڕەگەوە نەتوانێ لەدۆخی خۆی تێبگات، ناتوانێ لەخوێندنەوەو ناسینەوەو خود نووسینەوەی ئەوانیتر تێبگات، ئەمە گرفتە هەرە گەورەکەی بژاردە جیاکانی کوردە بێگومان بەپێکهاتە نەتەوەییە کوردستانییەکانیشیەوە.
مرۆڤ ئەگەر لەهەر دۆخێکدا هەست بەوە نەکات چییەو کێیەو ئامانجەکانی چین، یان بوون و مان و ژیانی بەچییەوە بەندەو دەوێ، مرۆڤێکە تاک و تەریک، ئەوەی ڕزگاری دەکات، خۆدۆزینەوەو خۆناسکردنەوەو هەبوونی مافی یەکسانە بەفەرهەنگ، بەدەستورو بەیاسا، نەک ڕستکراوی ژێر سایەو سێبەری قۆنتەراچی و قومارچییەتی فاشیست و ڕەفتار فاشی.
هیچ نەتەوەو میللەتێک ناتوانێ مەزن بێ، ئەگەر کارەکتەرو هێزی مەزنی جڤاکی و سیاسی لەخۆیدا بونیاد نەنابێت، خۆجوینەوەو خۆوێنا کردنەوەی کوێرانە لەڕەگ و ڕێشاڵەوە وێڕانی دەکات، هەر وەک چۆن هیچ جۆرە دیموکراسییەتێکیش ناتوانێ سەلارو سەلامەت و تەمەن درێژ بمێنێتەوە، ئەگەر ماف و ئازادییەکانی بەفەرهەنگ، بەیاساو ڕێسا پەسندو قبوڵ نەکردبێ.
بچوکترین کەمینەی سەر زەوی تاکە کەسە، تاک کاڵایە نەک ئاڵا لەزۆرینەی سەرکوتکەردا کارتۆنە نەک کارەکتەر، ئەو حزب و هێزو لایەنە سیاسیانەی یەکە پێکهێنەرەکەیان خێزان یان خێڵە، مافی بیرکردنەوەو بڕیاردان تیایاندا تاک نییە یەکەی دەستەجەمعییە، لەیەکەی دەستەجەمعیدا تاک چپێگەو ڕۆڵێکی لەپێکهاتەو بونیادناندا نیە، ئەوەی بیردەکاتەوەو بڕیاردەر ئەدا سەرۆک خێڵە.
ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی ماف و ئازادییە تاکە کەسییەکان لەژێر هەر ناوێکدا چ لەخۆدا یان بەدەرەوەی خۆدا زەوت دەکەن، چەوسێنەرو سەرکوتکارن، هیچ چەوسێنەرو سەرکوتگەرێکێش نییە دادپەروەربێ و بتوانێ پارێزگاری لەماف و ئازادی پێکهاتە نەتەوەیی و بژاردە جیاکانی وەک ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان، لاوان و ژنان و مامۆستایان و پیشەگەران و ئەوانی تر بکات.
ئەرکی ڕاستەقینەی حزبی ڕاستەقینە ڕەخساندنی زەمینەی ماف و ئازادی پێکهاتە نەتەوەیی و بژاردە جیاکانی ترە، ڕەگی نەتەوەیی و بەهای پیشەگەری خۆناسینەوەیە لەخۆدا.
بەعس خوێنی نەتەوەکان و وزەی پیشەگەرو بژاردە جیاکانی دەمژی، بەڵام سەرئەنجام نەیتوانی وشکیان بکاتەوە لەخۆیان و لەخۆیدا، ئەو حزبەی ئەمڕۆ بیەوێ لەچاوی دونیادا وەک کەرەستەی جوانکاری بەکاریان ببات، بای وادە دەیبات، ئەمە خۆکوژییەکە.
دیموکراسییەت ئەوەیە مافی ئەوانی تری تێدا سەرکوت نەکرێ، نەک گەمارۆدانی ئەوانی تر لەژێرباڵ و هەیمەنەو هەژموونی خۆدا، دیموکراسی بەهێز کردنی توانای هەر تاک و بژاردەو پێکهاتەیەکە بۆ بەشداریکردن لەدیالۆگ و گەشەپێدانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، نەک گۆشەگیر کردنیان لەسوچی قەناعەتی حزبێکی دیاریکراودا، زۆرینەو دەسەڵات لەدیموکراسیدا خەڵکە نەک حزب و حاکمییەت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP