قوباد تاڵە‌بانی لە‌گە‌ڵ یە‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كۆبووە‌

کوردستان
18:18 - 2022-05-25

قوباد تاڵە‌بانی سە‌ردانی وە‌زارە‌تی ئە‌وقافی كرد و لە‌گە‌ڵ یە‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كۆبووە‌.

قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروبارى ئاینی کرد، بە‌ئامادە‌بوونی دكتۆر پشتیوان سادق لە‌گە‌ڵ تیمی وە‌زارە‌ت ‌و یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان کۆبۆوە.

هه‌رلە کۆبوونەوە‌كە‌دا كە‌خاتوو فێنك شەفیق بە‌ڕێوبە‌ری بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی توندوتیژی دژی ئافرە‌تان و خێزان ئامادە‌ی بوو گفتوگۆ لەبارەى ھە‌ڵكشانی ئامارە‌كانی توندوتیژی دژى ژنان و شێوازەکانی رووبەروبونەوەى کرا

 قوباد تاڵەبانی رایشگەیاند" بەداخەوە بەپێى ئامارەکان ئەو دیاردەیە لەهەرێمی کوردستان لەهەڵکشاندایە، هه‌ربۆیە پێویستمان بەهاوکارى هەمووولایەکە مامۆستايانى ئاينيش کەتوێژێکی زۆر کاریگەر و گرنگی کۆمەڵگان بۆيه‌ داواتان لێدە‌كە‌م كە‌ هاوکارمانبن لەڕووبەروبونەوەى ئەو دیاردەیه‌.

جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران وتیشی: داواكارم مامۆستایانی ئاینی رۆڵى گرنگی خۆیان ببینن لەکەمکردنەوەى توندوتیژی دژى ژنان لەناو کۆمەڵگادا وە‌ك چۆن پێشتر ڕۆڵی كاریگە‌ریان ھە‌بووە‌ لە‌وبارە‌یە‌وە‌.

قوباد تاڵه‌بانى جەختیشيكرده‌وه‌ لەسەر ئەوەى کەهەقە بەهەموومانەوە بڵێین: بەسە ئیتر هیچ شەرەفێک لەژن کوشتندا نیە.

هەر لەوبارەیەوە دکتۆر عەبدوڵڵا مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان پشتیوانی پەیامەکانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیرانی کرد و ئاماژەی بەوەشدا کە لەئاینی ئیسلامدا بەهیچ شێوەیەک ئەوە بونی نیە کەبە(غسل العار) ناسراوە ئەمەش لەزۆربەى وتارەکانی مزگەوتەکاندا ئاماژەى پێدراوە، بۆ رێگرى لەپەرەسەندنیشی پێویستە هەڵمەتێک بکەین لەدژى دیاردەى توندوتیژی دژى ژنان و زانایانی ئاینییش لەپاڵ راگەیاندنەکاندا رۆڵی خۆیان ببینن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP