ڕۆژی جیهانیی شانۆ له‌ شانۆكارانی كوردستان پیرۆز بێت

حەمەی حەمەسەعی
20:44 - 2024-03-26


بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شانۆوە، پیرۆزبایی لە هەموو شانۆکارانی کوردستان دەکەین و دەستی ماندووبوونیان دەگوشین.

هەر لەم بۆنەیەدا بە چاوی ڕێز و ئەمەکدارییەوە یادی شانۆکارانی هەمیشە زیندوو دەکەینەوە کە کۆچی دواییان کردووە و ئێستا لەناوماندا نین تا ئەم یادە بکەنەوە، بەڵام ئێمە یادی ئەوان، وەک پێشەنگ و مامۆستا و ڕێبواری ڕێی دامەزراندنی شانۆ دەکەینەوە، کە لە ڕۆژە سەختەکانی باری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، شانیان دایە بەر باری دانانی بەردی بناغەی ئەم هونەرە گەورە و کاریگەرە.

هاوکات ناوی هەموو ئەو شانۆکارانە بەرز ڕادەگرین، کە بەم هونەرە، خزمەتی بزاڤی ڕۆشنبیری و ئازادیخوازی گەلەکەمانیان کرد و گیانی خۆیان لە پێشمەرگایەتی یان لە ڕووبەڕوبوونەوەی دیکتاتۆریدا بەخشی و چوونە کاروانی شەهیدانەوە.

لەم ڕۆژەدا جەخت لە پەیامی ڕاستەقینە و مرۆڤدۆستانەی هونەر بە گشتیی دەکەینەوە، کە پەیامی قبوڵ کردنی جیاوازییەکان و پایەدارکردنی ئاشتی و پێکەوەییە. ئەو پەیامەی، کە بە درێژایی مێژوو سەلماندوویەتی، هونەر، جیاوازییەکانمان جا بەهەر مانا و دەرکەوتەیەک بن، ناسڕێتەوە، یان وەکوو یەکیان لێناکات، بەڵکو کۆیان دەکاتەوە و سەرلەنوێ لە خزمەتی گەشەکردنی تاک و کۆمەڵگه‌ و مرۆڤایەتیدا، بە شێوەیەکی هونەریی دایاندەڕێژێتەوە. هونەر تایبەتمەندێتی تاک و کۆمەڵگه‌کان لەته‌ك جیهانییەتیدا لێک گرێ دەدات و دەبێتە زمانێک کە هەموو مرۆڤایەتی لێی تێ دەگات.

هونەری شانۆ لە کوردستاندا، لەپاڵ هەموو ژانرەکانی دیکەی هونەرە جوانەکاندا، قۆناغی سەختی بڕیوە و تایبەتمەندییەتی کوردی و کوردستانی وەرگرتووە، بە چەندین ڕایەڵیش خۆی گرێ داوە لە شانۆی گەلانی دیکە، بە تایبەتی لە ڕێی وەرگێڕانی دەقە شانۆییە ناودارەکان و سەرلەنوێ نمایش کردنەوەیان بە شێواز و دنیابینی خۆماڵی.

جێی خۆشحاڵیشمانە، ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە شانۆکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات چوونەتە ناو جوڵانەوەی شانۆیی ئەو وڵاتانەوە کە لە تێیاندا دەژین و تەنانەت بوونەتە کەسایەتی دیار و خاوەنی شانۆ و ئەزموون و لابۆری تایبەت بە خۆیان و خەڵاتی نێودەوڵەتی وەردەگرن.

دووبارە ئەم ڕۆژە لە هەموو شانۆکارانی کوردستان،لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، پیرۆز دەکەین.

حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
26ـی ئازاری 2024

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP