کۆنگرەی پێنجەم و کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو
حەسەن بێگەڵاسی
پرەنسیپی دانانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو لەکۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیدا
یەکێتی بڕیارێکی ئازایانەیدا بەدیاری کردنی ڕۆژی کۆنگرەی پێنجەمی خۆی،بڕیاردان لەکۆنگرە لەو ئان و ساتەدا ئەوپەڕی هیممەت بەرزی و ورەبەرزیە بۆ یەکێتی، لەکاتێکدا هەندێک لایانوابوو یەکێتی لەم کاتەدا ئیرادەی بەستنی کۆنگرەی نیە، بەدڵنیاییەوە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لەگەڵ ئەوەی وەڵامێک بوو بۆ هەموو ئەوانەو لەهەمان کاتدا بەدیدی خۆم بەخوێندنەوەی روداوەکان کۆنگرەیەکی ڕادیکاڵ و نەوعی دەبێت کەهەموو قاعیدە و دۆستەکانی یەکێتی ئومێدیان لەسەر کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حزبە نوێخوازە هەڵچنیوە، هەموان چاویان لەسەر ئەوەیە کەئەم حزبە متمانەی زیاترو هیواو ئومێدی گەورەتر بۆ گەلی کورد و کادرو لایەنگرو جەماوەرەکەی بگێڕێتەوە.
گلەیی و گازندە دەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە لەو کۆنگرەیەدا ئەوەیە کەبتوانین هاوسەنگی سیاسی بگێڕینەوە و دڵی هەوادارو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان ئاسودە بکەین، کۆنگرەی پێنجەم کۆنگرەیەک بێت بتوانێت دیوارەکان ڕاستبکاتەوەو کەسە شیاوەکان بخاتەوە شوێنە شیاوەکان.
بەڵێ زۆرینەمان دەمێکە داوادەکەین کەحزب گۆڕانکاری ڕیشەیی و بنچینەیی لەسەرجەم ئۆرگان و سێکتەرەکانیدا بکات، ئامانجیش ئەوەیە تا بەستراتیژێکی نوێ و پڕۆژەو بیرۆکەیەکی نوێوە بێتەوە گۆڕەپانەکە، ئەوەی جێگای دەستخۆشیە ئەوەیە کەیەکێتی بەسەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ بەنەخشەو پلانێکی گشتگیر و عەقڵانیەوە قۆڵی لێهەڵماڵیوە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە ئابوری و سیاسی و گێڕانەوەی متمانەو ئومێدی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ئەوەی ئێمەی کادرو جەماوەری یەکێتی داوای دەکەین و دەمانەوێت تەنھا گۆڕانکاریی نیە لە دەموچاوەکاندا، بەڵکو بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەو نەشتەرگەری گشتیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان و بنبڕکردنی ئاڵنگاریەکان، هەمدیسان دیاریکردنی کەسانی شیاو و خاوەن کەفائەت لە پۆستە باڵاکان کەببێتە جێگای ڕەزامەندیی هەموولایەکمان.
بەرپرسیارێتی ئەم ڕۆژگارە ئەوە دەخوازێ کەهەموومان خزمەتکاری خەڵک و خاک و هاونیشتمانانمان بین، بەڵێ یەکێتی بە کردار هەنگاوەکانی دەستپێکردوە و ڕەنگدانەوەی ئەکتیڤیشیان بە جڤاک بەخشیوە ، بەڵام ئێستا ئەرکی قورستری ماوە کە جێبەجێی بکات، ئەویش چاودێریکردن و بەدواداچونی ئەو کارەکتەرانە دەبێت کە ئەرکە نوێکانیان لەکۆنگرەدا پێ دەسپێدرێت.
کەواتە دەبێت هەموو ئەوانەی پۆستی تازە و بەرپرسیاریەتی تازەیان پێدەسپێردرێت نموونەی توانست و وەفاداری بن بۆ خزمەتکردنی یەکێتیەکەیان، بۆئەوەی هەموومان بەیەکەوە لەژێر سێبەری ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەریدا لەسایەی یەکێتیدا بحەسێینەوە .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP