جەلادی ئێمەو قارەمانی ئەوان..!

د.عەدالەت عەبدوڵڵا
18:40 - 2023-10-22

چ هەڵوێستێکی سەیرە، ئەمڕۆ هەینی لە زۆر مزگەوتی کوردستاندا نزای خێر بۆ خوشک و برا فەلەستینییەکان کرا کە ئەرکێکی ئاینی و جوانە، کەچی هەر ئەمڕۆش لە خۆپیشاندانەکانی فەلەستین و ئەردەندا دوعاو دروشم بە باڵا و روحی سەدام حسێندا دەوترایەوە..! گەردنتان ئازا بێ!، ئێمە موسڵمانی ڕاستگۆین و  هەر لەبەر باوەڕیشمان بە خوا نزاتان بۆ ئەکەین، ئێوەش عروبییەکی (موسڵمان) کە دڕندەییەکانی سەدام دەرهەق بە نەتەوەیەکی موسڵمانی وەک کورد تاڵێک مووی لەشی کەستانی گرژ نەکردو ناکاو هێشتاش هەر بە شان و باڵی خوێنڕێژێکدا هەڵدەدەن و لەپارێزگاکانتانا وێنەو پەیکەری بۆ دروست ئەکەن و شەقامی بەناوەوە دەنێن..!

 بە کورتی، هەریەکە بەپێی خۆی هەڵدەواسرێ، ئەو سەدامەی کە 39 مووشەکی نا بە دوژمنەکەتانەوە، بە هەزارانی نا بە ئێمەوە، لەو پرۆسە بێ سوودەشدا دە ئیسرائیلی نەپێکا، بەڵام نیو ملیۆن کوردی موسڵمانی لەناو برد.! لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەر خودا، نزای خێرمان بۆ لێقەوماوانتان هەیە، چونکە دڵنیاین، هیچ نەبێ، مناڵەکانتان ئاگایان لەم دووفاقی و نیفاقە نییە و پەپولەن و شایەنی نزاو ڕەحم و خۆشەویستیمانن.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP