كۆنگرە (هێز) بۆ هێزی یەكێتی دەگەڕێنێتەوە
رێبین عومەر
ئەم حزبە سیاسییە سروشتی خۆی بەو جۆرەیە ئێستا لە رابردووی خۆی ناچێت، بەردەوام لە نوێگەریدایە، لەسەر دینگەی فیكری و سیاسی خۆی بۆ هەمیشە وەستاوە، كە دیموكراسی و بنەماكانی كۆمەڵی مەدەنییە كە یەكێتیی باوەڕدارە پێیی و كاری بۆدەكات.
لەدوای كۆنگرەی چوار ناجۆری سیاسی خۆی بە ژووری بڕیاری ئەم حزبەدا كرد، بەڵام لە شۆڕشی نەرمی هەشتی تەمموز و لە پرۆسەی راستكردنەوەی رێڕەودا بە رابەریی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی ئەم حزبە جڵەوی لەدەستە نامۆكان وەرگرتەوە و دووبارە كەوتەوە دەست ئەو هێزەی خاوەن رێگە و رێبازی مام جەلالە و كاری بۆ دەكات.
لە شۆڕٍشی نەرمدا كۆتایی بەسەردەمی هەڵدێر هات كە خەریك بوو یەكێتی هەڵدێرێت. كۆنگرەی چوار، دەرئەنجامەكانی نوێگەریی دروستنەكرد و نەیتوانی ئەنجامی خۆی بەسەركەوتویی بپێكێت.
لە سازدانی دیداری یەكێتی كەلەدوای كۆنگرە ئەنجامدرا، یەكێتیەكان بەكراوەیی و روونی ستراتیژی حزبایەتیان داڕشتەوە و رێگەی راستیان دیاری كرد و سەنگ بۆ حزبی شەهیدان گەڕایەوە.
دیداری یەكێتی حزبایەتی بەرێبازی نوێ داڕشتەوەو جەماوەر و كادیران بوونە ناوەندی كاری حزبایەتی و بەشداری راستەقینەی ئاڕاستەكردنی كەشتی یەكێتیی بۆ كەناری ئارام.
گۆڕانی گەورە لەدوای دیداری یەكێتی دروستبوو؛ بەجۆرێك دوور لە دەستەو تاقم تاقمێنە ئەم حزبە شەرعیەتی جەماوەری بە سەرۆكی خۆیدا.
سەرۆك بافڵ لە ماراسۆنی سیاسی و دیبلۆماسیدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و عیراق و ناوچەیی؛ توانی بەسەركەوتویی و راشكاوانە (هێز) بۆ هێزی یەكێتیی بگەڕێنێتەوە. سەرۆك بافڵ لەماوەی كاری خۆیدا بەگژ ئاستەمەكان چووەو بارە لارەكەی راستكردەوە.
بڕیاری بەستنی كۆنگرەی پێنج، ژیرو ئازایی سەرۆك بافڵ دەردەخات؛ سەرباری ئەوەی زۆر گۆڕانكاری ریشەیی ئەنجامداوە، بەڵام بۆ تێپەڕبوونی ئاریشە ناوخۆییەكان و تمووح بۆ بەهێزبوونەوەی زیاتری یەكێتی لەسەر گۆرەپانی سیاسیدا، بڕیارە چارەنوسسازەكەیدا، بەگەڕانەوە بۆ دەستە بژێران، كاروانی بونیادنانی یەكێتی دەستپێكردەوە.
ئەم حزبە لەبەردەم پرۆسەی بونیادنانە كەدەستكەوتە نوێكانی باڵاتردەكات و “حزب لە باندی سیاسییەوە دەكاتەوە بە خزمەتكارو ئامڕازی راستەقینەی خەبات و تێكۆشان بۆ گەل و وڵات و یەكێتی نێوگەل و یەكێتی.
هێزو دانایی سەرۆك بافڵ هەمیشە لە دیدە كوردستانیەكەیەوەیە كە خەم لە ئایندەی كوردستان و گەل دەخوات و كاری بۆ دەكات و چاوی لە بونیادنان و پێگەی بەهێزی هێزە كوردستانیەكانە لە ناوچەكەدا.
كۆنگرە سەرباری ئەوەی پرۆسەی نوێگەریی گەورە دەكات، بەڵام بازنەی هێزو دیموكراسیەتی ئەم حزبە كە بە ئەندێشەی سەرۆك مام جەلال دەژی گەورەو باڵاتر دەكات.
*نوسەرو رۆژنامەنووس
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP