یەکێتی لە نێوان هێز و هزر دا

محسن ئۆسمان
22:10 - 2021-04-07

یەک لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لاسەنگبوونی بواری "هێز و هزر"ە، چونکە پاشخانی ئەم دەڤەرەیە، لە سەر کۆمەڵێک مێتۆد و دیاردە "کۆدەتا/ هێزی رەقە" بەردەوامبووە.

 

ئەگەر ئێمە تەماشای مێژووی بزوتنەوەیی نەتەوەیی کوردی بە درێژای سەد ساڵی رابردو بکەین، هەمیشە لاسەنگی لە نێوان "هێز و هزر" دا هەبووە. کەواتە یەک کەناڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بە سایەی هێزی رەقبووە.

ئێستا ئەزموونی باشووریش لە سەر هەمان پەروەردە و ئاراستەکردن دا بەردەوامە. لەوانەیە رەوشەکە، بخوازیتە زیاتر گرنگیدان بە بواری ئەولەهی/ ئەمنی، بەڵام ئەمە بیانوی ئەوە نییە، کە هەموو پلان و بیرکردنەوە تەنیا لە بواری هێزی رەق، لە سەر حسابی هێزی نەرم/ هزر دا بێت.

بە تێگەیشتنی من، یەکێتی لە هەموو پارت و پێکهاتەکانی کوردستان، زیاتر دەرفەتی هاوسەنگی بواری "هێز و هزر" هەیە، چونکە یەکێتی کە لە شاخیش بووە، زۆر گرنگی بە بواری هزر/ رۆشنبیری (یەکێتی "نووسەران" و "هونەرمەندان" داوە). لە بەرئەوە، دەبێت ئیتر یەکێتی بیر لە دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەتی بواری هزر/ رۆشنبیری بکاتەوە. راستە هێز دەتوانێت هزر بپارێزێت، بەڵام هزریش دەتوانێت گیان و مۆراڵ بداتە هێز.

لە ئەنجامدا دەبێت ئەوەش بڵێین، خۆ ناکرێت ئێمە بە پێشنیار باری یەکێتی قورستر بکەینەوە، بەڵام داوای ئێمە تەنیا لە بواری توانای یەکێتی دایە. دەبێت ئەم هەوڵەش، یەکەم جار لە سلێمانی دەست پێ بکات، چونکە سلێمانی هەم پایتەختی رۆشنبیریە و هەمیش سلێمانی لە شارەکانی تری کوردستان، زیاتر ئامادەی ئەم بوارەیە. لە بەرئەوە، دەبێت سلێمانی لە رووی پراکتیک و کردەوە، ئەم رۆڵە گرنگ و مێژوویە ببێنێت.

محسن ئۆسمان
هەولێر، 2021.04.07

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP