قوباد تاڵەبانی و کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا کۆبوونەوە

کوردستان
16:01 - 2022-10-06


قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئێرڤن هیکس کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان، لەدیدارێکدا بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا بەتایبەت لەبواری بازرگانی تاوتوێ کرا.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ڕۆژی پێنج شەممە ٦ی ئۆکتۆبەری 2022 لەبارەگای مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) لەهەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی و کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا، بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق-یان باسکرد و بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عێراق، هەردوولا هاوڕابوون بەڕێگای گفتوگۆ و دانوستان چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، بەشێوەیەک رێگەنەدرێت ناکۆکییەکان ووڵات بەرەو ناسەقامگیری زیاتر ببات.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا، گرنگی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا باسکراو، لەمبارەیەوه سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال داوایکرد پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا بدرێت بەجۆرێک هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بدرێت وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمدا بکەن و پەیوەندیش لەنێوان ژووری بازرگانییەکانی هەرێم و ئەمریکا دروست بکرێت.

لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا پشتگیری تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانیشی کرد بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزانی و داواشیلێکرد لەو بوارەدا بەردەوام بێت و رۆڵی کاریگەر و ئەرێنی خۆی بگێڕێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP