میللەتی کورد تەنها نەتەوە نییە لەمێژوودا دووچاری پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژی و چەوسانەوە بوبێت و هەوڵی سڕینەوەی درابێت، بەڵکو گەلانی تریش زۆرن لەپێناو نان و ئازادی و سەربەستیدا ڕووبەڕووی جینۆساید و هەوڵی قەڵاچۆکردن بوونەتەوەو باجی گەورەو قوربانیانداوە، بەڵام ئەوەی ئێمە جیادەکاتەوە لەوانیتر ئەوەیە، تاکو ئێستا نەتوانراوە ئەو تاوانانەی بەرامبەر بەکورد کراون بکرێن بەخاڵی وەرچەرخان بۆ دۆزی رەوای گەلەکەمان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان و نەتوانراوە لێکەوتەکانی جینۆساید کاڵبکرێتەوەو برینە جەستەیی و دەروونیەکانی کەسوکار و بەرکەوتوانی ساڕێژبکات، ئێستاش، کە له سەروبەندی تاڵترین یادەوەری مێژووی میللەتەکەمانداین جارێکیتر ویژدانی نەتەوایەتیمان دەمانخاتە بەر دەرگای پرسیارێکی قورس و گران، کە "36"ساڵە بەکڵۆمدراوی ماوەتەوە، ئەوەش کارەساتی هەڵەبجەیە.
کارەساتی هەڵەبجە وەکو تراژیدیترین روداوی سەردەم تەنها تاوانێکی کۆمەڵکوژی نیە، کە وەکو یادێک بۆ کردەیەکی سەردەمی خۆی سەیربکرێت، ئەم تاوانە رەگێکی قوڵی دوور و درێژتــری لەنێو بیری شۆڤــێنی و ئەقڵیەتی دەمارگیری دوژمنانی کورد هەیـەو بەپێی قۆناغ و هەل و مەرجەکان ئەو بیرە بەردەوام تەشەنەو گەشەی کردوە، ناکرێت کارەساتی هەڵەبجە بە دەرئەنجامی هۆکارێکی زاتی یاخود بە پەرچەکردارو هەڵچوونێکی سیاسی رژێــمی هەژموونخواز دژی گەلێک یان کۆمەڵگەیەک لــە زەمەنێکی دیاریکراودا وێــنا بکرێت، چونکە ئەگەرو مەبەست و کرۆکی هەقـیقەت و هۆکارە پاڵـنەرەکانی پشت ئەنجامدانی ئەو کارەساتە فرە ڕەهەند و زۆرن.
نووسین و توێژینەوە کەسییەکان بەشێوەیەکی ناڕێکخراو و لە بۆشایی و غیابی دەزگا نیشتمانیەکاندا وایکردووە ئەم کارەساتە مەجرای خۆی ون بکات و تەنها لە یادکردنەوەو لەڕۆژێکدا گۆشەگیربکرێت و لایەنەکـانیتری ڕووداوەکە لە بیربکرێت، چونکە کــۆمەڵکوژی و جینۆساید کردەیەکی زۆر ئاڵـۆزو گەورەیە، هـێندە سادەو رواڵـەتی نیە بە توێـژینەوەی کەسی و شیکاری و نووسین و تێزی ئەم و ئەو کاری لەسەر بکرێت، ئەوە کاری دەزگاو دامەزراوەی نیشتیمانی و دەوڵەتە بەو ئەرکە هەڵـبسێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت توانا کەسییەکان وەکو ئامرازێک بۆ هەنگاوەکانی دەوڵەت سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام پێوەرەکانی بنۆکاڵکاری و چەسپاندنی بنەماکانی هەر کردەیەک بەجینۆساید بێگومان کاری دەوڵەت و دامەزراوەکانیەتی.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە پێداچوونەوەو گۆڕانکاری بنچینەیی لە رێکارەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی جینۆسایدی هەڵەبجەدا بکرێت، چونکە ئەو هەنگاوانەی پێشووتر نراون هێزی پێویستی بەدەستخستن و گەڵاڵەبونی ئامانجە گشتیەکانی تێدا بەرجەستە نەبووە، تەنانەت نەیتوانیوە دۆخی هەڵەبجەش لە تەنگژەو قەیرانی گەشەو وەرچەرخان قوتاربکات، ئەوش دەخوازێ هەنگاوەکان شێوازو ئاراستەیتر وەربگرێت، بۆ دەست نیشانکردنی بژاردەی دروستیش پێویستە کەناڵەکانی پەیوەست بەم کارە لەسەر ئاستی دامەزراوەی فەرمی و لەڕێگەی کەسانی پسپۆرو شارەزاو ئاشنا بە رێساو یاسا نێودەوڵەتیەکان تایبەت بەم پرسە ستراتیژو بنەماکان سەر لەنـوێ دابـڕێژنەوە.
پێویستە ئەو ڕاستەیەش بزانین هەمیشە کات و زەمینە گونجاو نییە لەئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ ناساندنی جینۆساید، بـۆیە گرنگە لە داڕشتنەوەی نەخشەڕێگایەکی زانستی و دروست بۆ کارکردن لەسەر کەیسی جینۆسایدی گەلی کورد کات بەفـیـڕۆ نەدرێت، چونکە ژینگەی سیاسی و دۆخی حکومڕانی دەوڵەت لەعیراقدا بەردەوام ناسەقامگیرو ناجێگیرەو هەڵکەوتەی کوردستانیش لەنێو جوگرافیایەکی خنکێنەری سیاسیدایە، گرەنتی نیە جاریتر و بەشێوازی تر نەکرێینەوە خۆراکی رێکەوتنی نهێنی و پلان و پیلانی ناحەزان، بۆ ئەوەش کات لەبەرژەوەندی ئێمەدا نیـیە، بۆیە پێویستە دەست و برد بکەین لەهەنگاوەکان بۆ ئەوەی دۆسیەی جینۆسایدی گەلەکەمان بکەینە پرۆژەیەکی نیشیتمانی بۆ رزگارکردنی داهاتووی کوردستان لەو مەترسی و کارەساتانەی ،کە لەڕابردوو بەسەریدا هێنراوە، ئەوەش بەنەخشەڕێگایەکی گشتگیرو نیشتیمانی و بەگەڕ خستنەوەی ھەوڵەکان بۆ راستکردنەوەی پرۆسەی حکومڕانی و بونیادنانی سیستەمێکی بەهێزو تۆکمەی ئیدارەدان لەپێناو گێڕانەوەی متمانەو چارەسەرکردنی ڕیشەیی قەیرانی ئینتیما لای هاونیشتیمانیان، پێویستە بەحیکمەتی سیاسی هـزریەتی نیشتمانی و هۆشیاری سیاسیمان توندوتـۆڵ بکەینەوەو ئەو دەرفەتانەی، کە ماون لە پێشمان سوودی لێ وەربگرین بۆ پاراستنی میللەت و خاک و میژوو کلتورو بەرژەوەندییە نیشتمانیەکانمان و خۆسازدانەوە بۆ هەر مەترسییەک، کە لەقۆناغەکانی داهاتوودا بێتـە پێش..
لەکۆتایشدا دەکرێت بپرسین بۆ ئێستاو داهاتوو بژاردە دروستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا چین؟
تیۆری ستراتیژی چییە بۆ کارکردن لەسەرکەیسەکانی جینۆسایدی کورد؟ ئایا دەتوانین لەدوای ئەو هەموو ساڵە بە میتۆدێکی نوێ هۆكارو بەربەستەكانی بەردەم چەق بەستوویی هەنگاوەکانی بە ئامانج گەیاندنی کەیسی جینۆساید تێکبشکێنین؟
ئایا بەم پەرتەوازەیی و پاشەکشە حکومڕانیەی کردوومانە ئەتوانین پێداگربین و ئامانجەکانمان لەچنگی کارەستەکان دەربهێنین؟
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP