ھەموو کوردستان مەیدانی خەباتی یەکێتیەو کەرکوکیش چەقی ئەو خەباتەیە
كەركوك وەك شارێكی گرنگ لە باشوری كوردستان، هەردەم جێی بایەخی جەنابی مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، لەدوای دامەزراندنی یەكێتی لە 1/6/1975 كەركوك یەكێك بوو، لە دۆسیە سەرەكیەكان، كە مام جەلال و سەركردایەتی یەكێتی كاریان لەسەر كردوە، بۆ نموونە بەرگریی بەردەوامی مام و یەكێتی لە كەركوك و پێداگریی لەسەر كوردستانی بوونی کەرکوک.
مام جەلال لە لێدوانێكیدا ساڵی ١٩٩٢ لەبەردەم جەماوەرێكی فراوانی یەكێتی و خەڵكی كەركوكدا كە دەیان هەزار كەس دەبوو وتی: (دیكتاتۆر و فاشیستەكانی بەغدا پێیانوایە، بە هەڵواسینی رۆڵەکانی نەتەوەی دلێری كورد لە كەركوك دەتوانن ئاگری بابەگوڕگوڕ دابمركێننەوە، بەڵام خەیاڵیان خاوە، نەتەوەی كورد نەتەوەیەكی زیندوو و تێكۆشەر و كۆڵنەدەرە، هەتا كوردێك مابێت كەركوك شارێکی كوردستانە).
لە سەرۆكایەتی كۆمار مام جەلال هەموو تواناكانی خستەگەڕ بۆ پاراستن و ئاساییكردنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان و قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەو هەوڵانەی مامیشەوە، تا دەهات پێگەی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان و كەركوك بەهێزتر دەبوو، لە هەموو هەڵبژاردنەكانی دوای ٢٠٠٥ یش یەكێتی بەتایبەتی و كورد بەگشتی زۆرینەی دەنگی ئەو ناوچانەیان بەدەستهێنا، سەرۆک مام جەلال ھەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە كە كەركوك مەسەلەیەکە قابیلی دەست لێ هەڵگرتن نیە، ئەمانە بۆچوون و رای نەگۆڕی ئەو سەركردە مەزنە بوو سەبارەت بە كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری، تا لەژیانیشدا بوو، دەستی لەو دروشم و راستیانە هەڵنەگرت و لەو هەڵوێست و سیاسەتەی سەبارەت بە كەركوك بەردەوام بوو، لە ئێستاشدا هەم لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق و هەم لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان چالاکی و دیدارەکانی سەرۆک بافڵ، جۆشدانەوەی خەباتێکی رەوا و حزبایەتیەکی یەکێتیانەیە و نەفەس و ئاراستەی یەکێتییە لە نوێبوونەوە و گۆرانکاری و گێڕانەوەی یەکێتیە بۆ ئەو بەرنامەیەی کەمامی گەورەمان دایڕشت، ھەموان دەزانین کە بەدرێژایی مێژوو، لە خەباتی چەكداریو سیاسیو پەرلەمانیو یاساییو دیموكراسیدا یەكێتی قوربانی زۆری بۆ كەركوك داوەو لەو پێناوەیشدا هەمیشە بەردەوام دەبێت و لەئێستاشدا بریارێکی گرنگی وەکو بەستنی کۆنگرە لەکەرکوکی قودسی کوردستانەوە بەسەرپەرشتی سەرۆک بافڵ بڕیاری لێدرا.
بەستنی کۆنگرە بۆ هەر حزبێکی سیاسی هۆکاری دەرەکی و ناوخۆیی خۆی هەیە، چ لە روی سیاسی و گۆڕانکاری و پێشهاتەکان، یان لە روی پێویستی بە نوێبونەوە و بەخشینی روحێکی نوێ بە حزب و داڕشتنەوەی پەیڕەوو پرۆگرام بەشێوازێکی سەردەمیانە کە لە ئاست متمانەی جەماوەری بێت، دەرفەتێکیشە بۆ هاتنە پێشەوەی پۆلێکی نوێ و بەھیمەت و گوڕوتین و بەبیروباوەڕ بۆ درێژە دان بە خەبات وتێکۆشان .
بۆ حزبێکی وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تەمەنی سەروی ٤٨ ساڵە، بەستنی کۆنگرە قۆناغێکی هەرە گرنگ و چارەنوسسازی ناوخۆی حزبە، چونکە سیاسەتی یەکێتیە لە ئاراستە دیموکراسی و ئازادیەکەی کە تا ئێستا بۆتە سەکۆی ئازادیی ڕادەربڕین و گرنگی داوەتە پرسە نەتەوەییەکان، لە لایەکی تریشەوە خاوەن ئەو پێگە بەهێز و فراوانەی سیاسی و جەماوەری یە، جگە لەو دەستکەوتە گەورانەی کە لەسەر دەستی یەکێتی بە دەست هاتوون و ئەرکی پاراستنیان کەوتۆتە سەر شانی یەکێتی و لە خەباتی بەردەوام دایە بۆ گەیشتن بە تەواوی ئامانجەکان.
مەبەست لە بەستنی کۆنگرەش، پێداچونەوەیە بە قۆناغی نێوان دوو کۆنگرە و دەست نیشان کردنی خاڵە ئەرینی و نەرێنیەکان و پێداچونەوەیە بە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزب، ئامانجە دوور و نزیکەکان، دیراسەت کردنی بۆ دۆخی سیاسی و دارشتنی نەخشە رێگا بۆ قۆناغی داهاتوو.
کۆنگرە شەرعیەتێك دەداتەوە بە یەکێتی و خاوەن بڕیارەکانی ناو ئەو حزبە، دووبارە کەشێکی دیموکراسی سازدەکاتەوە، رەوانشاد سەرۆک مام جەلال هەمیشە بە گرنگیەکی زۆرەوە لە کۆنگرەی دەڕوانی و هانی ئەندامان و کادرانی یەکێتی دەدا کە ژنان و گەنجان بێنە پێشەوە و بەشداری بکەن لە کاروانی خەباتی حزبی شەهیدان، ھەر بۆیە کۆنگرە و نوێبوونەوەی یەکێتی وەفاداریە بۆ خوێنی شەهیدانی یەکێتی و پاراستنی ڕێبازەکەی مام جەلال .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP