عەلی شەمدین
چوون بەرەو شام بە لۆری
(٤٥)
رێوشوێنی سەفەركردن لە كوردستان و هەروەها بەپێچەوانەوە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی بەردەم مام جەلال بوو، چونكە قەدەغەكردنی سەفەری لەسەربوو بە شێوەی رەسمی و هەروەها بەهۆی فەرمانی رێگریكردن لەهاتنی كە لەلایەن هەندێ وڵاتەوە دژ بەو دەركرابوو، بۆیە مام جەلال زۆرجار ناچاردەبوو بە دۆكیۆمێنتی ساختەوە یان لەرێگەی دەروازەی سنووری نارەسمیەوە ببپەڕێتەوە، بەوەش ژیانی زۆرجار دەكەوتە مەترسییی راستەقینەوەو تەنها بە رێكەوت و چانس رزگاری دەبوو، (شام)یش یەكێك لەو پەناگە و شوێنە سەرەكییانە بوو، كە ئەو ئاسانكاریی و دۆكیۆمێنیتی پێویستی سەفەری تێدا دەستدەكەوت، بۆ بەردەوامی دان بە گەشتە مەكوكییەكانی بۆ وڵاتانی جیهان و بۆ بەرگریكردن لە مەسەلەی نەتەوەیی كورد.
دۆكیۆمێنتی نارەسمی و ناوی خوازراو لە نموونەی ئەو گەشت و سەفەرانەی مام جەلال، جارێكیان بە ناسنامەو دۆكیۆمێنتی ساختەوەو بەناوی محەمەد موسا سادق، لەعیراقەوە دێت بۆ شام بۆ ئەوەی بتوانێ لەوێوە سەفەر بكات و بەشداری فێستیڤاڵی قوتابیان و لاوانی جیهان لە وارشۆ بكات لە ساڵی 1955، جارێكی تر هەوڵی پەڕینەوەی لەڕێگەی دەروازەی تەل كۆچەرەوە دەدات بەرەو سوریا بەهەمان دۆكیۆمێنت، بەمەبەستی ئامادەبوون لە هەمان فێستیڤاڵی قوتابیان و لاوان لە مۆسكۆ لە ساڵی 1957دا،بەڵام لەسنووری عیراق و سوریا دەستگیردەكرێت و رەوانەی گرتووخانەی حەسەكە دەكرێت، هەروەها جارێكیان رێگری لێدەكرێت بێـتە ناو خاكی سوریا لەرێگەی دەروازەی تەنەفی سنووری بەهۆی بوونی فەرمانێكی قەدەغەكردن لەسەر هاتنی بۆ سوریا لە ساڵی 1970دا، ئەوجارەیان چانس یاوەری دەبێت بەهۆی پەیوەندیكردنی تەلەفونی بەحافز ئەسەدەوە كە ئەوكات سەرۆك وەزیران دەبێت، یەكێك لە مەترسیدارترین ئەو سەركێشی و سەفەرانەی مام جەلال پەڕینەوەیەتی لە رووباری دجلەوە بۆ گەڕانەوە بۆ كوردستانی عیراق لەرێگەی دەروازەی نارەسمی فیشخابوورەوە لە ساڵی 1991دا، چونكە ئەوكات رووباڕەكە زۆر بەخوڕ دەبێت و ئەویش لەرێگەی بەلەمێكی بچوك و كۆن و سادەوە دەپەڕێتەوەو بەناو شەپۆلی توندو بەخوڕی ئاوەكەوە ئەوەندەی نامێنێت ژیانی لەدەستبدات بەڵام دواجار بەسەلامەتی دەپەڕێتەوە.
مام لەماڵی حەمید دەروێش لەیەكێك لەسەفەرەكانی مام جەلالدا لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 2000 لە ماڵی هەڤاڵ عەبدولحەمید دەروێش لەشاری قامیشلۆ بەدیداری شاد بووین، ئەوكات مام جەلال لە رێگەی دەروازەی فیشخابووری سنووریەوە لە كوردستانی عیراقەوە هاتبووە ناو سوریا، دوای كەمێك حەوانەوە لە ماڵی هەڤاڵ حەمید دەروێش، ژمارەیەك هەڤاڵانی پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا بەڕێی دەكەن بۆ فرۆكەخانەی قامیشلۆ، بۆ ئەوەی لەوێوەبەرەو شام و دواتریش بەرەو ئەوروپا بچێت، لە گەشتێكی تری دیپلۆماسییدا، كە تێیدا لەو وڵاتانە باسی دڕندەیی رژێمی بەعس كرد و پەردەی هەڵماڵی لەسەر تاوانەكانی سەدام حسێن بەرامبەر بەگەلی عیراق، هەروەها لەو گەشتەیدا توانی رای گشتی یەكبخات دژ بە رژێمی بەعس و هەوڵی زۆریدا بۆ قەناعەتپێكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پێویستی روخاندنی ئەو رژێمە، لەبەر مەترسیی بۆ عیراق و ناوچەكەوجیهانیش، لەبەر درككردنی سەركردایەتی سوریاش بە گرنگی جەولەكەی مام جەلال و ئەو رۆڵەی رەنگە بیبینیت لە ئایندەدا عیراق ئەوا ئیدارەی فرۆكەخانەی قامیشلۆ زۆر بەگەرمی پیشوازی لێكرد و لە رێ و رەسمی پێشوازیكردنەكەدا بەڕێوەبەری فرۆكەخانەكە وتەیەكی كورت و جوان و سۆزی پێشكەشكرد و جەختی لەوە كردەوە، كە ئەوان لەسەر شەرەفی مام جەلال ئیفتتاحی فرۆكەخانەكەیان كردووە، دوای ماوەیەكی درێژ لە داخستنی بۆ نۆژەنكردنەوە، هەروەها وتی فرۆكەیەكی تایبەت لە پایتەختەوە هاتووە بۆ ئەوەی مام وەكو میوانیكی ئازیز بگوازێتەوە بۆ شام.
لە راستیشدا پێشوازیی گەرمی بەڕێوەبەر و ئیدارەی فرۆكەخانەی قامیشلۆ نەبووە جێ سەرەنجی مام جەلال، بەڵكو ئەو زیاتر گرنگی بەو خەڵك و هەڤاڵانە دەدا كە هاتبوون بۆ خواحافیزی لێی، بۆیە وەكو نەریتی خۆشی ئەو هەلەی لەدەستنەداو وتەیەكی ئیرتیجالی پێشكەشكرد و تێیدا سوپاسی بەڕێوەبەری فرۆكەخانەكەی كرد لەسەر پێشوازی گەرمی لێی و جەختی لەوەشكردەوە، پاڵپشتییەكانی سوریاو هاوكارییەكانی لەبیر ناكرێن كە لەقورسترین قۆناغەكانی خەباتدا بۆ رووخاندنی دوژمنی هاوبەشیان كە سەدام حسێنە هاوكاریان بوون، وەكو ئەوەی بیەوێت تیشیان گەیەنێت كە رژێمی عیراق بەرەو كۆتایی دەروات. بەسەرهاتێكی پڕ واتا پێش ئەوەی سەركەوێتە ناو فرۆكە بۆ بەجێهشتنی قامیشلۆ، مام جەلال پێش كۆتایی دیداری لەگەڵ ئەو خەڵكەی هاتبوون بۆ خواحافیزی لێی، ئەم چیرۆكە پڕ واتاییەی گێڕاوەیە، كە ساڵانی خەباتی (نزیكەی نێو سەدە لە هەوڵ و تێكۆشانی كورت دەكاتەوە، خەباتێكی قورس بەڵام بەرهەمەدار بۆ ئازادكردنی گەل و نیشتمانەكەی، وتی لە هاوینی ساڵی 1957 لەدەروازەی تەل كۆچەر لەسەر سنووری عیراق و سوریا دەستگیركرام، بەهۆی پەڕینەوەم بە دۆكیۆمێنتی ساختە، كە دەمویست ئامادەی فێستیڤاڵی قوتابیان و لاوان بم لە وارشۆ بەناوی یەكێتی قوتابیان و لاوانی كوردستانەوە، دوای دەستگیركردنم رەوانەی گرتووخانەی قامیشلۆ كرام و لەوێشەوە رەوانەی گرتووخانەی حەسەكەیان كردم، لەوێ پەیوەندیم بە رەوشەن بەدرخانەوە كرد و بارودۆخی خۆم پێ راگەیاند و بەهەوڵەكانی ئەویش لەنیوەشەودا ئازادكرام، پێش ئەوی گرتووخانەكە بەجێبهێڵم ئیدارەی زیندانەكە لێیان پرسیم ئەگەر كەس ناناسم لە حەسەكە، دەتوانم لەلایان بمێنمەوە ئەو شەوەو سبەی بڕوم، چونكە ئەوكات و لەو شەوەدا هیچ شتێك نەبوو كەبتوانێت سەفەری پێبكەیت، مەگەر لەسەر رێی دەرەوە چاوەڕوانی لۆرییەكان بم كە زۆرجار بەوێدا تێدەپەڕین و بەرو بۆمی كشتوكاڵیان لە جەزیرەوە دەگواستەوە بۆ شاری حەلەب، لەوێشەوە دەمتوانی بەردەوام بم لەسەفەرەكەم بۆ دیمەشق، بەڵام من سووربووم لەبەجێهێشتنی گرتووخانەكەو سەفەركردن بۆ شام بەخێراترین كات بۆ ئەوەی بتوانم دواتر دۆكیۆمێنت بەدەستبهێنم بۆ فریاكەوتنی سەفەر بۆ بەشداری كردن لە فێستیڤاڵی مۆسكۆ، ئەوەبوو لەسەر رێگەی گشتی بۆ حەلەب بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سەعات وەستام، تا لۆرییەكم راگرت كە فەردەی پڕ لەبەروبوومی كشتوكاڵی تێیدابوو، كاتێ زانیم شوێنم لەلای شۆفێرەكە دەستناكەوێت ناچار چووم لە پشتەوەی لۆرییەكەو لەسەر فەردەكان دانیشتم تا شاری حەلەب. مام جەلال كۆتایی قسەكانیشی بۆ ئامادەبووان لەفرۆكەخانەكە بەمجۆرە هێنا و وتی: یەكێك لەو شتە سەیرانەی وای كرد گەشبین بم بەرامبەر بەئایندە، بینینی ئەو پێشوازییە گەرەمەی خەڵك بوو لە فرۆكەخانەی قامیشلۆ لێم و چوونم بۆ شام بە فرۆكەیەكی تایبەتی حكومەتی سوریا، لەكاتێكدا نیو سەدە پێش ئەوە بەسەر لۆرییەكی گواستنەوەی بەروبوومی كشتوكاڵییەوە لەحەسەكەوە بەرەو حەلەب چووم.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP