قوباد تاڵەبانی پێشوازیکرد لەکریستیان کامبۆن سیناتۆر لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا

کوردستان
17:40 - 2022-10-01

قوباد تاڵەبانی و وەفدێکی فەڕەنسا پێکەوە باسی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێم وعێراق و ناوچەکەیان کردو جەختیان لە گرنگی رەخساندنی دیالۆگی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان کردەوە.

قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، ئەمڕۆ شەممە 1ى10ى2022، پێشوازیکرد لەسیناتۆر کریستیان کامبۆن سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگرى و هێزە چەکدارەکان لەئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا. 

لەو دیدارەدا کە لەمەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) لە هەولێر بەڕێوەچوو و ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ کونسولى فەرەنسا ئامادەیبوو، گفتوگۆکرا لەبارەى دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی عێراق و هەڕەشەکانی سەر پرۆسەى سیاسی و هەوڵی لایەنەکان بۆ دۆزینەوەى رێگەچارەی پێویست. لەو بارەیەوە، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان پەنابەرنە بەر دیالۆگی نیشتمانی و داڕشتنی سیاسەتێکی حوکمڕانی چاکساز لەپێناو بەرژەوەندی وڵات دا. 

لەو چوارچێوەیەشدا ووردەکاری هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە لەبەر رۆشنایی کاریگەرییە دەرەکییەکان گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بەتایبەت بۆردوومانەکانی ئەم دواییەى ئێران بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داواى کرد کە؛ فەرەنسا رۆڵ ببینێت لە پاراستنی سەقامگیری هەرێمی کوردستان لەڕێی کەناڵە دیپلۆماسییەکانییەوە.

سەبارەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی چاکسازی، وەفدى میوان دەستخۆشیان لەهەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی بوارى حکومڕانی و چاکسازی لەسەرجەم جومگەکانی حکومەت و بەرێوەبردندا، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP