رەفیقەکانی شەهید ئاتیلە
ستران عەبدوڵلا
ئەمە وێنەی دکتۆر ئاتیلەیە، پاڵەوانی دوو رۆمانی کوردی و عەرەبی و.. نامیلکەیەکی ژیاننامەی سەرەتای راپەڕین .
وێنەی رەنگاو رەنگی شەهید ئاتیلەیە کە عاشقی کوردستان و شێتی کەنیشکێکی گەرمیانی و وێلی دوای بەختەوەری دوارۆژێک بوو کە قەت نەهات.
قەدەر و ماڵە باوان و رژێمی جینۆساید لە شاڵاوی ئەنفالدا کارێکی کرد (یار بۆ گڵ بێ ،نەک بۆ دڵ ).
ئاتێلە پاڵەوانی دوو رۆمانە کە وێرای جوانی هۆنینەوەیان هێشتا ئەدگاری راستەقینەی خۆی شیرینترە . کۆچکردوو مەهاباد قەرەداغی لە (فاتێلا) ئاوێتەی ناوی عاشق و مەعشوق دەکاتە هێمای دوالیزمی رۆمانەکە و سەردار عەبدوڵلاش لە ئاتێلا دوایین عاشقەکان رۆمانی فەلسەفە و ئەدەب و پێشمەرگایەتی وا گوڵبژێر دەکات نازانی چۆن فەنتازیا و واقیع لێک هەڵاوێری؟ نووسەر ئەم گێڕانەوەی خۆی بە خەیاڵی کوردی تۆمار کردووە و خوێنەری عەرەبیش سەرپشکە لە وێناکردنێکی فەلەستینیانەی موقاوەمەت و داگیرکاری.
ئاتیلەی کوردستانیی لە گوزارشتی ژیاندا تورکمانێکی هاورێی چارەنووس و تەمەنە کە دین و شێتی شاری کفری و کوردستان و فاتێ دەبێت. لە گێڕانەوەی داستانیشدا ناوەرۆکی درەخشان وەردەگرێ ئەگەرچی، دیسانەوە ، هەر روخساری بەرجەستە دڵگیر و نازدارە. ئەگەرچی سەهلی مومتەنیعی چیرۆکەکە رۆمانی نە گەرەکە ئەم بەیتە فلکلۆرییەی ماملێ دەیچڕێ کافی و شافییە؛
(بەختێ لە ئەزەل سیاچارە بێ
دەستی لێ مەدەن با ئاوارە بێ).
لەقوژبنی ئەم شۆرشە نوێیەدا سەدان حیکایەتی وا خۆی حەشارداوە و ئەمی شانۆی کفری چانسێکی خاترجەمی بوو بۆ شاری وەزیران کە ئێستا گلە و گازەندەی رەوای هەیە و قەولە زامی سارێژ بکرێت.
قوژبنی دیرۆکەکانی شۆرش وەک کوچە و دوکان و گوزەرەکانی کفری وایە: ستۆدیۆیەکی عوسمانی دراماکانی رۆژهەڵاتە و هەر دەق و دارشتنی گەرەکە، دەنا پاڵەوانەکان زیندوون و خۆیان بەسەرهاتان بەسەر دەکەنەوە.
هەندێک جار لە دەفتەری دڕاوی بیرەوەرییەکانی پێشمەرگە یان لە گۆڤار و بەرنامانی تۆماری شۆڕش لێیان هەڵدەگۆزم و جارێکی تر بە تەکنیکی نووسینی رۆژامەوانیی دەیانهۆنمەوە، لەبەر ئەوە نا وەک جووی ساجی عەلی بە دەفتەری جاراندا دەچمەوە داخۆ قەرزم لای کێیە؟ نەخێر ! جونکە سەردەمی ئەمرۆمان چی وای تیا بەسەر نییە دڵانی پێ خۆشکەم مەگەر شایەتیم لەسەر ئەم رابردووە دەوڵەمەنەکە نەبێت. خودی خۆم پاڵەوانیان نیم کەشوفشیان پێوە بکەم ، بەس حەیفم پێدێ زێر و گەوهەری دێرین لەناو تەنەکەی ژەنگاوی مەزاتخانەی ئەمرۆدا بە نرخی هەرزان بفرۆشرێن.
جا من ئەم رەسمەی شەهید ئاتێلەم لە جەنگاوەری دێرین کاک عاسی ئۆمەربلەییەوە پێ گەیشتەوە کە وەعدێکی قەرزارم و دەبێ کارەکەی لای هەڤاڵ سەرکەوت زەکی مەیسەر بکەم .
پێشمەرگە کاک عاسی گوڵبژێرێکی وێنەی بۆم ناردووە کە بەقەولی خۆی ئەوە یاداشەکانی ژیانێتی لە پێشمەرگایەتیدا.ئەم چەپکە وێنەیە هەر گوڵێکیان رووداوێکی شۆرشی نوێ دەدوێنێ
بۆ ئەوانەی دایمەی خوایە رەخنەیانە گوایە سەرهات و بابەت نییە بۆ رۆمانی کوردی
و بۆ درامای وەک گەردەلول لە ئەلبومی وێنەکانی کاکی ئۆمەربلەییەوە چەند ئەدگار و دیمەن دەگوازمەوە کە هەر دانەیەکیان حەرفی گەوهەری چیرۆکێکە ئەگەر هیممەتی داهێنان هەبێ. گشتیان روو شیرین و جوانن و هەر بیوگرافیایەک کەرەستەی سەد رۆمانن ئەگەر نووسەری بە جەرگ و ئەدیبی چەلەنگ لەم وڵاتەیدا باقی بێ و ئەگەر داڕشتنی ڕاستی و روون بەقای پێ بکرێت
ئەمانە رەفیقەکانی شەهید ئاتێلە و کاک عاسین . تیایانە شەهیدی رێی دوورن و تیایانە شاهیدی ئیفادە و مەزبەتەی رۆژگاری دوای راپەڕینن.
بێرە کوردستان عەزیزم گەر تۆ سەیرانت دەوێ.
بچنە گەرمیان رۆحەکەم گەر هون سەرهاتی سەیر دەخوازن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP