وه‌زیری رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم: ئەرمینیا گرنگیی بە بەشی کوردی ڕادیۆی یەریڤان بدات

کلتور
21:53 - 2022-08-09


 
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك له‌ یه‌ریڤانی پایته‌ختی ئه‌رمینیایه‌، ئه‌مڕۆ له‌ دوانیوەڕۆی دووه‌م رۆژی چالاكییه‌كانی، کۆبوونەوەیەکی گرنگی  لەگەڵ  وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و زانست و خوێندنی باڵاو كولتووری ئه‌رمینیا سازکرد.  

هه‌ر له‌ درێژه‌ی كارنامه‌ی سه‌ردانی شاندی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بۆ ئه‌رمینیا، دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (9ی ئاب/ ئۆگێستی 2022)، شانده‌كه‌ سه‌ردانی دیوانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و زانست و خوێندنی باڵاو كولتوری كرد و له‌ لایه‌ن ڤه‌هرام دۆمانیان وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و بریكارانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ پێشوازی لێكرا.

له‌کۆبونەویەکی ھاوبەشدا، لایه‌نی ئه‌رمینیا په‌رۆشی خۆیان بۆ كاری هاوبه‌ش ده‌ربڕی و سوپاسی شانده‌كه‌ی كرد، كه‌ سه‌ردانی مۆنۆمێنتی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نیان كردووه‌.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ په‌یوه‌ندی كولتووری نێوان گه‌لان كرد و هاوتا ئه‌رمه‌نییه‌كه‌ی بانگهێشت كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌خت بكات، هەروەها بەڕێزیان داوایکرد حکومەتی ئەرمینیا گرنگی بە بەشی کوردی ڕادیۆی یەریڤان و ڕۆژنامەی ڕێیا تازە بدەن و هه‌ردوولا دیارییان وه‌ك ئاماژه‌ی دۆستایه‌تی پێشكه‌شی یه‌كدی كرد.

له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی چالاكییه‌كانی شاندی باڵای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی خزمه‌تگوزاری پاراستنی ژینگه‌ی مێژوویی و مۆزه‌خانه‌ی كرد و دواتریش سه‌ردانی هه‌رێمی "ئارمیڤان"یان كرد و په‌رستگه‌ی "زیاره‌ت"ی ئێزدییانی ئه‌رمینیایان به‌سه‌ركرده‌وه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP