هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوەڕاستی مانگی دوانزەی ئەمساڵدا یەكێكە لەهەڵبژاردنە چارەنوسسازەكان بۆكورد بەتایبەت لەكەركوك، چونكە زیاتر لە ١٨ ساڵە لەدوای پرۆسەی ئازادی لەعێراقدا تائێستا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە كەركوك ئەنجام نەدراوە، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنێكی گرنگە بۆ گەلی كورد بەگشتی چونكە ئامانجی كورد دووبارە بەدەستهێنانەوەی دەسەڵات و وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، هەروەها بەدەستهێنانی زۆرترین كورسییە بۆ كورد لەو شارانەی تر كەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تێدادەكرێت وەك موسڵ ودیالە، كە كورد بەگشتی بەشداری دەكەن، بەتایبەتی یەكێتی وپارتی كە دوو هێزی گەورە و دیارن لەهەندێك ناوچە بەهاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنی سیاسی تردا یان بەهاوپەیمانی لەگەڵ لایەنیكی تردا كەئەمەش لەدنیای هەڵبژاردندا سرووشتیە .
هەموان ئەوە دەزانین زیاتر لەمانگێكە بانگەشە دەستیپێكردووە و هەر لایەنە بەپێی ستراتیژ و ئامانجی خۆی بەو شێوەیەی دایڕشتوە بانگەشە دەكات و دەكرێت بڵێین بانگەشەیەكی هێمن بەڕێوەدەچێت، ئامانجی سەرەكی سەلماندنی كوردە و ئەو ناوچانە كوردن مافی هەموو لایەكیانە بانگەشە بۆ حزب و كاندیدەكانی خۆیان بكەن.
بەتایبەتی لایەنەكوردییەكان لەم بانگەشەیەشدا پەیام و سیاسەت و ستراتیژی یەكێتی ڕوون و ئاشكرایە كەسیاسەتێكی كوردانەیە دوور لە سیاسەتی حزبایەتی ئەوەی ئامانجێتی بەدەستهێنانەوەی دەسەڵاتی كوردییە بەگشتی و لەكەركوك بەتایبەتی، بەم شێوازەش بانگەشەی خۆی دەكات دوور لەبەرژەوەندی تەسكی حزبی چونكە، ئامانجی سەرەكی یەكێتی كوردبوون و كوردایەتی و خزمەتكردنی خەڵكەكەیەتی كەچی هەر لەكاتی گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەیەكەم بانگەشەیدا وەك ئەوەی بڵێیت تەنها و تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا ركابەریەتی و هیچ حزب و لایەنێكی تر نیە.
ڕۆژ بەڕۆژ لە كەناڵەكانیان و سێبەرەكانیان هێرش دەكەنە سەر كاندید و سەركردەكانی یەكێتی لەوشارانە، بێگوێدانە یەكخستنی نێو ماڵی كورد و یەكهەڵوێستی كورد بۆ بەدیهێنانەوەی مەرامەكانیان وەك چۆن لەڕابردوودا بەشێكی زۆریمان لەدەستدا بەهۆی ڕیفراندۆمە فەنیەوە. ئەم جارەش ئەوەی لایان گرنگ نەبێت كوردبوون كوردی ئەو شارانەیە تەنها كار بۆ ناشرین كردنی یەكێتی دەكەن بیریان چۆتەوە هەموو كورد دەیان ساڵە خەبات و قوربانیانداوە لەپێناو سەلماندنی كوردبوون و كوردستانی بوونی كەركوكە.
ئەوان دەریانخست وەك چۆن ئامادەنەبوون هەموو لایەنە كوردییەكان لەو شارانە بەیەك لیست و یەك هەڵوێست بەشداری لەم هەڵبژاردنانەدا بكەن. ئاوهاش دەیانەوێت هەموو هێزی بانگەشەیان بخەنەسەر یەكێتی بۆیە ئەمە جیاوازییەكەی ئێمە و ئەوانە روونتریش ئەوەیە كە ئامانجی یەكێتی ڕوونە و كەركوك هێز و ئیرەدەمانەوە كاردەكەین بۆ وەگرتنەوەی دەسەڵات و لەموسڵ وشارەكانی تریش دەبینە بەشێك لەدەسەڵاتە ئیدارە خۆجێیەكان تابتوانین باشترین خزمەت پێشكەش بكەین.
نوێنەرەكانمان داكۆكیكارێكی سەختی خەڵكبن تا خەڵك ئازاد و ئارام وخۆشگوزەران بژین، هەروەكو شاعیری گەورە مەحوی فەرمویەتی (كەسێ شێتانە بەردم تێبگرێت من بەرقی تێدەگرم) بۆیە باشتر وایە پارتی لەجێگەی ئامانجی تەنها و تەنها خۆپەرستی و دژایەتیكردنی یەكێتی بێت بابیر لە هەستی نەتەوایەتی وسەلماندنی كوردبوونی كەركوك وشوێنەكانی ترە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP