کە هاتنەوە نەک رێگریتان لێ ناکەین، بەڵکو بەدەهوڵ وزورناوە پێشوازیتان لێ دەکەین

لەتیف نێروەیی
14:25 - 2023-08-03

لەگەڵ بەردەوامبوونی هەوڵ و کۆششەکانی یەکێتی و زۆربەی هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بۆ پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش تاوەکو لە  چوارچێوەی یەک هاوپەیمانێتی دا بەشداری لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی کوردستاندا بکەن. بەڕێز محمد خۆرشید ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لەگەڵ ئەوەی رایدەگەیێنێت کە نایانەوێ لەگەڵ یەکێتیدا بەشداری هەڵبژاردنەکانی کەرکوک دا بکەن. لەهەمان کاتدا رەخنەی توند لەیەکێتی دەگیرێت گوایە یەکێتی نایەوێت پارتی بگەڕێتەوە کەرکوک و رێگریان لێ دەکات. سەبارەت بە بەشداری نەکردنیان لەلێستێکی تایبەتدا لەگەڵ یەکێتی، نابێ وەڵامی ئەوە  بدەینەوە چونکە هێشتا دەرفەتی لیستی هاوبەش بۆ لایەنەکان ماوەو دەبێ چاوەڕوانی ئەنجامی دوا هەوڵەکان و دوا وادەی پێکهێنانی هاوپەمانەتیەکان  بکەین. بەڵام سەبارەت بە رەخنەکانی  کاکە محمد گوایە یەکێتی رێگرە لەگەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، ئێمە بە بەڕێزیان دەڵێین هەرکاتێ تەشریفتان هێناو گەڕانەوە بۆ کەرکوک، نەک رێگریتان لێ ناکەین، بەڵکو بەدەهوڵ و وزورناوە پێشوازیتان لێ دەکەین و پێتان دەڵێین کاکە ئێوە هاتنەوە، یاخوا بەخێر بێنەوە. بەڵام ناتوانین رێگری لەهاوڵاتیانی کەرکوک بکەین کە پرسیارتان لێ بکەن، چونکە دڵنیاین هاوڵاتیانی شارەکە پرسیارتان لێ دەکەن و دەڵێن، بەخێر بێنەوە بەڵام کاکە گیان ئەی نەتانوت شاری کەرکوک داگیرکراوە وتا شارەکە رزگار نەکەین  لەو داگیرکاریە ، ئێمە ناگەڕێنەوە، ئەدی خێرە ئەمڕۆ باس لە داگیرکاری شارەکە ناکەن و تەنها دەڵێن بارەگاکانی ئێمە لەشاری کەرکوک داگیرکراون و دەبێ چوڵ بکرێن!!. بۆیە جارێکی دیکە پێتان دەڵێین بەخێر بێنەوە. بەڵام تکاتان لێ دەکەین کە هاوڵاتیان ئەو پرسیارەیان لە ئێوە کرد، دەستی تۆمەت بۆ یەکێتی درێژ نەکەن  و بڵێن خەتای یەکێتی یە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP