وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی وه‌ڵامى شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ده‌داته‌وه‌

کوردستان
16:11 - 2022-08-03

دواى ئه‌وه‌ى شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی کوردی رادیۆی دەنگی ئەمریکا چه‌ند ڵيدوانێك ده‌دات ده‌رباره‌ى کێشەکانی پرۆسەی سیاسی عیراق و هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وه‌ڵامى ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت :
بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی کوردی رادیۆی دەنگی ئەمریکا، هەندێ لێدوانی داوە، لەسەر کێشەکانی پرۆسەی سیاسی عیراق و هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردنە. 
١/ بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا کە دەڵێ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرکەوتەی پێکهاتەی کوردە، پێویستە بەڕێزیان ئەوە بزانن پۆستەکەی بەرێزیشیان بەرکەوتەی کوردە و نەدەبوو بەو جۆرە لایەندارییە حزبییە زەقە قسە بکات. 
٢/ ئەم قسانەی بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا لەکاتێکدایە کە هەموو هێزە سیاسیەکانی عیراق بەئاراستەی چارەسەر و هێوربوونەوە کار دەکەن، ئەم قسانەی پێچەوانەی پەیامی سەرکردە باڵاکانی حزبەکەیەتی کە بۆ گفتوگۆ و چارەسەر بڵاوی دەکەنەوە. 
٣/سەبارەت بەوەی کە بەرێز شاخەوان عەبدوڵڵا چوارچێوەی هەماهەنگی بەوە تاوانبار دەکات کە نێوانی یەکێتی و پارتی تێکداوەو یەکێتی «ئیغرا» کردووە بە پۆستی سەرۆک کۆمار. هەموولایەک دەزانن کە پارتی دەستپێخەری کرد لەوەی بچێتە ناو هاوپەیمانی سێقۆلی و کێشەکانی نێوماڵی شیعە و کوردیشی قووڵکردەوەو بەبێ رێکەوتنی یەکێتی و پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرن و کاندیدی سەرۆک کۆمار تۆمار بکەن و ئەوە پارتی بوو تەماحی لەپۆستی سەرۆک کۆمار کرد کە بەرکەوتەی کورد و یەکێتی یە و تاکلایانانە لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ پۆست رێککەوتنی ئیمزا کرد بەبێ ئەوەی یەک خاڵی لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان تێدا بێت، یەکێتی هێزێکە بە هیج دەستکەوت و پۆستێک ئیغرا نابێ و رێگەی نەدا هیچ لایەنێک ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت.
٤/ لە قسەکانیدا بەرێز شاخەوان عەبدوڵڵا دەستەواژەی «کەمینە»ی بۆ یەکێتی بەکارهێناوە، ئەم دەستەواژە و دەربڕینانە بۆ هیچ هێزێکی سیاسی گونجاو نییە بەکاربهێنرێت، بەتایبەت بۆ هێزێکی وەک یەکێتی کە ژمارەی شەهیدەکانی زیاتر لە بیست هەزار شەهیدە، سیاسەت و پێگە و سەنگی یەکێتی لە عیراقدا بە قسەی هیج کەسێک نادیدە ناگیرێ. 
٥/ بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا بەناوی بەڕێزان لە ڕەوتی سەدرەوە قسە دەکات، لە کاتێکدا بەرێزیان ئێستا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانن و گونجاو نییە بەناوی کەس و لایەنی ترەوە قسە بکات. 
سەرباری ئەو جۆرە لێدوانانە، کە ناهەقین بەرامبەر بە یەکێتی، لەروانگەی بەرپرسیارێتیەوە، یەکێتی جەخت لەبژاردەی گفتوگۆ و چارەسەر دەکاتەوە لەئاستی نێوماڵی کوردی و لەئاستی هەموو هێزە سیاسیەکانی عیراق، بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییە سیاسییەکان و بنبەستی سیاسی. 

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 
٣/٨/٢٠٢٢

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP