ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان و عیراقی پێدا گوزەردەکات یادەوەریەکی جوانی رۆژانی شاخ و حیکمەتێکی سەرکردەی ژیر و لێوەشاوە د . قاسملۆی بیرخستمەوە کە پێم وایە بۆ ئەم هەلومەرجەی ئێستاشمان هەر راستە.
ساڵی (١٩٨٤) لێبرسراوی کەرتی رێکخستنی خانەقین بووم، لە هاوینی هەمان ساڵ لە دێی حەسەن مەحەی گەرمیان، لەگەڵ کاک ئازاد هەورامی و چەند پێشمەرگەیەک بە ئۆتۆمبیلەکەی کاک ئازاد بە جادەی سەرەکی (کەلار -کفری -دووز -سەنگاو -قەراغ -دووکان -سورداش -مێرگەپان )بەرێی کەوتین بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی سێی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە لە هەواری کانی سێوی مێرگەپان لە بناری پیرەمەگرون بەسترا . ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتینە مێرگەپان.
لەگەڵ گەیشتنمان سەرەتا چاومان بە کاک نەوشیروان کەوت کە لەناو چادرێکی یەک کەسی لە سەر بەتانییەکی خەت خەتی سەوز و سپی بەدیار چرایەک و هەندێ پەرتوکی تایبەت دانیشتبوو،دوای بەخێرهاتنێکی گەرم و ئەحواڵ پرسین و خواردنەوەی چایەکی بەتام و گفتوگۆیەکی گەرم دەربارەی کۆنفرانسەکە ، من رۆشتم بۆ لای هاورێیانی دیکەی بەشداربوی کۆنفرانس کە بەدیار کۆمەڵێک ئاگر و چەند مەنجەڵیکی نیسک و چای خواردنەوە خەریک بوون کاک ئازاد هەر لای کاک نەوشیروان مایەوە. من لای هاوڕێیان قاپێک نیسکم بە نانەوە خوارد، خواردنەکە سادە و پێشمەرگانە بوو بەڵام بەڕاستی بەتام بوو، شەو بە دوو بەتانی خەتخەتی تەنک خەوتم کەمێک ساردبوو .
دانیشتنی یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکە پێشنیوەرۆی رۆژی (12) تەموز بوو بە دار و حەسیر و کورسی پلاستیک هۆڵی کۆنفرانسەکە ئامادەکرابوو ، دروشمە سەرەکیەکانی کۆنفرانسەکە بریتی بوون لە (ئەی کرێکاران و گەلانی زوڵملێکراوی جیهان یەکگرن) (بەرەو بەهێزکردنی کۆمەلە لە کۆڕی خەباتی چینایەتی) ...(بە رەو چەسپاندنی پرینسیپەکانی رێکخستن ).بە ئارمە ناسراوەکەی چەپ (چەکوش و داس) شوێنەکەیان رازاندبووەوە.
رۆژی یەکەمی کۆنفرانس سکرتێری کۆمەڵەی ئێران و سکرتێری حزبی دیموکراتی ئێران ئامادە بوون.
کۆنفرانسەکە لە سەروبەندێکدا ڕێکخرابوو کە گفتوگۆی نێوان رژێم و یەکێتی نشتیمانی کوردستان بە هۆی مەسەلەی کەرکوک و خانەقین و دەسوەردانی دەوروبەر لە لێواری تێکچوندابوو.
لە کۆنفڕانسەکەدا دکتور عەبدولرەحمان قاسمڵو بە زمانە شرین و پاراوەکەی ،وتەیەکی پێشکەش کرد ، بە شێکی قسەکانی تەرخابوو بۆ گرنگی بەردەوامبونی گفتوگۆی نێوان رژێم و یەکێتیی کە خۆی ئەندازیارەکەی بوو. دکتۆر قاسملۆ بۆ پشتیوانی لە دید و بۆچونەکانی خۆی نمونەیەکی یەکجار سەرنج راکێشی هێنایەوەو وتی : ئەگەر یەکێک قەرزاری ئێوە بوو بە (100)دینار ،حاڵیحاز و لەم هەلومەرجەدا تەنیا ( 70) دیناری ئەداتەوە، مەنتیق وایە وەریبگری و دوای ئەوە داوای (30) دینارەکەی دیکە بکەی ،نەک بڵێ یان (100) دینارەکە یان هیچ!
ئەم نمونەیەی دکتۆر قاسملۆ کە چل ساڵ لە مەوبەر بوە ، ئەوەندە راست و دروستە بۆ هەموو زەمان و مەکانێک دەشێت بەتایبەتی بۆ هەلومەرجی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان کە پێم وایە ئێستا گوێ لە دکتۆر قاسملۆ بگرین هەرگیز درەنگ نیە چونکە ئێستاش هیچ لۆجیک نیە کوردستان بخەینە ناوگیروگازی یان هەمووی یان هیچ......
هەزار درود لە روحی پاکی قاسملۆی رابەر و شەهیدی غەدرلێکراو..
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP