ئەو سەرۆکانەی هەمیشە لەدڵی میللەتەکانیاندا دەمێننەوە

هەژار سدیق
15:15 - 2023-10-04

ئەو سەرۆکانەی هەمیشە لەدڵی میللەتەکانیاندا دەمێننەوە
هەژار سدیق

لەدوای تێكشکان و نەمانی دەوڵەتە خۆسەپێنەکەی عوسمانی و هاتنی ئینگلیزو فەرەنساویەکان و تا ئەم ساتە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  تەنها نوری سەعید و ئەنوەر سادات و حەبیب بۆرقێبە و شاحوسێن و شێخ زاید و مام جەلالی هەبوە وەکو پیاوی دەوڵەت و سیاسەتمەداری ڕاستەقینە .
ئەم شەش سەرکردەیە، دوایین سەرۆك و پاشا بوون، کەژیانئاواییان کرد، جگە لە نوری سەعید، خەڵك بۆیان هاتنە سەر شەقام و بەکوڵ بۆیان گریان .
چونکە ئەم پیاوە مەزنانەی دەوڵەت، دوایین کەسن خەڵك بۆیان گریان و خەمباربوون بەکۆچی دواییان، چونکە هەموو هەوڵێکیان لەپێناوی خۆشگوزەرانی و شکۆمەندیی میللەتەکانیان بووە، هەوەس و ئارەزووی سەرکردەی شەرقیانەشیان نەبووە، هەردەم لەپێناو بەرەو پێشبردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیەکانیان و بەرزڕاگرتنی شکۆی وڵاتەکانیان، تا دواهەناسە تێکۆشاون .
ئەوان پڕ بەمانای وشە پیاوی دەوڵەتەکانیان بوون، بەڵام بەداخەوە، ئێستا ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەتاڵبووە لەپیاوی دەوڵەت و پڕبووە لەدەوڵەتی پیاوەکان .
لەدەوڵەتی پیاوەکاندا، سەرۆکەکان هیچ هەلێك لەدەست نادەن بۆ دزینی سەروەت و سامانی میللەتەکانیان، لەکاتی هێنانەخوارەوەشیان لەسەر کورسی دەسەڵات، میللەتەکانیشیان هیچ هەلێك لەدەست نادەن، بۆ تەفروتوناکردن و تاڵانکردنی سامانە دزراوەکانیان کە لەسەر بەرزایی و گردۆڵکەکان مۆڵدراون .
دەوڵەتی پیاوەکان بەچەند شتێکی زۆر بچوك دەناسرێنەوە، بۆ نمونە، باوەڕیان بەهیچ ئایین و ڕێبازێك نیە، بەڵام زۆرترین پەرستگە و شوێنی لەشفرۆشی دروست دەکەن و خوێندنگەکانیش وێران دەکەن .
لەدەرەوەی سنوری وڵاتەکانیان بەردەوام حەز بەدۆڕاندن دەکەن و چێژ و خۆشی لە دواکەوتوویی و برسیەتی میللەتەکانیشیان دەبینن.
دەوڵەتی پیاوەکان سیفاتی زۆر ناشیرینتریشیان هەیە، بەڵام جارێ هەر ئەوەندەیان بەسە.
درود بۆ گیانی لێبوردەترین سیاسەتمەداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نایابترین پیاوی دەوڵەت جەنابی مام جەلال .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP