سەروتاری راگەیاندن
پیرۆز بێت كۆنگرەکەمان
سەعات یانزەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە تەلاری هونەر، لە شاری سلێمانی دەست پێدەكات.
ژمارەیەكی بەرچاوی سەركردە و سیاسەتمەداری كوردستانی و عیراقی و دۆستانی یەكێتی، دەیان تێكۆشەری ئەندامی كۆنگرە بەر بەرچاوی كامێرای دەیان كەناڵی خۆماڵی، كوردستانی و عیراقییەوە شایەتی ئەم رووداوە گەورەیە دەبن كە نەخشەڕێی سیاسی یەكێتی و سیاسەتی كوردستانیی بۆ قۆناغی داهاتووی كوردایەتی و دیموكراتی لە وڵاتەكەمان دادەرێژێت، هەیكەلی پێویستی ئۆرگان و دامەزراوە، سەرۆك و سەركردایەتی دەربەستی ئەنجومەنەكانی جیاجیای یەكێتی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەركی قورس و دژواری نوێوە و ئومێدی هەموو یەكێتییەكان دێنێتەدی كە لەم وێستگەیەوە یەكێتی لێبراوانە بپەرژێتە سەر خزمەتی زیاتر و چۆنایەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
كۆنگرەی یەكێتی هەر بۆنەیەكی حزبی و سیاسیی حەریفانە نییە، بەڵكو جەژنێكی میللی و نەتەوەییە سەبارەت بە ڕەهەندی خەباتی هەمەلایەنەی حزبەكەی سەرۆك مام جەلال لە هەموو كایەكانی تێكۆشاندا.
بۆیە هەموو چاویان لێیەتی.
كۆنگرە نیەتی پتەوكردنی باسكی بەهێزی بزووتنەوەی نیشتمانیی و دیموكراتی لە كوردستان و عیراق هەیە كە یەكێتی بە سەربەرزییەوە بڕیاری داوە بگەڕێتەوە سەر ئەم ڕاستەڕێی خەباتەی مام جەلال و باوكە دامەزرێنەرەكانی یەكێتی بناغەكەیان داڕشت و ئەمرۆ (600) هەڤاڵی ئەندامی كۆنگرە لەسەری دەڕۆن و لەسەری دەكەنەوە.
ئەم ئەركە قورسانە هی ئەوە نین هەڤاڵانی بە پەرۆش کە نوێنەرایەتی هەزاران هەزار ئەندام و لایەنگری یەكێتی دەكەن بۆ رێككەوت یان بەركەوتی لابەلا جێی بێڵن، بەڵكو بە ویستێكی هەڤاڵانە و بەرچاوروونییەكی ژیرانەوە رووبەرووی دەبنەوە و مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.
لەم سێ رۆژەدا بە گیانێكی هەڤاڵانە و یەكێتییانە و بەرپرسانە رایدەپەرێنن و هەروەك هەڤاڵ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی: بە یەكگرتوویی دەچینە كۆنگرە و بە یەكگرتوویی لێی دێینە دەرەوە.
پیرۆز بێت كۆنگرەی پێنجەم
پیرۆز بێت رێی ئاوەدانی (نوێگەری لە كاردا، كۆدەنگی لە بڕیاردا)
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP