یەکێتی و نەخۆشخانەی ھیوا

شێخ سەروەر بەرزنجی
18:11 - 2023-08-24

یەکێتی و نەخۆشخانەی ھیوا

سەروەر بەرزنجی

ساڵی ٢٠٠٧ نەخۆشخانەی ھیوا لە پارێزگای سلێمانی بەڕوی ھاووڵاتیانی پارێزگاکەو سەرجەم دانیشتوانی عیراق و ھەرێمی کوردستاندا کرایەوە، نەخۆشخانەکە ھەنگاوێکی گەورە و  گرنگ بوو لەکەرتی تەندروستی بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان،ھەرچەندە ئەوکاتەی کرایەوە ڕێژەی شێرپەنجە لەو ئاستە بەرزەی ئێستادا نەبوو، بەڵام بۆ ئێستاو داھاتوو گرنگی بنیاتنانی ئەونەخۆشخانەیە بەڕونی دیارە.
یەکێک لەو کەسایەتیانەی کەناوی لەڕیزبەندی یەکەمی ئەو کەسانەدایە کە زۆر ھاوکاری نەخۆشخانەکەی کردوە لە دروستکردن و پاڵپشتی بەردەوامی کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکە سەرۆک مام جەلالە، بەجۆرێک سەرجەم پزیشکانی نەخۆشخانەکە مام جەلال وەک قەڵایەک وەسف دەکەن بۆ خۆڕاگریی و بەردەوامبوونی کارەکانیان،لەکاتی ئەرکی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق بەشێک لەبودجەی تایبەتی خۆی مانگانە ڕەوانەی نەخۆشخانەکە کردوە بۆ ئەوەی ناچارنەبن کارەکانیان بەکەموکوڕی بڕوات و نەخۆشەکان بێ ھیوابن، بۆیە سەرۆک مام جەلال تا لەژیاندا بوو جگە لە دابینکردنی ئەو بوجە تایبەتەی خۆی لەسەرۆکایەتی کۆمار لەئیدارەی گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەھەمان شێوە بڕێکی باش پارەی دابینکردبوو بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕیەکانی نەخۆشخانەکە.
دوای کۆچی سەرۆک مام جەلال ھاوکارییەکان کۆتاییان نەھات و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بەردەوام بوو لەسەر کارەکانی مرۆڤ دۆستی سەردەمی مام، بەھەمان شێوەی ڕابردوو ئێستا یەکێتی یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی مانەوەو بەردەوامبوونی نەخۆشخانەی ھیوا.
بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە لە دیمانەیەکی ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە بڕی زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بافڵ جەلال تاڵەبانی تەرخانکراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشەکانی نەخۆشخانەی ھیوا، جگە لەوە بڕی ٢٨٠ ملیۆنی تری تەرخانکردووە بۆنۆژەنکردنەوەی بەشی خوێنی گەورە ساڵان لەنەخۆشخانەکە، لە ھەمان کاتدا ١٢٠ خۆبەخشی نەخۆشخانەی ھیوا چەندین ساڵە مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لە ئیدارەی گشتی یەکێتیی دابین دەکرێت، ئەمانە بەشێکی کەمن لەو ھاوکاریانەی کە یەکێتی بەدرێژایی دروستکردنی نەخۆشخانەکە پێشکەشی کردون.
ئێستا نەخۆشخانەکە بوەتە پێشکەوتوترین نەخۆشخانە لەسەر ئاستی ھەموو عیراق بەگشتی، بەجۆرێک نەخۆشەكان لەسەرانسەری عیراقەوە سەردانی سلێمانی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانیان، لەبەرئەوەی سەرجەم خزمەتگوزاریەکان لەناو نەخۆشخانەکە بێبەرامبەرن..
ھۆکاری سەرەکی پێشکەوتن و بەردەوامی نەخۆشخانەکە بەو جۆرە دەگەڕێتەوە بۆ پاڵپشتیەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان،ھەقە ھەموولایەک ئەو پاڵپشتیە بەرزبنرخێنن، لەکاتێکدا حکومەتی عیراق و ھەرێمیش لەئاست نەخۆشخانەکە کەمتەرخەمن و وەک پێویست بەدەم پێداویستی نەخۆشەکانەوە نایەن.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP