(٣١) ی ئاب و هێڵی خیانەت لەمێژووی کورد دا

عبداللە سەکری
19:10 - 2023-08-29

خیانەتی (٣١) ی ئاب ، ڕۆژێکی ڕەش و ساتەوەختێکی تراژیدی بوو بۆ کورد ،  وەک لاپەڕەیەکی خوێناوی و خیانەتێکی لەبیر نەکراو ،چووە ناو مێژووی کوردەوە .
خیانەتی (٣١) ی ئاب ، وەک دواهەمین ئەڵقەی ئەو هێڵەی کە بەهێڵی خیانەت ناسراوە لە مێژووی کورد ، هیچ جیاوازییەکی نەبوو لەگەڵ کۆی ئەوخیانەتانەی لە مێژووی کلاسیزمی سیاسی کورددا ئەنجامدراون ، هەروەها ئامانجی خیانەتەکە ،هەمان ئامانجی ئەو خیانەتانەی ناو مێژووی کوردبوو کە ئەنجامدراون بە مەبەستی پاراستنی دەسکەوتەکانی خێڵ و کاستێکی دەسەڵاتدارو هێشتنەوەی دەسەڵاتی سنووری ئەو خێڵانەی خاوەن پێشینەیەکی خاڵین لە مۆڕاڵ و بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی .
خیانەتی (٣١) ی ئاب ، پاشماوەی ئەو لاوازیەیە لە عەقڵیەتی سیاسی کە ڕیشەیەکی مێژوویی هەیەو هەڵگری جۆرێکە لە کولتوریزە کردنی خیانەت و بەخشینی شوناسێکی نەتەوەیی بە هەرجۆرە کوشت و بڕو تاڵانییەک لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندیی تاقم و گروپێک یان پارتێکی دیاریکراو .
ئەمجۆرە لەخیانەت، وەک خستنە ژێر پێی بەرژەوەندیی و دەستکەوتە نەتەوایەتیەکان و تەسلیم بوونەوە بە دووژمنانی کوردو گرێدانەوەی بەرژەوەندیی پارت و بنەماڵە بە سیاسەتەکانی دوژمن ،وەک عادەتێکی سیاسی هەڵگری ڕەهەندێکی مێژوویی دوروودرێژەو سەرەتاکەی لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە هیپارخۆسی ماد، گەل و خاکەکەی تەسلیم بە کۆرشی فارس دەکات،ئەم هێڵەی خیانەت پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ ئەردەشێرو پاشانیش بۆ ئەو خیانەتەی لە خانی لەپ زێڕین کراو دواتر بەمێژوودا شۆڕ دەبێتەوە بۆ ئەو خێڵ و عەشیرەتانەی لەچوارچێوەی گرێبەست و ڕێککەوتنی سیاسی ژێر بەژێر لەگەڵ دوژمنانی گەلی کورد، بۆ دەسکەوت و درێژەدان بەمانەوەیان لەخیانەت و جاشایەتیدا نغرۆبوون.
خیانەتی (٣١) ی ئاب و پەلکێشکردنی بەعس بۆ هەولێری پایتەخت و کۆمەڵکوژی و ئەتککردنی پەرلەمان و ڕاوەدوونانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی کە ئەوکات لە هەولێربوون، یەکێکە لە خراپترین خیانەتەکان لەمێژووی کۆن و نوێی کورددا، کە تا ئەمڕۆش ئاسەوارەکانی ئەم خیانەتە بەسەر جەستەی ئەم گەلەوە ماون، هەروەها ڕاپێچکردنی دەستکەوتەکانی دوای ڕاپەڕین بۆ ژێر دیفاکتۆی سیاسی وڵاتانی ناوچەکەو ئەگەری لەبەریەکهەڵوەشانەوە دەرەنجامێکی تری ئەو خیانەتەبوو .
خیانەتی (٣١) ی ئاب بەشێکبوو لەو ئەجێندایەی لەدەرەوەی سیاسەت و فەرهەنگی نەتەوایەتی گەڵاڵەکرا بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندیی دەسەڵاتێکی ماڵباتی و تاقمێکی هۆڤی دیاریکراو کە ئەنجامەکەی سەپاندنی سیاسەتێکی پاشڤەرۆیانەو زیانگەیاندن بوو بە دۆزی کورد، لە سەرئاستی ئیقلیمیش هەموو ئەو گرێبەستە بازرگانی و سیاسی و هەواڵگریانەی تاکلایانە و ژێربەژێر ئەنجامدراون،بەبێ لەبەر چاوگرتنی ڕەهەندە گرنگە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، دەرهاویشتەو پاشەواری ئەم خیانەتەن و هەرێمی کوردستانیان بەرەو چارەنووسێکی مەترسیدار ڕاپێچکردووە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP