ساڵیادی کۆچی دوايی ھونەرمەند و مامۆستای مەقام عەلی مەردان

کلتور
10:02 - 2022-07-24


لە ۲٤ / ٧ / ١٩٨۱ چرایەکی پرشنگداری مەقام و گۆرانی لەکوردستاندا کوژایەوە .
بۆ یادی 41 ساڵەی مامۆستا (عەلی مەردان)..
عەلی مەردان، ھونەرمەندی پایەبەرز، مامۆستای مەقامات و گۆرانی کوردی، ساڵی١٩٠٤ لە شاری کەرکووک لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی لە دایک بووە. مامۆستا، خوێندنی لە تەکیەی کەرکوک و لە لای ماموستا ساڵەح دەست پێکردوە و ھەر لەوێشەوە لە لای مامۆستای دەنگ خۆش مەلا ڕەووف فێری تەجویدی قورئان و ھەندێ مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە.
عەلی مەردان پاش ھەشت ساڵ تەکیە و شاری کەرکووکی بە جێھێشتووە و بە ماڵەوە چووە بۆ گوندی لەیلان. لەو گوندەدا تەموورە ژەنێکی بە توانا بە ناوی خدر بارام ناسیوە کە سوودێکی زۆری لێوەر گرتوە بۆ مەقاماتی کوردی، بەڵام لە دوایدا کە دەچێت بۆ بەغدا، مەقاماتی کوردی و فارسی و عەرەبی لە مامۆستایانی تری فارس و عەرەب و کوردەو فێر دەبێت و وەک شارەزایەک لە بواری مەقاماتی ناوچەکەدا جێگای خۆی ئەبینێتەوە.
ھەر لەم بارەوە مامۆستا دەڵێت: مەقاماتی کوردی سەرچاوەیەکی کوردی دەوڵەمەندن بۆ ھونەری موزیک و گۆرانی گەلانی ناوچەکە. مامۆستا عەلی مەردان جگە لە دەنگە بەسۆز و ڕەسەنەکەی شارەزای ژەنینی چەن ئامێری موزیک بووە کە خۆی ئامێری عودی زیاتر لا پەسەند بووە. ھەورەھا شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکمانی بووە شیعری زۆربە شاعیرەکانی لە دەیان بەستە‌و مەقامات دا خوێندۆتەوە. عەلی مەردان مەقام زان و داھێنەری کورد، پاش نیو سەدە خزمەتی بێووچان بۆ ئاواز و گۆرانی کوردی، لە ساڵی ١٩٨١ی زاینیدا کۆچی دوای کرد .
مامۆستا عەلی مەردان (١٩٠٤ – ١٩٧٢) لە ماوەی ژیانیدا گەلێ گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی تۆمارکردووە، ئاوازی ھەندێک لە گۆرانییەکانیشی ھێندە بەرزن،‌ بەچەند زمانێکی دی وتراونەتەوە.
شارەزایی و کارامەیی مامۆستا عەلی مەردان لە ھونەری مەقام دا ئەوەندە ئاشکرایە کە مامۆستاکانی مەقامی عێراقی عەلی مەردان بەمامۆستا و ڕابەری خۆیان دەزانن. مامۆستا عەلی مەردان کوردێکی دڵسۆز و خاوەنی ھەستێکی پاکی کوردایەتی بوو. ھەتا ڕۆژی کۆچکردنیشی، کە سوێندی بخواردایە، ھەر بە کوردستان سوێندی دەخوارد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP