بەشەكەتی خەنجەر لە (كا) مەدەن !. ((قەڵا پۆڵاینەكەی كەركوك بە ئێوە ناڕوخێت))

لەتيف نێروەیی
18:09 - 2023-12-06



          لەتیف نێروەیی

هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و جەماوەری كەركوك بەجۆرێک ئاوێتەی یەكتر بوون، كە بوونەتە قەڵایەكی پۆڵاینی هاوبەش بۆ بەرگریكردن و پاراستنی ناسنامەی كوردستانی بوونی شارەكە، ئاوێتەبوونێك كە لە سەخترین دۆخ و دژوارترین قۆناغ دا هەمیشە  جەماوەری شارەكە هێزی بەیەکێتی  بەخشیووە، یەکێتیش ئیرادەی بەجەماوەری کەرکوک بەخشیووە. هەردوكیشيان هێز و ئیرادەیان لە كەركوك وەرگرتووە. 
هاوتەریب لەگەڵ مێژووی دروست بوونی ئەو ئاوێتەبوونە و تا وەكو ئێستا كە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقە، بە بەردەوامی قەڵا پۆڵاینەكەی كەركوك بە شێوازی جۆراوجۆر، هەروەها لە شوێنی جیاجیاوە، بە دژواری تیرباران دەكرێت. تیرهاوێژەكان بە خەیاڵی خۆیان دەتوانن قەڵاكە  بڕوخێنن و یەكێتی و جەماوەری كەركوك لە یەكتر داببڕن.
 
-بەشێك لە تیرهاوێژەکان،کە هەڵگری بیری توندڕەوی ورەگەزپەرسین، تیرەكانیان ژەهراوین وهەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای قەڵاكەیان داوەو دەدەن.  

-بەشێكی دیكە لە تیرهاوێژەكان بە بەرگێكی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، بەڵام بۆ مەرامێكی بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبییەوە هەوڵی روخاندنی قەڵا پۆڵاینەكەی كەركوك (یەكێتی و جەماوەری شارەكە) دەدەن، بۆ ئەو مەبەستە سیناریۆی سەیر و سەمەرەیان دارشتووە تاوەكو بە خەیاڵی خۆیان بتوانن یەكێتی لەبەرچاوی جەماوەری كوردستان بەتایبەتی لەبەرچاوی جەماوەری كەركوك ناشیرین بكەن.

-بەشێكی دیكەی تیرهاوێژەكان ئەو لایەنەن كە لە بەرامبەر دەستكەوتێكی ماددی، بڕیاری دەرەوەی ئیرادەی خۆیان جێبەجێ دەكەن.
هەموو تیرهاوێژەکان ئامانجێکی هاوبەشیان هەبوو ئەویش رۆخاندنی قەڵاکە بوو، 
 دواجار نەک نەیانتوانی تاکە بەردێکی قەڵاکە لەق بکەن، بەڵکو ئەوەندە  ماندوو شەکەت بوون  کە تیرەکانیان بڕی شورای قەڵای بەهێزی کوردایەتی ناکەن.هۆکاری ئەوەش بۆ سیاسەتی دروست و بەرپرسیارانە و نیشتمانی یەكێتی،  پشوودرێژی و پشت بەستن بە جەماوەر بەستن و دانبەخۆداگرتن و گوێنەدان بەو هەموو ناوزڕاندن و تۆمەتانەی كە رووبەرووی یەكێتی دەكرانەوە، هەر وەك بەهۆی پلانی ستراتیژی ونەگۆڕی  یەكێتی کە بۆ ئێستا و ئایندەی كەركوك دایڕشتووە. ئێستاش لە گەرمەی بانگەشەکە دا. بەرچاوی جەماوەری كەركوك لەهەموو کاتێک رونترە، دەزانن کەدەنگدان بە کاندیدەکانی یەکێتی، دەنگدانە بە قەڵای کوردایەتی و تەنها لەو ڕێگایەشەوە دەنگەکانیان  پئامانجی خۆی دەپێکێت و بەفیڕۆ ناچێت. بۆیە هاوڵاتیان و تەنانەت کادیرو ئەندامانی حزبەکانی دیکەی کوردستان بەو شێوازە فراوانە باوەش بۆ هاوپەیمانی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە دەکەنەوە. 

کەواتە باتیرهاوێژە شەکەتەکان لە دورە هەر خەریکی تیرهاوێشتن بن.    چونکە ئەوان لەو کەسە شەکەتە دەچن کە بە شەکەتی خەنجەر لە (کا ) دەدات. یەکێتییەکانیش  بەپشتیوانی جەماوەری شارەکە وەک هەمیشە پشت لە تیرهاوێژەکان دەکەن و خۆیان بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ ئامادەدەکەن، بۆئەوەی ئاهەنگی  سەرکەوتن و وەرگرتنەوەی دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن بگێرن.

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP