سنوورێك بۆ ژن كوشتن دانێن

شاناز هيرانی
17:58 - 2021-04-19

سنوورێك بۆ ژن كوشتن دانێن

شاناز هیرانی

دەیان ساڵە بە ناوی باشتركردن و بنەبڕكردنی دیاردەی كوشتنی ژنانەوە، سەدان ستراتیژ و بەرنامە راگەیەنراوە، كەچی هەموویان مەرەكەبی سەر كاغەز بوون و هەنگاوێك ژیانی ژنانی بەرەو پێشەوە نەبرد.

دادگاكان پڕن لە كەیسی كەڵەكەبوو، ژنانی كەم دەرامەت بەهۆی نەبوونی پارەوە بۆ گرتنی پارێزەرێك، ناچارن دەست لە داواكانیان هەڵگرن و دواتر دەدرێنە بەر دەستڕێژی گوللە. شێڵتەرەكان جمەیان دێت لەو ژنانەی سنووری عورفەكانی كۆمەڵگەیان بەزاندووە، كەچی دواجار هەر ئەو شێڵتەرانە دەبنە زیندانێكی هەتاهەتایی بۆ ئەو ژنانە.

چەندین ساڵە نیوەی ژنانی ئەم وڵاتە لەژێر هەڕەشەی توندوتیژیدان و زۆربەی جار بە كوشتن و خۆسووتاندن كۆتایی بە ژیانیان دێت.

تاوانی كوشتنی ژنان بە بیانووی جیاجیاوە قێزەونترین جۆری تاوانە لە جیهاندا، هۆكارەكەشی لە ئەنجامی ئەو كەموكوڕیانەوەیە كە لەناو سەنتەری هێزی كۆمەڵگە و رادەی رۆشنبیریی تاكەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، بە زۆرییش لەناو كۆمەڵگە تەقلیدی و دواكەوتووەكاندا دەبینرێت، كە ژن تێیدا بە هاووڵاتی پلە دوو هەژمار دەكرێت.

كوشتنی ژنان بەم چەشنە تەنها تاوانێك نییە دژی ژنێك، بەڵكو تاوانە دژی تەواوی مرۆڤایەتی بە گشتی و نەوەی داهاتووش بەتایبەتی، دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری دەروونی و ترس و دڵەڕاوكێ لەسەر خێزان بە گشتی، وەكو پایەیەكی كۆنكرێتیش دژی پێشكەوتن و گەشەسەندنی كۆمەڵگە دەوەستێتەوە.

كوشتنی ژنان لەسەر ئەو سەرپێچییانەی كە لەناو كۆمەڵگەدا لێی قەدەغەكراوە، بە یەكێك لە شێوازەكانی جیاوازی و ئەتككردنی مافی مرۆڤ دژی ژن دادەنرێت، ئەم گرفتە لە تەواوی جیهاندا لە ئارادایە، بە تایبەتی لەناو كۆمەڵگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە كوردستانیش دەگرێتەوە.

رۆژانە لەم هەرێمەی ئێمەدا ژن بە پاساوی زۆر لاواز دەكوژرێن و دەبنە سووتماكی بیركردنەوەیەكی كۆنەپەرستانە، بۆیە پێویستە ژنان و چالاكوانانی بواری ژنان سەرەتا بەشەڕ بێن لەگەڵ ئەو یاسایانەی كە لە بەرژەوەندیی ژناندا نین، تاكە رێگەیەك كە لە بەردەستدایە بۆ رزگاركردنی ژنان لەو جۆرە كۆمەڵگەیانە، گوشار خستنە سەر دەسەڵاتی سیاسییە بە مەبەستی گۆڕینی یاسا نایەكسانەكان كە بەربەستە لەبەردەم هەموو گۆڕانكاری و بەرەو پێشەوەچوونەكانی ژناندا.

هەرچەندە ئەو گۆڕانە وا ئاسان نییە، بەتایبەتی لەم دۆخەدا كە حكومەتێكی دامەزراوەیی لەئارادا نییە و ژنانیش خۆیان پەرش و بڵاو و بێ رۆڵ و بێ كاریگەریین و بێ كاریگەریش كراون. سەرباری گەیشتنی ژمارەیەكیش بە پێگەی باڵا، بەڵام رۆڵێكی ئەوتۆیان لەسەر كەمبوونەوەی دیاردەی خۆكوشتن و كوشتنی ژنان لەلایەن رەگەزی بەرامبەرەوە نییە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP