ئەلفرید سەمعان نووسەرو شاعیری ناسراوی عیراق كۆچی دوایی كرد

کلتور
16:30 - 2021-01-05

ئەمڕۆ سێشەممە 5-1-2021 ئەلفرید سەمعان، نووسەرو شاعیری ناسراوی عیراق لەتەمەنی 92 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

وەزارەتی رۆشنبیری عیراق لەڕاگەیەنراوێكدا پرسەنامەیەكی بۆ كۆچی دوایی ئەلفرید سەمعان بڵاوكردەوە كە ئەمڕۆ لەشاری عەمانی پایتەختی ئۆردن دڵەگەورەكەی لەلێدان كەوت. لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، كۆچكردو شاعیرو خەباتكارو روناكبیرێكی دیاربوو، لەسەردەمێكی گرنگ و هەستیاری مێژوویی عیراقدا ژیاوە و بەهۆی هەڵوێستە نیشتیمانیی و بیروباوەڕەكانییەوە چەندین جار تووشی زیندانیكردن بوەتەوە.

لە  راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بۆئەوەشكراوە، كە كۆچكردوو رۆڵی گەورەی هەبووە لەسەرۆكایەتیكردنی یەكێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عیراق، كە بەیەكێك لە جومگە گرنگەكانی مێژووی عیراق ئەژمار دەكرێت لەدوای پرۆسەی ئازادیی و رووخانی رژێمی دیكتاتۆری پێشووی عیراق.
هەر بۆ كۆچی دوایی ئەلفرید سەمعان، یەكێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عیراق لە پرسەنامەیەكدا، سەرەخۆشی ئاراستەی ناوەندی رۆشنبیریی دەكات و هاوكاری و هاوخەمی بۆ بنەماڵەكەیان دەردەبڕێت.

ئەلفرید سەمعان ساڵی 1928 لەپارێزگای موسڵ لەدایكبوە و شاعیرو نووسەری شانۆیی و پارێزەر بووە، ساڵی 1961 كۆلێجی مافی تەواوكردووەو ساڵی 1971 بڕوانامەی دبلۆمی باڵای لە بەشی پلاندانان لە پەیمانگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری دیمەشق بەدەستهێناوە.
زیاتر لە 20 كۆمەڵە هۆنراوەو چیرۆك و شانۆیی بەچاپ گەیاندووە، و ژمارەیەك توێژینەوەی رەخنەیی و نامەی زانكۆیی لەسەر نووسراوە، و كۆمەڵێك لەبەرهەمەكانیشی بۆ چەند زمانێكی زیندوو وەرگێڕدراون.
لە ساڵی 2003ەوە ئەمینداری گشتیی یەكێتیی ئەدیبانی عیراق بوو.

مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقش، سەرەخۆشی خۆی بۆ كۆچی دوایی ناوبراو راگەیاندوەو لە تویتێكدا نوسیوییەتی، ئەلفرید سەمعان زۆربەی تەمەنی خۆی لەپێناو ئازادیی و دادپەروەریی و شكۆمەندیدا تەرخان كردبوو، عیراق دارخورمایەكی باڵای لەدەست چوو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP