جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌و پێشنیازه‌ی كراوه، گوایه سیستمی هه‌ڵبژاردن نیوه‌ی بكرێته یه‌ك بازنه‌و، نیوه‌كه‌ی دیكه بكرێته فره‌بازنه‌یی بۆ هه‌رێمی كوردستان گونجاو نییه، ده‌شڵێت، جه‌خت له فره‌بازنه‌یی ده‌كه‌نه‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، پێشنیازكراوه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نیوه‌ی بكرێته یه‌ك بازنه‌و، نیوه‌كه‌ی دیكه بكرێته فره‌بازنه‌یی و، یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌و میكانیزمه هه‌مواربكرێته‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه لوقمان وه‌ردی، جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی (ی.ن.ك) له‌په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌و پێشنیازه‌ی باسی لێوه‌كراوه نامۆیه‌و، تائێستا نه‌خراوه‌ته به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام ئێمه پێشتر كه پرۆژه یاسامان پێشكه‌شی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كردووه، داوامانكردووه هه‌رێمی كوردستان بكرێته چوار بازنه‌و، كورسیی پێكهاته‌كان به‌سه‌ر سه‌رجه‌م بازنه‌كاندا دابه‌شبكرێن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، هه‌موو پێشنیازێك له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه، ده‌كرێت گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر یه‌ك بازنه‌یی و فره‌بازنه‌یی گونجاو نییه‌و، ئه‌و پێشنیازه بۆ هه‌رێمی كوردستان نامۆیه.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP