هانی عه‌قابی وه‌زیری ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "رێوشوێنی خۆپارێزی له عێراق به‌رده‌وامیان هه‌یه، سه‌ره‌ڕای لاوازی پابه‌ندبونی هاوڵاتییان به‌و بڕیارانه‌ی كه ده‌رچون، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و كارمه‌نده‌كانيشى توانیان كۆنترۆڵی نه‌خۆشییه‌كه بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ئێستادا رێژه‌ی مردن به ڤایرۆسی كۆرۆنا له عێراق له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا له‌نزمترین ئاستدایه".
وه‌زیری ته‌ندروستی جه‌ختیشیكرده‌وه، "ئه‌و بره ڤاكسینه‌ى له‌به‌رده‌سته گونجاوه، له‌گه‌ڵ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیش هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ین بۆ دابینكردنی بڕێكی زیاتر له ڤاكسین.
پێشتریش ئه‌حمه‌د زویتن نوێنه‌ری ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له عێراق پشتڕاستیكرده‌وه، رێكخراوه‌كه‌یان ڕاسپارده بڵاوده‌كاته‌وه بۆ ئاسانكاری زیاتر له ڕێكاره‌كانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ په‌تای كۆرۆنا و وتیشی،" سه‌باره‌ت به عێراق له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی په‌تاكه‌دا ده‌ره‌نجامی به‌هێزمان به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام هێشتا كۆتایی نه‌هاتوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌گه‌ری توشبون به ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌یه، بۆیه چاوه‌ڕێی ماوه‌یه‌ك ده‌كه‌ین تا تێپه‌ڕێت، بۆئه‌وه‌ی بتوانین راسپارده بده‌ین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیاتر له رێكاره‌كانی خۆپارێزی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ژماره‌ی توشبوان زیاد بكات له زستاندا دوای ئه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وا ده‌گۆڕێت و سارد ده‌بێته‌وه".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP