ئەنفال تاوانێکی دڕندانەی لە بیرنەکراوە

ئاراس محەمەد ئاغا
13:36 - 2024-04-14


یادەوەری کارەساتی ئەنفال، یادی تاوانێکی دڕندانەی لە بیرنەکراوە دژ بە خەڵکی کوردستان، تاوانێک کە بە ئامانجی کۆمەڵکوژی میللەتێک دەستی غەدر و کوشتنی لە ژن و منداڵ و پیر و جوانی کوردستان نەپاراست.

قۆناغەكانی ئەنفال زۆربەی ناوچه‌كانی كوردستانی باشووری گرته‌وە و بەو هۆیەشەوە( 182 )هه‌زار هاووڵاتی بێتاوانی کوردستان راپێچی مه‌رگی بەکۆمەڵ کران و لە بیابانەکانی ناوەڕاست وخوارووی عیراق زیندەبەچاڵ کران، تا ئێستاش گۆڕی زۆرینەیان نادیارە. نزیکەی پێنج هەزار گوندی کوردستان رووخێنران و پاشانی سووتێنران.

لەم یادەوەرییە تاڵەدا، گەلی ئێمە پێویستی بەیەکڕیزی و بونیاتنانەوەی گیانی پێکەوەھەڵکردن و یەک ئیرادەیی و یەکخستنی ھەموو ھەوڵ و تواناکانە بۆ رێگه‌گرتن له‌ دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵم و زۆرداری و کارەسات و مەرگەساتانەی لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا وەک تراژیدیای سەدە بەسەر خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ھات.

کەسوکاری شەھیدان و قوربانیانی ئەنفال، شایستەی ئاوڕلێدانەوە و بەدەنگەوەھاتنی زیاترن، برینی ئەوان، برینی سەر دڵی نیشتمانه‌، خواستەکانیان بۆ ژیانێکی شایستە و پێشکەشکردنی ماف و خزمەتگوزاری و گەڕاندنەوەی رووفاتی ئازیزانیان، خواستی راست و رەوانن و پێویستە حکومەتی عیراقی فیدراڵ قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و ناوچەکانیان بکاتەوە و  لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی ئەم تاوانە گەورەیە بە جینۆساید بناسێنرێت.

نەمری بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان سەربەرزی بۆ نەوە و وارس و کەسوکاری ئەنفالکراوان.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP