_ روانینێکی جیاواز _
لەسەرەتای دروستبوونی یەکێتيی نیشتمانيی
کوردستانەوە تا گەیشتن بە قۆناغی ڕاپەڕین و بە گوێرەی گوتەی زۆرینەی سەرکردەکانیان
و لەسەرو هەمووشیانەوە رەوان شاد مام جەلال جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بنەمای
سەرەکی دامەزراندنی یەکێتی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان بووە و لەنێو هەناوی
کۆمەڵەدا شکۆفەی شۆڕشی نوێ دەپشکوێ و یەکێتی وەک چەتری کۆکەرەوە لەگەڵ بزوتنەوی
سۆسیالیست و هێڵی گشتیدا دەیانکاتە خاوەن ئامانجی هاوبەش . کەواتە
هەوێنی دروستبوون و بنەمای هزری دروستبوون لەئارادایە و لەرۆژگاری خۆیدا کە خەباتی
گەلانی دژە ئیمپریالیزمی جیهانی پانتایی خەباتی دنیای داگیرکردبوو ئیدی
وابەستەبوون بەو هێزانەوە و کۆکبوون لەگەل گوتاری سیاسی ئەواندا جۆرێک بوو لەتێکەڵاو
بوون و گرێ دانی پەیوەندی لەگەڵ ئەوی دی ، یان دەربازێکی گرنگ بوو بۆ خۆناساندن
بەوی دی بەدوور لەهەژموونی نەتەوەی سەدەست و داگیرکەر .
هەڵبەتە زانیارییەکی نوێ نییە کاتێک لە
کاریگەرییەکانی بیری ماوتسی تۆنگ لەڕێی هاوڕێ چەپەکانی سەردەمی جیابوونەوەی باڵی
مەکتەبی سیاسییەوە هاتۆتە نێو سەرەتاکانی خەباتی چەپ لە باشووری کوردستان و ئەو
سەرکردە لاوانەشی لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەدا هەڵگری بیری ماوتسی تۆنگی بوون
هەر لەڕێی ئەو خولانەوە لەنێو ئەندێشەی ماودا قاڵ بوون . واتە
هەر لەسەرەتای سەرەتاوە ، جۆرە ئەندێشەیەک هەیە و دەبێت هۆی دروستبوونی هێلێکی
هزری و پاشان گەشەدەکات و لە ئەڵقەی رۆشنبیریدا خۆی دەبینێتەوە و هێدی هێدی
دەبێتە ئایدۆلۆجیای دروستبوونی رێکخراوێکی
سیاسی و پاشان دەبێتە سەرتۆپی خەباتی چەکداری .
سانا روانینێک لەو قۆناغە مێژوویانە
دەمانگەێنێتە ئەوەی چ جۆرە گەشەیەکی فیکری هەیەو چۆن هەنگاوەکانی سەرەتا دەبنە
هەنجەت و بنەمای هەنگاوی ئایندەی ورد داڕێژراو و ئەژمار کراو . هەڵبەتە
جۆرێک لە خۆش باوەڕییە گەر وابزانین بوونی هێڵێکی فیکری پتەو دەبێتە رێگر لە بوونی
هەندێک هەڵەی تاکتیکی سیاسی ، چونکە ، لەنێو خەباتی نهێنی و ئاشکراشدا تاکتیکی
سیاسی بەپێی روداوەکانی رۆژ دەگۆڕێت ، بەتەنها ستراتیجە کە ڕوانینی دوورنما
دەستنیشان دەکات و گۆڕانکاری تێیدا پێویستی بەکار و هزراندن و دۆزینەوەی کۆدی
مەزنتر هەیە .
ئەو کاتەی کۆمەڵە لەوەتێ دەگات کە لەنێو خەباتی چەکداریدا
ڕاستەخۆ بەر خەڵکی گوندەکان دەکەوێت ، دروستدرک بەوە دەکات کە بەو ناوە زەق و زۆپەوە مامەڵەکردنی لەگەڵ
بونیادی کۆمەڵایەتی گوندنیشینان سانا نابێت ، چونکە پێشتر ڕێچکەی تەقلیدی و
کۆنسەرڤاتیڤانەی نێو ڕاچەنینە چەکدارییەکانی کورد لەلایەک و بیری ناسیونالیستیش
لەلایەکی ترەوە مارکسیزمیان وەک مۆتەکەیەکی دزێو لەبەر چاوی خەڵکی سادەدا وێنا
کردوە ، کۆمەڵە و یەکێتی بەباشی دەزانن لەو قۆناغەدا مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و
لە کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستانە و ناوەکەی دەگۆرڕێت بۆ کۆمەڵەی رەنجدەرانی
کوردستان و ئیدی وەک پارتی رەنجدەرانی بیر و بازو خۆی نمایش دەکات . ئەو
گۆرانکارییە لە ناودا تاکتیکێکی سیاسییەو هێلێ هزری و بونیادییەکانی کۆمەڵە
گۆڕانکاریان بەسەردا نایەت . بەواتایەکی تر
کۆمەڵە و یەکێتی لەسەر دوو هێڵی گوتاری جیاواز کاردەکەن ، هێڵێک کە بۆ گشتە و
خەباتی سیاسی و چەکداری وێنە دیارەکەتی و دەبێتە هاندەر بۆ بەشداریکردنی سەدان
گەنجی شار و شارۆچکە و گوندەکان لە خەباتی چەکداریدا و هێڵێکی دی جۆرێک لە گوتاری
دەستبژێر بەرهەم دەهێنێت بۆ هێشتنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەستبژێری خوێندەواری
شارەکاندا و هێشتا کۆمەڵە و یەکێتی خۆیان بە خاوەنی ئەو هێڵە هزریە دەزانن کە
لەهەفتاکانی سەدەی رابردوودا لەهەناوی کوردەواریدا زۆر بەخێرایی گەشەی کرد .
یەکێتی و گوتاری سیاسی هەنووکەیی :
لە
سادەترین پێناسەیدا گوتاری سیاسی گوتارێکە
بەمەبەستێکی دیاریکراو ئاراستەی وەرگرێکی دیاریکراو دەکرێت بە مەبەستی قایلکردنی
بە ناوەڕۆک و پەیامێکی دیاریکراو . لاسیوێل کردەی پەیوەندی سیاسی وا دەناسێنێت (کێ
قسە دەکات ؟ چی دەلێت ؟ لەکام کەناڵەوە ؟ بۆ کێ قسە دەکات ؟ کاریگەری چییە ؟) ( محمود
عکاشە ،٢٠٠٥ : ٢٠ ) واتە کاراکتەری قسەکەر و فۆرمی قسەکردنەکە و ناسینی وەرگر و
دواتریش کاریگەرییەکانی ئەو گوتارە لەسەر وەرگر چۆن دەبێت و بەکوێ دەگات . هەندێک
لەزانایانی سۆسیۆلۆژیای سیاسی پێیان وایە کە هیچ شتێک لەدەرەوەی گوتاری سیاسی نییە
ئەمە لە کاتێکدا کە گوتار وەک جۆرێک لە پراکتیکى کۆمەڵایەتی تەماشا بکەین کە
دەتوانێت جەبری بەدیهێنانی سستمێکی سیاسی هەبێت بۆ حوکمداری دەوڵەتی . هەڵبەتە
هەر سیستەمێکی سیاسی بۆپارێزگاری لە قەوارەی خۆی و بەردەوامى پێویستی بە کولتوورێکی سیاسی تایبەت هەیە تا لەرێیەوە
لەپەیوەندی بەردەوامدا بێت لەگەڵ کۆمەڵگا و بەپێی زانستی سیاسەتیش ئەم کلتوورە سیاسییە بەرهەمی
گوتارى سیاسیە.
ئەم
گریمانە بۆ قۆناغی حوکمداری دروست و بێ گرێیە ، بۆیە هەرکاتێک حیزبێکی سیاسی
لەدەوەی گوتاری سیاسی لە جوڵەدابوو ، کێشە دەخاتە نێو کەلتوورە سیاسیەکەیەوە کە
دەرباز و فاکتەری بەستنەوەیەتی بەو ژینگە کۆمەڵایەتیەی کاری تێدا دەکات . کێشەی گەورەی گوتاری سیاسی ئەو کاتە دەست پێدەکات کە لەشوناسە
کۆمەڵایەتییەکەی دوور دەکەوێتەوە ، هاوکات کێشەی شوناسی کۆمەڵایەتیش لەگەڵ گوتاری
سیاسی کوردیدا کێشەی مامەڵەکردنە لەسەر بنەمای ئەو دوالیزمانەی خۆیان لە جوغزی
مۆراڵی کۆمەڵایەتییەوە سەردەردێنن کە ئەویش پێیەیەکی لەنێو ئایندایە . بۆیە هیچ گوتارێکی سیاسی کاتی بەرکەوتنی بە بەرامبەر لەژێر هەژموونی سیستمێکی مۆراڵی تایبەت بەو کۆمەڵگا مرۆییەدا دەبێت کە ئینتمای بۆی هەیە .بە واتایەکی تر ئەو
گوتارە بەپێی شوێن و باوەڕ و ئەو
بەهایانەی لەنێویدا هەن هێزی خۆی وەردەگرێت و رێگەی بۆ گەیشتن بە فەزای گشتی بۆ
دەکرێتەوە . لە نێو ئەو فەزایەشدا و بەتایبەتی لەوجۆرە
کۆمەڵگایانەی هاوشێوەی کوردەوارین شوناسی هەرگوتارێک لەململانێی لەگەڵ گوتارەکانی
تردا شێوەدەگرێت و فۆرمی تایبەت بەخۆی بۆ دروست دەبێت . بە واتایەکی تر هەرکاتێک گوتارێک بۆشاییەکی بەهایی بەجێ دەهێڵێت
و کاری لەسەر ناکات ئیدی بوار بۆ گوتاری دژ دەکاتەوە کە بەسانایی خۆی بکات بەنێو
ئەو چۆڵەوانییەدا و لەوێوە کاری خۆی بۆ قایلکردنی خەڵک دەست پێ بکات . بە دەربڕینێکی سادەتر هەر گوتارێکی سیاسی ئاریشەکانی خەڵک بە
گشتی پرس و پێداویستییە گشتییەکان بکاتە
چەقی بایاخ و بەهاکانی ئەوا قوڵ بەنێو جەماوەردا ڕۆدەچێت و دەتوانێت لەجۆرێک لە
تەبایی و ئاشتەواییدا بێت لەگەڵ کۆمەڵگا ، هەر وتارێکی پێچەوانەش بەئاسانی
دەکەوێتە نێو فەرامۆشی خەڵکەوە .
ئەمە
دەقاو دەق وێنەی ئەو دۆخەیە کە باشووری
کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت . فرە گوتاری سیاسی لەلایەک
و سەرهەڵدانی چەلەحانێی پۆپۆلیستیش لە لایەکی دییەوە کە بەهۆی گەشەی میدیایی
بەتایبەتی میدیای نوێ و سۆشیاڵ میدیا ، فەزای سیاسی کوردستانی بەشێوەیەک شێواندووە
سەردەرکردن لێی پێویستی بە توانایەکی هەڵسەنگاندنی مەزنە و سەنتەری توێژینەوەی
سیاسی و هزری گەورەی دەوێت تا بزانێت لەنێو ئەو بشێوییە گەورەیەدا کامە گوتار زاڵ
و سەرکەوتوو دەبێت .
ئەوەی
بۆ ئەم دۆخەی یەکێتی گرنگە دۆزینەوەی فۆرمێکە بۆ ئاراستەکردنی گوتارێکی (کۆنی -نوێ) کە
لەبنەڕەتدا خودی حیزبەکەی لەپێناودا دامەزراوە و هەر دوورکەوتنەوەیەک لەو گوتارە سیاسییە
بە مانای دوورکەوتنەوە لە بایەخی جەماوەری ، و بەشێوەیەک لەشێوەکان تەسلیمکردنی گۆڕەپانی سیاسی بەوانی
تر کە هەمان گوتارەکەی ئەویان لە فۆرمێکی تردا داڕشتۆتەوەو جۆرێک لە شوناسی
جیاوازیان بەناوی خۆیانەوە پێ بەخشیوە ، بەئاسان هەستپێکراوە کە ئەم گریمانە گەر بۆ هیچ پارتێکی سیاسی راست نەبێت بۆیەکێتی
تەواو راستە و ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئەوەی سەلماند .
ئیدی
شارراوە نییە ، کە کاتێک کە گۆرانکاری مەزنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دەرگا لەسەر دنیایەکی کراوە دەکاتەوە وادەکات وردە وردە و زۆر لەسەرخۆ هیچ مێژوویەک
نەتوانێت بە داخراوی بمێنێتەوە، ئیدی قۆناغی کەشف بوونی هەموو شتەکان دەست پێ
دەکات و بێگومان خۆ شاردنەوە لەپاڵ
هەرجۆرێک لە گوتاری سیاسی دیماگۆجی و خڵەتێنەردا تەمەن کورت و کاتی دەبێت. لە ئێستادا کە کوردەواری و بەتایبەتیش لە باشوور لە نێو جۆرێک
لە بشێوی شوناسی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەژی و گوتاری سیاسی لەنێویدا ناڕوون و
ناشەفاف و تا رادەیەکیش گومڕا کەرە ، ئەرکێکی گەورە لە ئەستۆی یەکێتییە کە فۆرمێکی
دروست بۆ بونیاد نان و گەیاندنی گوتارە سیاسییەکەی بدۆزێتەوە کە بتوانێت جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان دوو جۆر
لە روانین دەستەبەر بکات . ڕوانینێک
کە لەنێو فەزای گشتیدا گشتی بۆ قایل دەکات و ڕوانینێکی دیش کە مامەڵەکردنە لەگەڵ
دەستبژێر. کێشەی
یەکێتی کێشەی دوور کەوتنەوەیە لەو فۆرمەی دەیتوانی ئەو دوو جۆرە لەمامەڵە مسۆگەر
بکات . کاراکتەری
سیاسی کە لەوێنەی ( مام جەلال ) دا بەرجەستەبوو ، خۆی ورد هەردوو فۆرمەکەی پراکتیزەدەکرد و
دەیتوانی هەردوو بەرەکە قایل بکات ، بەلام
لە غیابی ئەودا چ جۆرە فۆرمێکی تر دەتوانێت ئەو گوتارە سیاسییە رەنگاو رەنگ بکات ،
لە کۆمەڵگایەکی فرە رەنگ و فرە باوەڕ و فرە هەڵوێستی وەک باشووری کوردستاندا.
رەنگە بە بێ هیچ ئیستێک کەسێکم لێ ڕاست بێتەوەو
بڵێت یەکێتی چی بکات کوردەواری خۆی بە
رێگەیەکی خوارو خێچدا دەروات و بەکەس راست نابێتەوە . ئەم وەڵامە بەشێکی راستە کەکێشەی ئەم کۆمەڵگایەی
ئێمە بەجۆرێکە دەبێت بەوردی لەسەری
بوەستین ؛ ئەم ژینگەیە وێنەکانی تێکەڵاو بوون ، ئاستەکانی گۆڕڕاون ، نە لە ئاستی
مەدەنی بوونێکی تەندروستدا دەژین و نە ئەوەتا تەواو بچینەوە جوغزی خێل نە ئەوەتا
تەواو دەست بە بنەما گشتییەکانی مەدەنیەتەوە بگرین . تاکی ئێمە لە تاکێکی داهێنەر و بەرهەمهێنەوە بۆتە
بەرخۆرێکی تا ڕادەیەک تەمبەڵ و خۆشباوەڕ . سیاسەت لەم جۆرە کەلتوورەدا لەکایەی گشتیدا
کارێکی ئەوتۆی پێناکرێت و نەوەیەکی تر لە مەیدانەکەن کە زۆربەی جار بەوە تاوانبار
دەکرێن حینکەی سیاسییان نییە و لە فێڵی دەرو جیران و نەیاران تێناگەن . ئاین لایەکی بە گوناه سواغ داوین و لایەکەی ترمان
پڕ بووە لەوێنەی شەیتانی. هەر ڕوانینێک بۆ ئەو وێنە گەورەیە پێمان دەڵێت لە چ سەردەم و
شوێنێکین . ئەوە
راستە کە ئێستا لەسەردەمێکدا دەژین کە دەشێت
كولتوور و رۆشنبیریی گشتی لەنێو یەك شوناسدا فرە بن، هاوکات دەكرێت شوناسەکان لەنێو یەك كولتووردا فرە بن، بەڵام ونبوونی روخساری کۆمەڵگایەک بەگشتی بەرپرسیارێتییەکی
مێژووییە دەبێت لایەک لەئەستۆی بگرێت و لەنێو گوتاری سیاسیدا رەنگ بداتەوە .
ئەوەی لێرەدا وەک ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتی ڕوون بووونەوەی
گوتارە سیاسییەکەیتی کە هەموو ئەو دۆخانە بگرێتەوە . ناکرێت بەتەنها لەیەک گۆشەوە سەرقاڵی مامەڵەکردن بێت لەگەڵ فەزای
گشتی ، ناشێت پەلکێش بکرێتە نێو یارییەکانی عەوامی پۆپۆلیست ، دەبێت دووتر بڕوانێت
، ئەو فۆرمەی دەبێت گوتاری سیاسی لەنێودا چێ بکرێت فۆرمێکی جیاوازبێت ، ئەو کایە
گشتییە تێر بکات ، وەلێ فەرامۆشی دەستبژێریش نەکات . لێرەدا مەبەستم دەستبژێر ئەو جۆرە لە رۆشنبیر نییە کە کە گوایە ئەچنە نێو بورجێکی عاجی و نایەنەوە سەر زەوی ناو واقیعی کۆمەڵایەیی . لەڕاستیدا شوێنگەی رۆشبنیر ئەو مەسافەیەی تێدایە بەو مانایەی کە ڕۆشنبیر ئەبێ
پرسیاری گرنگ دەربارەی واقع بوروژێنێت و لەو وێنە خەیاڵیانە دایبماڵێت کە لەدەرەوەی خۆی بۆی
دروست دەکرێت ، بۆیە
ناکرێت بێتە نێو هەندێک ئارگومێنتی نەزۆکی ڕۆژانەوە کە هیچ بەرهەم ناهێنێت .
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ لەنێو گوتاری سیاسی یەکێتیدا کامە
بوار ، سێکتەر ، گۆشە هەیە بتوانێت لەیەک کاتدا مامەڵە لەگەڵ هەردوو کایەی گشتی و
دەستبژێردا بکات ؟. ئاخۆ نوخبەی رۆشنبیری
ناو یەکێتی چ جۆرە هێزێکی مەعریفی گەورەن کە بتوانن لانی کەم سەرکردایەتی حیزبەکە
بەوە قایل بکەن کە فەرامۆش کردنی دەستبژێر فەرامۆشکردنی رەگەزێکی گرنگی سەرخانێکە کە قورسایی گەورەی
هێز لەوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟ ئاخۆ نوخبەی رۆشنبیری ناو یەکێتی چ جۆرە بەرنامە و
ستراتیژێکیان بۆ سەرکردایەتی حیزبەکەیان بەیانکردوە و هۆشداری ئەوەی تێدا بێت کە
دوورکەوتنەوەی یەکێتی لەجەوهەر ڕادیکەڵەکەی خۆی ، کە پنتی کێشکردنی گشت و
دەستبژێریشە ، بەتاڵی دەکاتەوە لەو پەیوەندییە پتەوەی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە
هەوڵی بۆ دەدات و بەبەردەوام وا خۆی نمایش کردوە کە حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی
کوردستانە ، بە هەموو چین و توێژەکانییەوە ؟ دەیان پرسیاری تر هەن کە ئیدی کاتی
ئەوەیە لەدەوری ئەو گوتارە سیاسییە بوروژێنرێت کە یەکێتی لانی کەم لەم دوو
هەڵبژاردنەی نزیکن ڕوبەڕوی کۆمەڵگای باشووری دەکاتەوە . هەڵبەتە ترسی گەورە لەشکستی ئەو گوتارە ترسی پوکانەوەی تروسکەی
دیمۆکراسییە لەم نیشتمانە ، چونکە بمانەوەێت یان نا پێمان خۆش بێت یان نا تا هەنووکەش مانەوەی یەکێتیەکی بەهێز تارادەیەک
زامنی ئەگەری تێپەڕاندنی قۆناغی گوزەری دیمۆکراسییە بەرەو جۆرێک لە فۆرمی
دیموکراسی کە لەگەڵ جەوهەری کوردەواریدا بگونجێت .
دواجار ئەو زمانەی گوتاری سیاسی پێ ئاراستە دەکرێت لەنێو ئەو فۆرمە
خوازراوەدا هەڵوێستەیەکی جددی دەوێت ، چونکە لەهەموو پێناسەکانی گوتاردا زمان وەک
پێکهاتەیەکی گرنگی گوزارشت ئاماژەی پێ دەکرێت کە رەنگە ئەوە هەوێنی نوسینێکی تر
بێت لە ئایندەدا.
سەرچاوەکان :
عکاشة
، محمود (٢٠٠٥) لغة الخطاب السياسي.. دراسة لغوية تطبيقية في
ضوء نظرية الاتصال .دار النشر للجامعات .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP