ژمارەی توشبووانی نەخۆشی سیل لە جیهاندا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە

تەندروستی
21:19 - 2022-10-30

ژمارەی توشبووانی نەخۆشی سیل لە جیهاندا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و لە ئێستادا لە بەرزترین ئاستیدایە لەماوەی 20 ساڵی رابردودا و بەهۆی ئەوەشەوە هۆشداری جیهانی دەدرێت.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویكردووەتەوە، لە ساڵی 2021دا ژمارەی توشبووانی نەخۆشی سیل لە جیهاندا گەیشتووەتە 10 ملیۆن و 600 هەزار كەس و بەو پێیەش بەراورد بە ساڵی پێشووی 4.5% زیادی كردووە.

لای خۆیەوە دكتۆر "لوسیكا دیتیۆ" بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئەنجومەنی هاوبەشی لەناوبردنی سیل وتویەتی، ئێستا ئاشكرایە كە روبەڕووی بارودۆخێكی زۆر مەترسیدار بوینەتەوە سەبارەت بە نەخۆشییەك كە بەهەوادا دەگوازرێتەوە، بەڵام زۆر بێباكانە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەهۆی ئەوەی لەماوەی دوو ساڵی رابردودا تەشەنەی كردووە.

وتوشیەتی، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی توشبووان و گیانلەدەستدان بە سیل زیادی كردووە، بەڵام ساڵانی 2020 و 2021 ئەو پارەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دانراوە بە تەواوەتی كەمكراوەتەوە، ئایا هۆكارەكەی ئەوەیە كە حكومەتەكان گرنگی بە گەلەكەیان نادەن؟، یاخود ژیانی ئەوانەی بە سیل دەمرن گرنگ نییە؟

نەخۆشی سیل بەكتریاییە و بەوە ناسراوە لە رێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە و دەچێتە سییەكانەوە، دەتوانێ چەند ساڵێك بەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی كێشەی تەندروستی دروست بكات، بەهۆی ئەوەشەوە دەستنیشان كردنی ئەستەمە لە هەندێك حاڵەتدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP