هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر داگيركردنى موسڵدا تێده‌په‌ڕێت

عێراق
09:38 - 2022-06-10

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر داگیركردنی شاری موسڵدا تێدەپەڕێت و ئەمە لەكاتێكدایە كە بە هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو شارە لەلایەن تیرۆریستانی داعش كۆمەڵكوژ كران و بە هەزاران كەسی دیكەش تا ئێستا لەماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەن و هێشتا نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

ئەمڕۆ 10-6-2022 هەشت ساڵی ڕەبەق بەسەرداگرتنی موسڵ و یەك لەسەر سێی خاكی عیراق لە ساڵی 2014 لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تێدەپەڕێت.

تیرۆریستانی داعش پاش ئەوەی كە شاری موسڵیان داگیر كرد دەستیان بە كۆمەڵكوژی پیاوان و كوڕانی شارەكە و بەهەزاران كەسیان كۆمەڵكوژ كرد و بە هەزاران كچ و ژنی بۆ چەكدارانی خۆی گلدایەوە و تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان نادیارە.

دوای ئەوەی كە موسڵ داگیر كرا تیرۆریستانی داعش خەلافەتی ئیسلامیان راگەیاند و ئەبوبكر بەغدادی وەك خەلیفەی ئیسلامی دەوڵەتی عیراق و شام یەكەمین وتاری خۆی لەشاری موسڵەوە پێشكەش كرد، دواتر دوای 45 رۆژ لە راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی تیرۆریستانی داعش دەستیان كرد بە داگیركردنی ناوچەكانی تری عیراق بەشێوەیەك توانیان یەك لەسەر سێی خاكی عیراق داگیر بكەن و بخەینە ژێر ركێفی خۆیان و لەم داگیركارییەدا بەهەزاران كەس لە سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق بە كورد و عەرەب و شیعە و ئێزدی و مەسیحی كوژران و لەماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر كران و تا ئێستاش چەندین گۆڕی بەكومەڵ دۆزراونەتەوە كە بەڵگەن بۆ تاوانەكانی تیرۆریستانی داعش.

دوای كەوتنی موسڵ حكومەتی عیراق لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ كەوتنی موسڵ و ناوچەكانی تر و سزادانی ئەو كەسانەی كە موسڵ و ناوچەكانی تریان دایە دەست تیرۆریستانی داعش، بەڵام تا هەنووكە هیچ كەس لەسەر ئەو كەیسە سزا نەدراوە و ئەنجامی لیژنەكەش ڕانەگەیەنراوە.

چەند ساڵێك لەمەوبەر بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق موسڵ لەچنگ تیرۆریستانی داعش رزگار كرا و لەو رزگاركردنەدا هێزەكانی پێشمەرگە رۆڵێكی بەرچاویان گێڕا.

لەئێستاداش كە چەند ساڵێك بەسەر ئازادكردنەوەی موسڵدا تێدەپەڕێت هێشتا شارەكە ئاوەدان نەكراوەتەوە و زۆربەی دانیشتوانی ئاوارەی شارەكە لە كەمپەكاندا دەژین و لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP