ڕاگەیەنراوێک لە دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم سەبارەت بە زمانی کوردی

کوردستان
22:27 - 2022-11-23

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم سەبارەت بە زمانی کوردی ڕاگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى :
دوای لادانی زمانی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوک، ئێمە وەک دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەستبەجێ تەواوی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانمان لە بەغدا لەگەڵ ھەموو ئەو لایەنانەی کە پەیوەندیان ھەیە بەم کارە نادەستوورییە ئاگادارکردەوە، خۆشبەختانە دوای ھەوڵ و کۆششی فڕاکسیۆنە کوردییەکان و بەدەنگەوەھاتنی حکومەتی نوێی عێراق، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا زمانی کوردی بگەڕێنێتەوە سەر نووسراوە فەرمییەکان، وەک ئەوەی لە مادەی چواری دەستووردا ئاماژەی پێ کراوە.

وەک دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێمان وایە لە هەر کات و شوێنێک دوور لە موزایەدە، گیانی بەرزی نیشتیمانی زاڵ بووبێت لەو شوێنەدا گەلەکەمان لە بەدیهاتنی ئاواتەکانی نزیک بۆتەوە، ئەم هەوڵەش دەرئەنجامی خەباتی پێکەوەییمانە، بەهیواین بۆ داهاتووش بەری خەباتی هاوبەشی کۆی فراکسیۆنەکانمان لە بەغداد دواخاڵەکانی کارنامەی بریار لێ دراوی بەڕێز سودانی بەدیبهێنێت.

لە لایەکی ترەوە ئەم ڕاستکردنەوەیە وەک دەستپێکێکی باش دەبینین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی تر و جێبەجێکردنی تەواوی کارنامەکەی سەرۆک وەزیران بەڕێز محمد شیاع سوودانی و بە پێویستیشی ئەزانین سوپاسی وەزارەتی تەندروستی عێراقیش بکەین کە دەستووریان کرد بە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP